کێشە ئاڵۆزەکانى ناوچەکەو ئاسۆى چارەسەر

مەلا بەختیار 20/08/2018

 

بەشى یەکەم

ناوچەکەمان، بەڵکو رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، ئەوەتەى قەوارە سیاسیەکانى دامەزراون و سەپێنراوون، هەمیشە ئاوسە بە کێشەى سیاسى، ئابورى، دەسەڵاتدارێتى و نەبونى سەروەرى یاسا.
سێ سەدە لەمەوبەر، قەڵمڕەوەکانى رۆژئاوا، ئەوەندەى بیریان لاى ئاشتەوایى و دامەزراندنى سیستەمى هاوچەرخ و مافى هاوڵاتى دەکردەوە، کەمتر دەگەڕانەوە بۆ دەستدرێژیەکانى سەدەکانى ناوەڕاست و شەڕوشۆڕ. لەسەدەى هەژدەهەمەوە، رۆژئاوا، ژیاندۆستییان لەناوخۆیاندا کردە ناوەندى بیرکردنەوەو، دونیاگەرایش کرایە فەلسەفەى ژیانیان.
کوت ومت بەپێچەوانەوە، رۆژهەڵاتى ناوەڕاست هەتا هاتنى جەنگى یەکەمى جیهان، لەزەلکاوى سەدەکانى ناوەڕاستدا چەقیبون. لەسەدەى کۆلۆنیالیزمیشدا، تا بیناقاقایان نوقمى نۆکەرایەتى بوبون. لەپەنجاکانیشەوە، ئیدى بزوتنەوەى بەناو رزگارى نیشتمانى و دیموکراسى بەفراوان سەریهەڵدا، تائێستاش خەون بە ستراتیژى دیموکراسى و نوێگەریەوە دەبینرێ، مەخابن، ئەو ستراتیژە، هێشتا دورنمامانە!
دواى سەدەیەک لە شەڕوشۆڕو ململانێ، بەناو بەهارى عەرەبى، ئومێدێکى سەرەتایى سەرەتاتکێى کرد، ئەویش زوو داچۆڕا. لەوساوە، وڵاتانى عەرەبى و کوردستان، کەوتونەتە ناو دۆخێکى ترسناک. لەناو ئەم دۆخەدا، دەرەتانى چارەسەر نەک نادۆزرێتەوە، بەڵکو کێشە بە کێشە دەسپێردرێ.
یەمەن، سوریا، عێراق و لوبنان، لەناو شەڕوشۆڕدان. ئەگەرى جەنگ لەکەنداودا کەوتۆتەوە ئارا. لەمکاتەدا، تورکیا لەسەر قەشەیەک و ئێران لەسەر هەڵوەشاندنەوەى یەکلایەنەى رێکەوتنامەى ئەتۆمی، رووبەڕووى روداوێکى مەترسیدارتر بونەتەوەو دەوروبەریشیان لەڕوى ئابوریەوە تێوەگلاوە. دیارە هەر روداوێکى تریش روبدات، لێکەوتەى بۆ دەوروبەر، بەکوردستانیشەوە، رۆشنە.
ئەگەر کێشەى ئێران، کێشەى رێکەوتنى ئەتۆمى بێ (وەکو وێنا دەکرێ) چارەسەرەکەى دژوارە، خۆ کێشەى تورکیا، هەر زۆر ئاسانە، گرتنى قەشەیەک، گەمارۆى خستنەسەر، ئازادکردنى کۆتایى پێدێنێ.
خۆ ناکرێ تورکیا، لەبەر گرتنى قەشەیەک خۆى دوچارى داڕمان بکات!! لەراستیدا، وا باش بوو بۆ تورکیاو سەرۆک ئۆردوگان، بەهۆى کێشەى قەشەیەکەوە، کە ئێستا سەرۆک (ترامپ) سەرۆکى وڵاتە یەکگرتوەکانە، خۆى و وڵاتەکەى لەم هەلومەرجەدا، هەرگیز دوچارى تەڵەیەکى وا نەکات. چونکە تورکیا، یان دەبێ لەپەیمانى ناتۆ بەرەسمى بکشێتەوە، یان مادام ئەندامى ناتۆیە، وەکو مێژووى سیاسەتى تورکیا، دەبوایە دەربەستى سیاسەتى ناتۆو ئەمریکاش، لەچوارچێوەى رێساى ناتۆدا بوایە.
دیارە، تورکیا، وڵاتێکى گەورەى ناوچەکەو دراوسێى کوردستانە. کێشە ئیقلیمیەکانى، بەتایبەتى کێشەى ئابورى، کاریگەرى لەسەر باشورى کوردستان دەبى. داشکانى لیرەى تورکى و هەڵکشانى دۆلار، راستەوخۆ لەسەر دینارو شمەک و ئاڵوێڵ، کاریگەرى نالەبارى دەبێ.
ئێمە، چەند ئومێدەوارین ئاشتى لەناو تورکیاداو چارەسەرى کێشە سیاسیەکان، بە رێکەوتن و بەبڕیارى پەرلەمانى تورکیا چارەسەر بکرێ، هاوکات، لەوباوەڕەین، قوڵترنەبونى کێشەى گەمارۆ لەسەر تورکیاو دۆزینەوەى چارەسەرى خێراش، سودى بۆ هەموولایەک دەبێ. بە یەک بڕیارى سەرۆکى تورکیا، تورکیا دەرباز دەبێ و چیکە، شادەمارى ئابورى تورکیا، خوێنى بەفیڕۆدانى لیرەى لەبەر ناڕوات!
بەندە، بەدورى نازانم، دەربازبونى تورکیا لەم گەمارۆ ئابوریە، ئەزمونێکى تر بخاتە سەر تاقیکردنەوەى تاڵى کودەتا مەترسیدارەکەى تورکیاو یارمەتییان بدات، وردتر بیر لەچارەسەرى سیاسى کێشەى باکورى کوردستان و ئەندامەتى تورکیا لە یەکێتى ئۆروپا بکەنەوە. کە هەموو ئەم سیاسەت و بڕیارانە، یارمەتیدەرى ئاشتەواییە لەناوچەکەو دەرگاش بۆ چارەسەرکردنى کێشەى ناو سوریا، باشتر دەکاتەوە. هەروەها چارەسەرى کێشەى نێوان تورکیاو عێراقیش، بەتایبەتى سوریا ئێستا، لەبەردەم دەروازەى چارەسەرى جیهانیدایەو گۆڕانکاریش لەدەستورو حوکمڕانى و سیستەمى سوریا، بۆتە داخوازى نێونەتەوەیى. لایەنەکانى رۆژئاواش، تایبەت پەیەدەو هەسەدە، درکى ئەرکى چارەسەر بەچاکى دەکەن.
لەبەشى دووەمدا، باسى کێشەى سەپاندنى گەمارۆ لەسەر ئێران دەکەین!