یەكێتی چۆن دەتوانێ ئەم دۆخە تێپەڕێنێ؟

كاوسێن بابەكر 22/04/2018

ئێستای یەكێتی هەرگیز بە ڕابردووەكەی بەراورد ناكرێ؛ ڕابردویەك یەكێتی تیایدا حزبی بێ ڕكابەربوو، هەرەسی بەهەرەسی شۆڕش هێنا، لەتاریكستانی ژێر دەستەیی‌و ڕژێمی تۆقینەری ئەنفال‌و كیمایی دا، چرای ئومێدی هەڵكرد هەر مام نەبوو، سەدان سەركردەو پێشمەرگە بوون بەخوێن‌و فرمێسك‌و ئارەقەی ماندوبوونیان داستانی ڕزگاری‌و  هەللاج‌و دابان‌و دەیان‌و دەیان شەڕی گەورەو بچوك سەدان سەركەوتنیان نوسیەوە، كوڕەكانی یەكیتی لە زیندانیشدا نمونەی خۆراگری‌و كوردپەروەری بوون‌و بەسرودی ئەی ڕەقیب‌و مەشخەڵان زیندانەكانیان وەلەرز دەهێنا، كەچی ئێستا هێندەیان ناشیرین كردووە كەس نا هەر بەرپرسەكانی خۆی، ناتەبایی‌و خۆخۆری پشتی چەماندۆتەوە، ئەوەندەی كادیرو بەرپرسەكانی خەریكی شەڕی یەكترن ناحەزانی حەساونەتەوە! نە لەحكومەتدا ڕۆڵی خزمەتەكانی دیارە، نە لەمەیدانی هەڵوێستە نیشتمانی‌و سیاسیەكاندا ئەگەرچی قوربانی هەردوكیانە!

چۆن ئەم دۆخە تیدەپەڕێنێ؟
ئەگەر فریای خۆی نەكەوێ ئەوا لەم هەڵبژاردنانەدا گورزێكی گەورەی بەردەكەوێ، بۆیە پێویستە بەزوویی خۆی گورج كاتەوەو ئازایانەو ڕاستگۆییانە بەخۆیدا بچێتەوە.
- ڕێزو هەڤاڵێنی ببوژێنرێتەوەو هەموان پیكەوە دڵسۆزانە بكەونە خۆ بۆ سەرخستنی بەرنامەو گوتاری یەكێتی.
- دەستەڵاتەكان لە مەكتەبی سیاسیدا قۆرخ بكرێ‌و لێرەلەوێ سەرچاوەی تر بۆ بڕیار قوت نەكرێتەوەو بڕیارەكانی سوك نەكرێن.
- ڕێكخستنەوەی سەرجەم مەكتەب‌و مەڵبەندەكان، بەشێوەیەك لەئاستی ئەم بەرپرسیارە هەستیارەدابن.
- دارایی ڕێكبخرێتەوەو داهاتەكان بەڕوونی دیاربن‌و قەرزەكانی كە بەگوێرەی قسەی شارەزایان سەدان ملیۆن دۆلار دەبن، وەربگیرێنەوەو دیزە بەدەرخۆنە نەكرێن بۆ گیرفانی چەند كەسێك.
- مەكتەبی ڕاگەیاندن چالاك بكرێ‌و لەو بێ سەروبەرەییە بهێنرێتەدەرو دەستی كادیرەكانی كراوەتر بكرێ.
- گرنگیدان بەكادیران‌و ڕێكخستەكان لەبواری، پەروەردەو پێگەیاندن‌و  ژیان گوزەران‌و نەخۆشی‌و خۆشیان‌و گوێگرتن لە بۆچوون‌و بەشداری پێكردنیان لە بڕیارو هەڵوێستە گرنگەكانی حزب.
- چاو بەئەدای هەڤاڵانمان لە حكومەتدا بخشێنرێتەوەو هەڵسەنگێنرێن‌و  خزمەتەكانیان پێشان بدرێت.

جیاوازیەكانی یەكێتی، كە پێی ناسراوە تۆخ بكرێتەوە، لە هەڵوێستە نیشتمانییەكانی بەرانبەر بە (باكور، رۆژئاواو ڕۆژهەڵات) بەرانبەر بەغداو سوربوونی یەكێتی لەسەر مافی چارەنوس‌و  سەربەخۆیی، لەسەر ناوچە جێناكۆكەكان‌و پڕۆژەی هەڤال مام جەلال بۆ چارەسەری ئەم كێشەیە، یان جوڵاندنی مادەی (140)، لەسەر چارەسەری قەیرانی دارایی‌و مەسەلەی مووچە، لەسەر كاركردن لەسەر پڕۆژەی سۆشیال كە فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمان پێشكەشی كردووە، لەسەر چاكسازی حكومەت‌و شەفافیەت‌و بەگژاچوونەوەی گەندەڵی، لەسەر سوپای نیشتمانی، خویندن‌و پەروەردە، ژێرخانی ئابوری، مافی ژنان، منداڵان، سەرجەم چین‌و توێژەكان ..هتد
یەكێتی توانایەكی مرۆیی گەورەو هێزێكی لەبن نەهاتوی جەماوەری هەیە، نابێ بیاندۆڕێنێ! ئەوەش بەم بەخۆدا چوونەوەیە دەكرێ‌و دوای هەڵبژاردنەكانیش كۆنگرەیەكی پاك‌و بێگەردو بەرپرسانە یەكێتی دەباتەوە سەر سكەی خۆی‌و دەبێتەوە بە یەكێتیەكەی مام‌و یەكێتیەكەی شەهیدان‌و  یەكێتیەكەی مەشخەڵانی شۆڕشی نوێی ئەمجارە، ئەگەر وابكا.. ئەم دۆخە تێدەپەڕێنێ!