بۆ بە ڕاستییەكان قەڵس دەبن؟
لەدامێنی وتارەكەی مەلا بەختیاردا، وەڵامێك بۆ ئاسۆ حاجی

كاوسێن بابەكر 05/11/2017

تەنگەنەفەسی هێندێك لەقەڵەم بەدەستانی پارتی گەیشتۆتە ڕادەیەك، ووتارێكی كاك بەختیار كە زۆر بەرپرسیارانەو خەمخۆرانە نوسراوەو داوای كردووە كە تۆماری یەكتر تاوانباركردن بپێچرێتەوە، وەك چۆن بەدرێژایی مێژوو یەكترمان تۆمەتباركردووەو لەكۆتاییشدا ئەو مێژوەمان بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەی سیاسیمان پێچاوەتەوە، ئاماژەشی بە بەشێك لە روداوە گرنگە پڕ هەڵەو پەڵەكان داوە، وەك كەسێكی ئاگاو شاهیدی ڕووداوەكان‌و  قەتماغەكەی لاداون بەكارەساتی 31  ی ئابیشەوە! كەچی ئاسۆ حاجی سەرەڕای دان پێدانان بە بابەتی بوون‌و خەمخۆری كاك بەختیار بۆ یەكڕیزی‌و تەبایی كە دوای شكستی سەربازی هەڕەشەی شكستی سیاسیشمان لەسەرە، لە گوتارەكەدا لەسەر 31  ئاب كە دیارە ئازاریداوە هاتۆتە وەڵام‌و، 16 ی   ئۆكتۆبەر بەخیانەتێكی گەورەترو بڤەتر دەداتە قەڵەم!
كاك بەختیار زۆر جوان روونی كردۆتەوە   (نە ئەوانەی پێش لێكۆڵینەوە، بڕیاری خیانەتیان داوە، بڕیارەكانیان بۆ دەچێتەسەرو نە ئەوانەش كە بە كاردانەوەی نابەجێ‌ بەرامبەر پارتی، دەتوانن هەڵەكانیان دابپۆشن). یەكێتی لەكۆبونەوەی سەركردایەتیدا لێكۆڵینەوە لە ڕوداوی 16  ئۆكتۆبەر دەكات، بەڵام خۆ هەر ئەو ڕوداوە نەبوو ئەی بەدەستەوەدانی زیاتر لە (30.000 كم)  چوارگۆشە لە (بای حەسەن‌و  هاڤاناوە بیگرە بۆ مەخمور، گوێڕ، سەدی موسڵ، شنگال، ڕەبیعە ..هتد) كە هێزەكانی پارتی لێبوون بەچی ناودەنێی؟
ئەی تەسلیمكردنی شەنگال لە 2014 دا،  كە زیاتر لە 6000  كچ‌و ژنی روسوری ئێزدی بەتاڵانبران‌و بڕیاردرا لێكۆڵینەوە بكرێت‌و نەكرا!
كاك مەسعود لە كۆتا گووتاریدا چاوەڕێمان دەكرد لاپەڕەیەكی نوێ هەڵبداتەوەو هەموان بۆ یەكڕیزی‌و  بە هێزكردنی سەنگەری بەرگری هاندا، دێت‌و  چاو لە هەڵەی نەبوونی ستراتیژو پێداگری بێ بنەماو قبوڵنەكردنی بەدیلەكان بەداوای یەكێتیشەوە بۆ قبوڵكردنی نامەكەی تیلەرسن، دەپۆشێ‌و سەرجەم تاوانەكە دەخاتە پاڵ چەند كەسێكی یەكێتی گوایە خەنجەری ژەهراویان لەپشتی پێشمەرگە داو بێ ئەوەی هیچ دادگایەك یان لیژنەیەك تەنانەت هێشتا یەكێتیش لێكۆڵینەوەی تێدا نەكردوە، ئەو حوكمی یەكلایەنەدەردەكات!
سەرەراش یەكێتی بەخاتری نەترازان‌و یەكڕیزی درێژە بەپشتیوانیكردنی  دەدات بۆ ڕیفراندۆمەكە‌و  بارزانی!.
ئەوە كەسانی وەك فریدریك ئیسۆی ڕاوێژكارو كاك ئاسۆحاجین كە بەردەوام بە قسەو هەنگاوەكانی بارزانیدا هەڵدەڵێن‌و بەهەڵەی دا دەبەن، فەرموو سەیری نوسینەكانی ئەم بەڕێزەكەن كە پێش ڕیفڕاندۆم نوسراون‌و تەنانەت نەخێرو ڕەخنەكانی ئەمریكاو توركیاش بە بەڵێ تەرجەمە دەكات!
بڕوانە بابەتێكی بەناونیشانی{توركیاو ئەمریكا نەخێرەكانیان تامی بەڵێ دەدەن} كە لە 8/25 دا  بڵاویكردووەتەوە!!

16 ی ئۆكتۆبەرو 31 ی  ئاب‌و جیاوازییەكانیان
حاجی دەیەوێ نەك پێكیان بچوێنێ، بەڵكو 16 ی ئۆكتۆبەر    بە كۆتایی خەونی سەربەخۆیی هێنان وەسف بكات‌و  31 ی ئابیش هیچ نییە لە گێڕانەوەی هاوسەنگی نەبێ!
* 16 ی ئۆكتۆبەر بڕیاری یەكێتی نەبووە لێكۆڵینەوەشی تێدا دەكرێ.
* بڕیاری 31 ی  ئاب لەسەر داوای خودی بارزانی‌و بەبڕیاری ئەو جێبەجێكرا!
* 16 ی ئۆكتۆبەر هەر لە یەك شار‌و ئەویش لە كەركوكدا ڕویدا، بەڵام شەڕیش كراو هەر یەكێتیش كردی‌و چەندین شەهیدی قاڕەمانیشی بەخشی، ئەوە هێزەكانی پارتی بوون هاڤاناو بای حەسەنیان بەجێهێشت بەبێ شەڕ!
* 31 ی هەموو كوردستانی گرتەوەو چەكدارەكانی پارتی بەسواری دەبابەكانی حكومەتی بەعس خەڵكیان راوناو دڵیان بەم هەموو كوشتارە ئاوی نەخواردەوە ئەگەر بۆیان كرابا دەهاتنە سەر سنورەكانیش كە ژن‌و  منداڵی پێشمەرگە پەنیان بۆ بردبوو!
* زیانی گیانی‌و ماڵی 16 ی  ئۆكتۆبەر بەراورد ناكرێ بە سەدان شەهیدو سەدان دیل‌و بێ سەرو شوێن  لە پێشمەرگەی هەردوولاو خەڵكی سیڤیل‌و ئەو هەموو راو و روت‌و تاڵانیەیی هێندێك لە هێزەكانی پارتی كردیان!

دەڵێ لە 31 ی ئاب دەستێوەردانی دەرەكی نەبوو، بەڵام 16 ی  ئۆكتۆبەر دوژمنان لە هەموو لایەكەوە دەتسوەردانیانكرد!، تەواو بەپێچەوانەوە 16 ی  ئۆكتۆبەر تەنها بەغدا هێزی جوڵاند، بەڵام 31  ی ئاب هێزی فاشستی بەغدا ئەو هێزەی ئەنفال‌و كیمابارانیكرد هاتەوە كوردستان پاشان هێزەكانی توركیا هاتن لە هاواری پارتی ئەوە پێشوتریش 93 – 96  ئێران بە دەنگی ئیسلامییەكان‌و پارتیەوە هات بۆ سەر یەكێتی!
سەرەڕاش یەكێتی دەستی هیچ هێزێكی نەگرت بۆ سەر وڵاتەكەی خۆی!
كاك ئاسۆ باشتر بوو قسەكەی كاك بەختیار قبوڵ بكەی كە نووسیویەتی باقەتماغەكان هەڵنەدەینەوەو، دەڵێ؛ (لە ناو ئەم روداوەدا، دەستەواژەی خیانەت، هەم لەهەستی خۆرسكی خەڵك‌و هەم بە كۆنەقین، بەفراوانی بەكاردێت. كە پێمانوایە، نە مەرامی سیاسی بەكارهێنانی دەستەواژەی خیانەت‌و نە بەرگری كوێرانەش، خزمەتی دەرخستنی راستییەكان، سەبارەت بە روداوەكە، ناكەن. بەڵكو مەترسیی لێكترازان زیاتر دەكات)! پاشان نمونەی شۆڕشی ئەیلول دێنێتەوەو جوامێری بارزانی‌و ئیبراهیم ئەحمەدو  مام جەلال باسدەكات كە نەیانهێشت كێشەكان بەردوام بن (روداوێكی وەكو بەیاننامەی ئازار بەس بوو، بەدوربینیی رەوانشادان بارزانی‌و ئیبراهیم ئەحمەدو مام جەلال‌و هاوڕێكانیان، كۆتایی بە جیابونەوەیەكی خوێناوی بێنێ‌‌و لاپەڕە رەشەكانی یەكتر بە خاین لەقەڵەمدان دابخرێت). ئێستاش بە كاك حاجی‌و  ئەوانی تر دەڵێم؛ ئێمە نوسەران‌و ڕۆژنامەنووسان ئۆباڵێكی گەورەی مێژووییمان لەسەر شانەو با قەڵەمەكانمان بۆ كەمكردنەوەی درزەكان‌و گەشەدان بە گوتاری بەرپرس‌و  نیشتمانی بێ‌و لە خزمەتی سەرجەم پرۆسەی سیاسیدا بێ، بەریتەنگانان كورتەو ڕۆژانی زۆر خراپترمان بەسەردا هاتووەو سەركەوتن‌و سەرفرازی نزیكەو گیانی ڕیفراندۆم لە ناو ئێمەدا هەر دەژی‌و ئەو گەلە دەبێ هەر بگات بەسەربەخۆیی، چونكە تەنها سەربەخۆیی‌و دەوڵەتی كوردی دەبێتە فاكەتەری ئارامی ناوچەكە.