یەكێتی دەگاتە رێككەوتنێكی هاوسەنگ؟

كاوسێن بابەكر 18/02/2017

یەكێتی هەموو هەوڵەكانی خستۆتەگەڕ بۆ ڕزگاركردنی هەرێم لەم دۆخە چەقبەستووە، بۆ ئەوەش سەرەتا دەستیكردووە بە تۆكمەكردنەوەی ڕیزەكانی خۆی‌و دوای كۆنەبوونەوەی مەكتەبی سیاسی بۆ ماوەیەكی زۆر، لە هەفتەی رابروو  دوو كۆبوونەوەی لەسەریەك ئەنجامدا،  كە پێدەچێ هەر دوو كۆبوونەوەكە سەركەوتوبووبێ، چونكە بەچەندین بڕیارو ڕێنمایی‌و نەخشەڕیگایەك بۆ چارەسەری كێشەكان، كۆبوونەوەكانی كۆتایی پێهێناو بڕیاریشە سەرەتای ئەم هەفتەیە  ئەنجومەنی سەركردایەتی بۆ پاڵپشتی بڕیارەكان كۆببێتەوە.

یەكێتی پێچەوانەی ئەو ڕەخنانەی لێی دەگیرێ كە گوایە لەنێوان ڕێككەوتن لەگەڵ پارتی لەلایەك‌و لەلایەكی تر گۆڕان بەرچاوی تەمومژاویەو خۆی بۆ ساغ ناكرێتەوە! ڕاستیەكەی پێچەوانەی ئەمە ڕاستە، یەكێتی زۆر باش دەزانێ چی دەكات‌و هەر لەسەرەتاوە لەسەر زاری هەڤاڵانی دەستەی كارگێڕو قسەكەری مەكتەبی سیاسی، رایگەیاندووە كە؛ بەدوای ڕێكەوتنێكی هاوسەنگەوەیە، هاوسەنگ لەڕووی سیاسی‌و ئیداری، هاوسەنگیەك سەنگی یەكێتی لەڕووی مێژوویی، سیاسی، سەربازی، دیپلۆماتی، لەسەر ئاستی ناوخۆو ناوچەكەو دەرەوە لەبەر چاوبگرێ، پاشان ئەم رێككەوتنە لەپێناوی چاككردنی دۆخە سیاسی ئابورییەكەدا بێ‌و  باری لاری حكومەت ڕاستكاتەوەو ژیان بە بەر بازاڕدا بكاتەوەو گوزەرانی خەڵكی كوردستان، بەتایبەت مووچەخۆران ببوژێنێتەوە.

بەڵام لەلایەك ئەوە هێندێك لەهەڤاڵانمانن لەناو گۆڕان دەیانەوێ بڕیارەكانی یەكێتی كۆپی بڕیارەكانی ئەوان بێ‌و بەردەوام گومان لەهەموو جوڵەیەكی یەكێتی دەكەن، لەلایەكی تر هێندێك لەهەڤاڵانی پارتی سەنگی ڕاستەقینەی یەكێتی‌و دۆخی هەستیاری هەرێم‌و ناوچەكە جوان ناخوێننەوەو لێكدانەوەی هەڵەی بۆ دەكەن‌و  لەبەرزیەوە دەڕواننە دۆخی سیاسی هەرێم‌و ڕۆلی پارتە سیاسیەكانی كوردستان، یەكێتیش بەهیچ كلۆجێك ناچێتە ژێر باری لاری بڕیارەكان‌و جگە لە رێككەوتنی هاوسەنگانە لەگەڵ پارتی‌و چ لەگەڵ گۆڕان بەشتێكی تر ڕازی نابێ. ئەوەش بۆ ئەوانیش‌و بۆ ڕزگاركردنی هەرێم لەم دۆخە ناهەموارەش باشەو یەكێتیش چیتر ناتوانێ چاو لەڕووداوەكان دابخاو بەئەركی خۆی دەزانێ فریای دۆخەكە بكەوێ‌و  ئەوەش بەهاوكاری هەموو پارتە سیاسیەكان بەتایبەت پێنج پارتەكە دێتەدی، دەشتوانم بڵێم كە هەم هەڤاڵانی پارتی‌و هەم هەڤاڵانی گۆڕان لەجاران باشتر  لەگەڵ دۆخەكەدا سەرەدەر دەكەن‌و بەدەم یەكێتیەوە دێن بۆ چارەسەری كێشەكان.