فایلی سپی و سوور دانووستانەكانی تاران و نێچیرڤان بارزانی
ئەنوەر
حسێن (بازگر)
نێچیرڤان بارزانی، كارەكتەری یەكەمی دیپلۆماسی كوردستان، بە سەردانێك لە
تارانە؛ بۆ كۆمەڵێك فایلی هەستیار و گرنگ.
بارزانی كە بە كارەكتەری كردنەوەی گرێ كوێرەكانی (ناوخۆی كوردستان بە
تایبەتی زۆنی زەرد - سەوز)، (هەولێر - بەغدا) و (هەولێر – ئەنكەرە و تاران)
دەناسرێت.
لەم سەردانەدا فایلەكانی بارزانی بۆ دووجۆر (سپی و سور) ڕیزبەند كراون؛
فایلە سپییەكان كە بارزانی دەیەوێت ئامانجەكانی بەدەست بێنێت كە ئەمانەن:
یەكەم: پرسی دواخستنی
هەڵبژاردنەكانی (10)ی حوزەیرانی كوردستان كە تاران دەتوانێت عێراق و یەكێتیش ڕازی
بكات.
دووەم: پرسی دادگای
فیدراڵی، مووچە و بودجە، تاران دەتوانێ بەغدا ناچار بكات دەست بە كۆتایهاتنی
فشارەكانی بكات لەسەر هەولێر و ڕێگاچارەی نوێ دەستپێبكات.
سێیەم: ڕاگرتنی هێرشی
مووشەكی و درۆن بۆسەر (ماڵی سەرمایەدارەكانی نزیك پارتی، فڕۆكەخانەی هەولێر، هەریر،
غازی كۆرمۆر...) بەنیەت باشی نیشاندانی بارزانی، بۆ بنەبڕكردنی گەلەیی و
ناڕەزایەتییەكانی ئێران، كە فاكتی خستوەتە بەردەست بارزانی.
چوارەم: بارزانی
بەرچاوڕوونی دەوێت، ئاخۆ هەڵوێستی تاران سەبارەت بە پرسی (PKK)
چییە؟ لە ئۆپەڕاسیۆنی هاوینەی ئەنكەرە؟
سەبارەت بە دیوی دووەمی سەردانەكە (فایلی سور) كە تاران ئامادەیكردوە لە
بارزانی داوا دەكات ئەوانیش:
یەكەم: جێبەجێكردنی
كرداری ڕێككەوتنی ئەمنی نێوان (تاران - هەولێر - بەغدا) بۆ داخستنی كامپەكانی
(زڕگوێز - كۆیە)ی كۆمەڵە و دیموكرات، ناردنیان بۆ (كامپی بێ چەك) یان دەوڵەتی
سێیەم و ڕادەستكردنی (40) لە كەسە یەكەمەكانیان. ڕاگرتنی هەموو هەوڵێكی میدیایی لە
میدیاكانی كوردستاندا.
دووەم: كۆتایهاتن بەو
گومانانەی تاران هەیەتی لە بوونی جموجۆڵی موسادی ئیسرائیل و كۆتایهانن بەو
گومانانە.
سێیەم: دووباركردنەوەی
هاوپەیمانی هاوشێوەی ڕابردوو (سەدر – حەلبووسی - بارزانی) كە بوە هۆی كەرتكردنی ماڵی
شیعی.
چوارەم: ڕاگرتنی
پارسەنگی سیاسی، دیپلۆماسی، سەربازی نێوان (تاران و ئەنكەرە) لەلایەن هەولێرەوە.
ئەم دوو فایلە (سپی و سور)ە لە تاران دەگۆڕدرێنەوە، هەردوولاش، جێبەجێیان
دەكەن، پێشوازی (خامنەیی، ڕەئیسی قاڵیباف)یش ئاماژەن كە سەردانەكەی بارزانی
سەركەوتوو دەبێت و لانیكەم بۆ ئەم سەردەمە دەتوانێت تاران یارمەتیدەر بێت – گەر كەسانی
تر لە بارزانی تێك نەدەن – چونكە دوای هەڵبژاردنەكان ڕەنگە دیزانینی هەرێم
بگۆڕدرێت و ئاڵوگۆڕ بە داشەكان بكرێت و یەكێتی نیشتیمانیش، پێدەچێت چرای سەوزی بۆ
سەردانەكەی بارزانی بۆ تاران و ڕازیبوون بە هەنگاوەكانی نیشانبدات لە بەرامبەردا پارێزگاری
كەركوكی ئێستا و سەرۆكی هەرێمی داهاتووی كوردستان.