میدیای خەڵک و ئازادی رادەربڕین

کوردستان پێش 2 هەفتە

د. کاروان عەلی: ئێستا لە رێگەی زیرەکی دەستکردەوە دەزانرێت رای زۆرینەی خەڵکی کوردستان لەسەر کێشەکانی هەرێم و بەغداد چیە؟
سۆشیال میدیا دەرفەتی بۆ نەزانەکانیش رەخساندوە کە قسە بکەن

ئەمڕۆ 27/4/2024  لە هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی لەتۆڕی ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر، سیمینارێک بەناونیشانی (میدیای خەڵک و ئازادی رادەربڕین: دەرفەت و بەربەستەکان) بۆ نوسەر و مامۆستای زانکۆ د. کاروان عەلی بەڕێوەدەچوو.
لە سەرەتادا ناوبراو بە کورتی ئاماژەی بە مەسەلەی میدیای خەڵک کرد کە ئەو پێیوابوو ئەو میدیایەی ئێستا هەیە، بەهۆی ئینتەرنێت و تەکنەلۆژیای پەیوەندیەوە بۆتە میدیای هەموو خەڵک و لەو چوارچێوەیەدا نەماوە کە پێشتر میدیا لای کۆمەڵە کەسێکی نوخبە بوە، هەر بۆیە ئەمەش دەرفەتی یەکسانی بۆ هەموان رەخساندوە قسە بکەن و بۆچونی خۆیان لەسەر بابەتەکەان بخەنەڕوو، واتا دەتوانین بڵێین ئەم میدیایە کاریگەری لەسەر فراوانیبونی ئازادی رادەربڕین هەبوە، ئەگەرچی ئاڵنگاری و کێشەی زۆری لەگەڵ خۆیدا هێناوە بە تایبەتی بەهۆی پێشکەوتنی زیرەکی دەستکرد.
هەر سەبارەت بە دیموکراسی و ئازادی رادەربڕین، د. کاروان باسی لەوەکرد، کە هەر وڵاتێک بیەوێت دیموکراسی بێت، ئەوا دەسەڵات خۆی دەبێت کایەکانی ئازادی رادەربڕین فەراهەم بکات، هەر ئەمەشە کە فەیلەسوفێکی وەکو هابرماس لە بابەتی کایەی و ژینگەی گشتیدا باسی لێوە دەکات کە هەموان دەبێت دەرفەتی ئازادانەیان بۆ قسەکردن و ئازادی رادەربڕین هەبێت.
د. کاروان لەسەر ئەوەی ناویبرد بە میدیای خەڵک کە خۆی لە سۆشیال میدیا و میدیای ئەم سەردەمەدا دەبینێتەوە، ئاماژەی بەوەکرد ئەم میدیایە دەرفەتی بۆ کەسانی وەکو ژن و کەمایەتیە نەتەوەیی و دینیەکانیش رەخساندوە قسە بکەن و بۆچونی خۆیان بخەنەڕوو، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئاسانکاریانەی ئینتەرنێت لەڕووی تێچوو و بەکارهێنانەوە هەیەتی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەر لەناو ئەم میدیایەدا کۆمەڵێک بەربەست بۆ ئازادی رادەربڕین دروستبوە، کە ئەویش خۆی لە تیرۆری فکریدا دەبینێتەوەو ئەمە وایکردوە کەسە زانا و زیرەک و بەهرەمەندەکان دوربکەونەوە لە قسەکردن و نەزانەکان بێنە مەیدانەکەوە. وتیشی: سۆشیال میدیا دەرفەتی یەکسانی بۆ کەسی نەزان و بێ مەعریفە رەخساندوە.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، ناوبراو باسی لە کاریگەریەکانی (زیرەکی دەستکرد) کرد لەسەر ئازادی رادەربڕین، لەوبارەیەوە ئاماژەی بەوەکرد کە پێشکەوتنەکانی بواری زیرەکی دەستکرد وایکردوە، مرۆڤەکان وەکو ئەوەی کە هەن نەتوانن بیربکنەوەو قسەی خۆیان بکەن، بەڵکو زیرەکی دەستکرد رێکار و رێبازەکانی بۆ دەستنیشانکردون و ئەوان تەحکوم بەوەوە دەکەن کە ئەم مرۆڤانە چی زانیاریەکیان پێ بگات و چۆن کاریگەرییان لەسەر دروست بکەن، بۆیە پێموایە ئازادی رادەربڕین لە سەردەمی زیرەکی دەستکردا لە مەترسیدایە، بەهۆی زیرەکی دەستکردەوە تەواوی ژیان و تەنانەت شوێنەکەشت دەزانن و کۆنترۆڵت دەکەن، بو نمونە لە رێگەی زیرەکی دەستکرد دەزانرێت رای خەڵکی کوردستان لەسەر کێشەکانی بەغداد و هەرێم و کێشە سیاسیەکانی دیکەوە چیە، جاران قورس بوو ئەم بۆچونانە بزانن، بەڵام ئیستا زیرەکی دەستکرد هەموو ئەوانەی ئاسان کردوە.
دوای تەواوبونی قسەکانی د. کاروان، ئامادەبوانی سیمینارەکە بە سەرنج و پرسیارەکانیان گفتوگۆی بابەتەکەیان کرد.