دادگای باڵای ئیتیحادی و هەرێمی کوردستان

کوردستان پێش 2 هەفتە



بڵند دلێر: تەنانەت حکومەتی هەرێمیش لە دادگای فیدراڵی سکاڵای تۆمار کردوە
مەلا بەختیار: چارەنوسی عێراق بەستراوە بە چارەنوسی ناوچەکە لەدوای یەکلاکردنەوەی جەنگی غەزە

ئەمڕۆ 20/4/2024  لەهۆڵی شەهید ئازاد هەورامی لە تۆڕی ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر، سیمینارێک دەربارەی (دادگای باڵای ئیتیحادی و هەرێمی کوردستان) بۆ بڵند دلێر شاوەیس بەڕێوەچوو.
بڵند دلێر  شاوەیس، لە سەرەتادا باسی لە چۆنێتی دروستبونی دادگای فیدراڵی کرد کە لە سەردەمی بریمەردا بە یاسای ئیدارەدانی دەوڵەت دروستکراوەو دواتر لە ساڵی 2021 یاساکەی هەموارکراوەتەوە، کە بەپێی کۆنوسی دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق بێت، کورد زۆر بایەخی بە هەستیاری  دادگاکە نەداوەو ئەندامانی کورد لە پەرلەمانی عێراق هیچ قسەیەکی ئەوتۆیان لەسەر هەمواری یاسای دادگای ئیتیحادی نەکردوە، بە بۆچونی من ئەمە هەڵەیەکەی گەورەیە. کە ئایا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە سەرکردایەتی سیاسیی کوردستان پێشتر لەسەر یاساکە و دادگاکە رێککەوتوە یان نا؟ ئەوەیان نازانم.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، بڵند دلێر باسی لەو بڕیارانە کرد کە دادگاکە بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان داویەتی، لەوانە ساڵی 2017 بڕیاری نادەستوربونی ریفراندۆم، ساڵی 2019 بڕیار لەسەر مادەی 140 دەدات کە دەڵێت مادەکە بەسەرنەچوە کە ئەوە لە بەرژەوەندی کوردە، دواتر بڕیار لەسەر نایاسایی هەناردەکردنی نەوت و غازی هەرێم دەدات، دواتریش دادگاکە لەسەر داوای هەندێک لە هێزە ناوخۆییەکانی هەرێم، بڕیار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکان دەدات، دواتر لەسەر داوای هێزێکی حکومڕان لە هەرێمی کوردستان بڕیار لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەدات، هەتا دەگاتە ئەوەی لەسەر داوای فەرمانبەران بڕیار لەسەر موچە دەدات. وتیشی: بەشێک لە داواکان لە ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە لە دادگاکە تۆمارکراون، تەنانەت حکومەتی هەرێمیش لە دادگاکە سکاڵای تۆمارکردەوە لەسەر یاسای بودجەی عێراق.
سەبارەت بە دەستوری و نادەستوری بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد، کە ئەگەر بڵێین بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی نادەستوریە ئەوا کۆی پرۆسەی سیاسی و بەشداری کورد لە پرۆسەی سیاسی عێراق و زۆر مەسەلەی دیکە دەکەونە ژێر پرسیارەوە. وتیشی: دادگای ئیتیحادی پێکهاتەکەی لەسەر هاوسەنگی هێزەکانی عێراق دروستبوە بۆیە بریارەکانی رەهەندی سیاسی هەیە.
سەبارەت بەو بۆچونەی کە پێیوایە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دژی هەرێمی کوردستان و قەوارەکەیە، ناوبراو باسی لەوەکرد کە ئەوەی هەرێمی کوردستانی کردۆتە ئامانج گەندەڵی و ناکۆکی ناوخۆیی و نەبونی دەستورو زۆر کێشە و کەموکوڕی ترە، نەک بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، بەڵام ئەو راستیەش هەیە کە ناڕەزایەتیەکی نێودەوڵەتی بەرامبەر بە چارەسەرنەکردنی کێشە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە، ئەو ناڕەزاییە هاوکاتە لەگەڵ ئەو ئاراستەیەی بەغداد کە دەیەوێت هەرێم بخاتە ناو چوارچێوەیەکەوە.
بڵند دلێر، پێشبینی بۆ بڕیارەکانی داهاتوی دادگاکە کرد کە رەنگە زۆر دامەزراوەو دەزگای ئەمنی و سەربازی هەرێم بکەنە ئامانج، بۆ نمونە هێزی پێشمەرگە، یان ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم، یان دور نیە بە بڕیاری دادگاکە وەزارەتی دارایی و سامانە سروشتیەکان بکرێنە بەڕێوەبەرایەتی گشتی..
دوای تەواوبونی قسەکانی ناوبراو، بەشێک لە ئامادەبوان بەشداریی گفتوگۆی بابەتەکەیان کردو سەرنجەکانی خۆیان خستەڕوو، زۆربەیان بۆچونیان وابوو کە ناکۆکی و کێشە ناوخۆییەکان هۆکارێکی سەرەکیە کە وایکردوە بەغداد و  دادگاکەش بڕیارەکانیان دژی هەرێمی کوردستان دەربکەن. ئەوان بڕوایان وابوو دادگاکە بێلانی خۆی لەدەستداوەو لە ئێستادا دەچێتە چوارچێوەی پیلانگێڕی دژی هەرێمی کوردستان.
هاوکات مەلا بەختیار، سیاسەتمەدار و رۆشنگەر، بەشداری گفتوگۆکەی کرد و سەرنجەکانی خستەڕوو. ناوبراو پێیوابوو کێشەی گەورە لە عێراقدا ئەوەیە کە بەرەو دیموکراسی هەنگاو نانێت، بەڵکو زیاتر لەڕێگەی مەرکەزیەتی مەزهەبی دەسەڵاتەکانی دەسەپێنێت، بۆیە لە حاڵەتێکی وادا بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیش دەبەنە کێشە بۆ هەرێمی کوردستان و قەوارەکەی. وتیشی: بەشێکی زۆری کێشەکان لە ئەستۆی خۆمانە، بە تایبەتی نەبونی دەستوری هەرێمی کوردستان کە لەبەر بەرژەوەندی شەخسی و حزبی وەلا نرا، ئەگەرنا بونی دەستور دەیتوانی زۆرێک لەو کیشانە چارەسەر بکات.
سەبارەت بە ئایندەی عێراق و هەرێمی کوردستان، مەلا بەختیار بۆچونی وابوو کە چارەنوسی عێراقی بەشێکە لە چارەنوسی ناوچەکە لە دوای یەکلاکردنەوەی جەنگی ‌غەزە.