راشكاوی له‌گه‌ڵ هاوشاریهكانم (له‌مه‌ڕ سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی و ناوچه‌كه و كوردستان)
مەلا بەختیار
به‌یانی ئه‌مڕۆ (21/4/2024) زیاتر له (30) هاوشاری دڵسۆز و تێكۆشه‌ری خانه‌قینم، سه‌ردانیان كردین و به‌خۆشحاڵیه‌كی زۆره‌وه، له‌ناو خه‌یاڵاتی یادگاریه‌كانی حه‌فتاكان، كێشه‌كانی خانه‌قین، هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌كانی پڕاوپڕ له شانازی نیو سه‌ده‌ی رابوردوی به‌ره‌نگاری ته‌عریب.. دانیشتنێكی دۆستانه‌مان كرد و بهئهركم زانی، دوور له كۆبونه‌وه‌ی ره‌سمی و زمانی دیپلۆماسیه‌تی به‌رپرسان، توێ توێ ناخی خۆمیان بۆ بكه‌مه‌وه. بێ ته‌مومژ بۆچونه‌كانم له‌سه‌ر دۆخی نێوده‌وڵه‌تی، كوردستان، عێراق، كێشه‌كانی حكومه‌ت، حیزبه‌كان و گهلهكهمانم رونكرده‌وه. جه‌ختم كرده‌وه كه‌وا:
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ناكرێ گۆڕانكاری و ده‌ستكه‌وته‌كانی دوای راپه‌ڕین، نادیده بگیرێ و كوردستان له زۆر روه‌وه، په‌ره‌ی پێ دراوه. به‌ڵام به‌داخه‌وه، له هه‌ندێك رووی بنچینه‌ییه‌وه، كورد و كوردستان دوچاری شكست و پاشه‌كشه‌ی ترسناك كراوه. وه‌كو:
- سیاسه‌تی ئابوری له (32) ساڵی رابوردوو شكستی خواردووه.
- هه‌رێمی كوردستان به دیفاكتۆ، دوو ئیداره‌یی، دوو هێزی چه‌كداری، دوو جۆر كۆنترۆڵی سه‌رچاوه‌ی داهات، دوو سیاسه‌تی ئاسایش، نه‌نوسینی ده‌ستور.. لێكترازانی لایه‌نه سیاسیه‌كان.. فراوانبونی گه‌نده‌ڵی.. ئه‌و دیارده ترسناكانه وایان كردووه، كوردستان به‌ناچاری چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی بباته‌وه چه‌قی به‌غداد!!
سه‌باره‌ت به سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی و ئیقلیمی و عێراقیش.. گوتمان:
ئه‌مریكا و دۆسته‌كانی له‌لایه‌كه‌وه، ئێران و دۆسته‌كانیشی له‌لای تره‌وه، دوای ئه‌وه‌ی له‌دوای وه‌ستانی جه‌نگی عێراق-ئێرانه‌وه، نه‌یانتوانی كێشه‌كانی سیاسی ناوچه‌كه و فه‌له‌ستین چاره‌سه‌ر بكه‌ن، سه‌ره‌نجام هانایان بۆ جه‌نگ برد. ئه‌م جه‌نگه له غه‌زه و ناوچه‌كه‌دا، هاوزه‌مانی جه‌نگی ئۆكراین، نیمچه جه‌نگێكی جیهانییه.. راسته‌وخۆ یان ناڕه‌سته‌وخۆ، زۆربه‌ی وڵاتانی خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندی تیوهی گلاوون. ئه‌مریكا و به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا، هه‌م له پاراستنی فه‌له‌ستین و هه‌م له لێدانی حوسیهكاندا، هاوههڵمهتن.
ده‌ركه‌وت، نه ئیسرائیل توانیویه‌تی ستراتیژی ئاسایشی خۆی به‌جۆرێ بپارێزێ، هیچ لایه‌ك و هیچ چه‌شنه چه‌كێكی دوور و نزیك هاوێژ (ئێران، یه‌مه‌ن، عێراق و لوبنان) نه‌توانن بگه‌نه شاره‌كانی ئیسرائیل؛ نه ئێرانیش دوای زیاتر له چاره‌كه سه‌ده‌یه‌ك پڕكردنی دهبۆكانی له چه‌كه قورسه‌كان، هه‌روه‌كو نه‌خشه‌ی بۆ كێشا توانی جه‌زره‌به‌ی كوشنده له ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل بوه‌شێنێ. سه‌ره‌نجام جارێكی دیكه، هاوسه‌نگی هێزی عه‌سكه‌ری و ته‌كنه‌لۆژیای جه‌نگ له‌نێوان ئێران و دۆسته‌كانی، هه‌روا ئیسرائیل و پشتیوانه‌كانی دروستبووه. هه‌رچه‌ند هێشتا ره‌هه‌نده عه‌سكه‌ریه‌كانی ئه‌م چه‌شنه جه‌نگانه، ته‌واو ته‌واو ساغ نه‌بۆته‌وه!!
ئێستا، له‌سایه‌ی هاوسه‌نگی هێز و سیاسه‌تی (ئیقلیمی-نێوده‌وڵه‌تی) ده‌ركه‌وت تێكشكاندنی یه‌كجاره‌كی جه‌مسه‌رێكی ئه‌م جۆره جه‌نگه، دووره. بۆیه، دوور نییه، راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ، له‌م دوو-سێ ساڵه‌ی ئاینده‌دا، هه‌روه‌كو دوای جه‌نگی دووه‌م و جه‌نگی سارد و جه‌نگی ساڵی 1973ی عه‌ره‌ب و ئیسرائیل، دیسان چاره‌سه‌ری سیاسی بێته‌وه ئارا. ئه‌گه‌ر له‌ناوه‌ڕاستی حه‌فتاكاندا، میسر و ئیسرائیل رچه‌ی به‌ستووی نیو سه‌ده‌ی عه‌ره‌ب ئیسرائیلیان شكاندبێ و، رێكخراوی رزگاریخوازی فه‌له‌ستینیش له‌ته‌ك دوژمنه‌كه‌یدا رێكهوتبێ. ئه‌مجاره، جگه له عه‌ره‌ب، وڵاتانی غه‌یره عه‌ره‌ب، ده‌بنه میحوه‌ری ئاشته‌وایی. له‌پێشه‌وه‌دا ئێران و سه‌رجه‌م وڵاتانی ناوچه‌كه.
زه‌حمه‌ته حه‌ماس و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی، وه‌كو هێزی چه‌كداری بمێننه‌وه؛ راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی فه‌له‌ستینیش ته‌نها كاتی ماوه؛ وڵاتانی ناوچه‌كه‌ش، ناتوانن هه‌تا هه‌تایه له‌ناو گه‌رده‌لولی جه‌نگ و كێشه‌دا بمێننه‌وه. ته‌نانه‌ت زلهێزه‌كانیش ناتوانن چاره‌سه‌رێك بۆ جه‌نگی ئۆكراین، كێشه‌ی به‌رزبونه‌وه‌ی نرخی گاز و نه‌وت، گرانی بازاڕ و مه‌ترسیه‌كانی سه‌ر ژینگه، نه‌دۆزنه‌وه. بۆیه جارێكی تریش جه‌خت ده‌كه‌مه‌وه..
چاره‌سه‌ری (نێوده‌وڵه‌تی-ئیقلیمی)و سه‌رهه‌ڵدانی قۆناغی سیاسی چاوه‌ڕواننه‌كراو، له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا.. به‌ڕێوه‌یه.. زوو یان دره‌نگ!
سه‌باره‌ت به كوردستان.. هه‌میشه كوژراوی رێكه‌وتنه‌كانی نێوده‌وڵه‌تییه.. له‌سه‌ر حسابی مافه دیموكراسیه‌كانی گه‌لان. له‌م هه‌لومه‌رجه‌شدا دیسان فه‌له‌ستین كراوه‌ته‌وه میحوه‌ری چاره‌سه‌ری ئاشته‌وایی و كێشه‌ی سیاسی گه‌وره‌تری كوردستان، په‌راوێز خراوه!
له جه‌نگی یه‌كه‌م و دووه‌م و جه‌نگی ساردا، كورد دوچاری كاره‌ساتی جۆراوجۆر كرا. له‌م بارودۆخه‌شدا؛ له‌سایه‌ی سیسته‌می نوێی جیهانو جیهانگیریشدا، جگه له باشوری كوردستان، وه‌كو نه‌ته‌وه‌یه‌كی ئازادیخواز، ستراتیژێكی دیموكراسی بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانمان له‌ئارادا نییه. به‌م دۆخه سیاسییه ناوخۆییه‌ی به‌شه‌كانی كوردستان، تایبه‌ت باشور و هه‌رێم، زۆر وریا نه‌بین، دوچار كاره‌ساتی گه‌وره ده‌بین.
مه‌ترسی هه‌ره گه‌وره، ئه‌وه‌یه، یه‌كێتی و پارتی له دوو روانگه‌ی سه‌راپا جیاوازه‌وه سیاسه‌ت ده‌كه‌ن و له‌ناو ده‌وڵه‌تانی ئیقلیمدا سهرهتاتكێیانه! لایه‌نه‌كانی تریش وا سیاسه‌ت ده‌كه‌ن، كه گوایه شكستی پارتی و یه‌كێتی له هه‌ڵبژاردندا له‌قازانجی سه‌ركه‌وتنی ئه‌وانه. ئه‌مه له‌كاتێكدا ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ی نه‌كرێ زیانی زۆره. بشكرێ كێشه بنه‌ڕه‌تیه‌كانی كوردستان چاره‌سه‌ر ناكات. هه‌روه‌كو چۆن په‌رله‌مانه‌كانی تری كوردستان، كێشه‌یان زیاد نه‌كردبێ، چاره‌سه‌ریان نه‌كرد!!