مەترسییەکانی سەر کوردستان.. چین؟

مەلا بەختیار 20/08/2020

سەرۆک وەزیرانی عیراق (مستەفا کازمی) لە ئەمریکایە. دوێنێ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا (مارک پۆمپیۆ) پێی وتووە، کە لەگەڵ هەرێمی کوردستان رێکبکەوێ. ئەم راسپاردەیە، منی زیاتر لەچارەنوسی کوردستان، لەم دۆخەی دنیا و ناوچەکە و عیراق، نیگەران کرد. وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا، ئەگەر لە پشتى پەردە سیناریۆکان نەزانۆ، بۆچونى ئاوها دەرنابڕێ!
پێنجشەممەی رابردوو وتارێکم بەناونیشانی (خۆپیشاندانەکانی 12ی مانگ و بێباکی حکومەت) نوسی. دوێنێش چاوم بە دۆستانی (میترۆ) کەوت و تیایدا هەمان داوام دوپاتکردەوە کە، پێویستە کۆنگرەیەکی کوردستانی بۆ هێزەکانی باشووری کوردستان سازبدرێ و تیایدا، بەوپەڕی راشکاوی و لە روانگەیەکى رەخنەگرانەوە، قەیرانی ئابووری -  سیاسی ئێستای کوردستان هەڵبسەنگێندرێ و رێگە چارەسەرێکی هاوبەشیش، کە تیایدا حکومەت پابەند بکرێ بە بڕیارەکانی، گەڵاڵە بکرێ. لە وتارەکەو دیدارەکەدا، باسى مەترسیەکانى نێودەوڵەتى و ئیقلیمیم کردووە!
سەرەڕای ئەوەی وتارەکە و بۆچونەکەمان، رەنگدانەوەی بەرچاوی هەبووە، بەڵام مەترسییەکانی سەر چارەنوسمان وام لێدەکات، بۆ مێژوو، بۆچونی خۆم رۆشنتر دەرببڕم.


مەترسی سیاسیەتی نێودەوڵەتی

 

سیاسەتی نێودەوڵەتی، لەکۆتایی دەهەی دووەمی هەزارەی سێیەمدا، سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشە دیموکراسییەکان و گۆڕینی حکومەتە دیکتاتۆر و داگیرکەرەکان، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پاشەکشەی پێوەدیارە. ئێستا، قسە و باس لەسەر پرۆژەی دیموکراسی لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا لەئارادا نەماوە. خۆپیشاندانەکانیش بەگشتی، نەیانتوانیوە ستراتیژی دیموکراسی بکەنە ئامانجی نەگۆڕیان. تەنانەت هێزە دیموکراسییەکان نەیانتوانی سەرۆکى پەرلەمانى ئیسلامگەرای تونسیش، بگۆڕن. هەڵبەتە ئەمە بەو مانایە نییە، خەباتی دیموکراسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تێکشکاوە. نەخێر. جارێ پاشەکشەی کردووە..!
زلهێزەکان.. (30) ساڵی رەبەقە، کەوتوونەتە دۆخی دوای جەنگی سارد و جیهانگیری، سەرەڕای ئەوەی سیمای جیهان گۆڕدراوە و سەردەمی سۆسیال- میدیا، درێژە دەکێشێ، بەڵام چوار کێشەی چارەنوسساز چارەنوسی زلهێزەکانی خستۆتە گیروگازەوە. وەکو:
1-قەیرانی کوشندەی دارایی. 2-تیرۆریزم و تێکچوونی ئاسایشی جیهان. 3- کۆرۆنا. 4-ناکۆکى نێوان زلهێزەکان.
ئەم چوار قەیرانە لە دوو دەهەی رابردووەوە، پەیتا پەیتا سەریان هەڵداوە و یەکانگیر بوون. هەر چوار قەیرانەکە، سەراپایین و زیانی راستەوخۆشیان بۆ ژێرخانی ئابوورییە. سەرەنجام، هەر سێ قەیرانەکە، بازاڕی سەرمایەداری لاواز و مەسرەفی زلهێز و دەوڵەتانی تریشی، بێڕادە، زیادکردووە. تەنانەت ئاساییشى کۆمەڵایەتى ناوخۆى رۆژئاواشى هەژاندووە. کۆرۆنا، لەم دواییەدا، نەک بازاڕی فرۆشی داتەپاندووە، بەڵکو پاشەکەوتی دراویشی داوەشاندووە. ئەم دۆخە هەتا درێژە بکێشێ، مەترسییەکانی سەر چارەنوسی زلهێزەکان مەترسیدارتر دەکات، بەبێ ئەوەی لە ڕەهەندی رووداوەکاندا، هیچ زلهێزێک، ئەلتەرناتیڤى ئابورى و سیاسى و ئاساییشى هەبێ.
واتا: دۆخى دواى جەنگى ساردو جیهانگیرى، چەشنى دۆخى دواى جەنگى یەکەم و دووەم و جەنگى سارد، کە زلهێزەکان، لە هەرسـێ سەردەمەکە چارەسەرى ستراتیژى نێودەوڵەتیان بۆ بەرژەوەندییەکانیان، هاوشانى ناکۆکیەکانیان، دۆزیەوە، لەم سەردەمەى جیهانگیریدا، کە بازاڕەکانى جیهان لە بەردەمیاندا واڵان، بەڵام ناکۆکیەکانیان بەسەر جیهانبینییە هاوبەشەکانیان زاڵە. ئەمەش، راستەوخۆ چۆتە خزمەتى دوژمنە هاوبەشەکانیان.. زیانەکانیشى زیاد کردوون، بەتایبەتى لە رووى ئابورى و  ئاساییشى جیهانییەوە. بۆیە، لاموایە، ئەم زلهێزانە، لەبەر ئەوەى پاشەکەوتە داراییەکانیشیان لە ژێر هەڕەشەدایە، چیکە، رازى نابن، دۆخى جیهان وەکو (30) ساڵى رابردوو، بگوزەرێ. پێش ئەوەى دوچارى قەیرانى ئابورى لە چارەسەرکردن نەهاتوو ببن، لەو باوەڕەداین، بەناچاریش بێ، بیر لە جۆرێک چارەسەردەکەنەوە، ناکۆکیەکانیان کەم بکەنەوەو سیاسەتى بەرژەوەندیەکانیشیان یەک بخەنەوە؛ کە بەرژەوەندیەکانیان خواستى.. گومانمان نەمێنێ، لەناو خۆیاندا، لەسەر ناوچەکانى جیهان و بازاڕەکان و هاوپەیمانەکانیان.. رێکدەکەون.. رێکەوتنەکەش، سەرەتا بەرژەوەندى خۆیان لە پێش چاو دەگرن، ئینجا بیر لە قاڵبدانەوەى وڵاتانى دەوربەریان دەکەنەوە.

چارەنوسى وڵاتانى ئیقلیمى

هەمیشە، وڵاتانى ئیقلیمەکانى جیهان، بەسیاسەتى نێودەوڵەتیەوە شەتەک دراون، چونکە بازاڕى دابڕاو لە زلێهزەکان، لە هەموو بارێکەوە، خەیاڵێکى پوچە! کاتێک زلهێزەکان لەم سەردەمەشدا، بگەنە ستراتیژى رێکەوتنەوەیەکى دیکە، پێش هەموو مەسەلەیەک، لەسەر بازاڕى جیهان، لە بازاڕى جیهانیش لە سەر نەوت و گاز، رێکدەکەون. یەک دەوڵەتى نەوت و گاز فرۆشى دونیاش نییە، بتوانى، بەرهەڵستى رێکەوتنى نێودەوڵەتى لەسەر نەوت و گاز بکات.
دواى سەدەیەک لە سایکس –پیکۆ-لۆزان، قاڵبى دەوڵەتانى ئیقلیمى، کە کوردستانیان لەناودا داگیرو دابەشکراوە، بنەمای، لە نەبوونى دیموکراسى و دەوڵەتى مەدەنیمان، نەگۆڕاوە. ئایەو مایە عیراقى فیدراڵ هەیە.. ئەویش سەرەنجامى هاوسەنگى هێزى نێوان کوردستان و بەغداد لە دۆخى روخاندنى سەدامدا هاتە دى. نەک لە ئەنجامى دیموکراتیزەکردنى عیراق. 
تا ئێستاش!! دەوڵەتانى دیکەى ئیقلیمى: 
-سوریا؛ سـآ بەشى داغان بووەو حکومەتەکەى بە روسیاو ئێران دەپارێزرێ، کەچى ئامادە نییە ، تەنازلى مافى رۆشنبیریش بۆ کورد بکات!.
-تورکیا؛ تازە سەرۆکەکەى دەڵـێ: چۆن وەرەقەى لۆزانمان دڕى، رێکەوتنەکانى تریش دەدڕن.
-کۆمارى ئیسلامى ئێران؛ سورە لەسەر سیاسەتى ولایەتى فەقى و بەرهەڵستى هەموو جۆرە فشارێکى نێودەوڵەتى و خەباتى ناوخۆیى ..تاد.
لەم دۆخە ئیقلیمیەدا دەڵێن: ئەم دەوڵەتە ئیقلیمیانە، لە خۆڕا ئاوا سور نین لەسەر سیاسەتى رابوردویان. خۆ ئەگەر بێت و زلهێزەکان، نزیک بکەونەوە لە رێکەوتنێکى نوێى نێودەوڵەتى، هەڵبەتە لە پێشەوەدا، لەگەڵ هەمان ئەم دەوڵەتانەى ئیقلیمدا رێکدەکەنەوە. رێکەوتنەوکەش، گەوهەرەکەى سەپاندنەوەى دۆخى سیاسى ئیقلیمى و دۆخى ناوخۆیى هەمان ئەم سیستەمانە دەبێ.. کە لەسەدەى رابردوودا، لە چەندین قۆناغدا چەندین سیستەممان لێ تاقى کردونەتەوە. لە ئێستاوە ئەگەر کتێب بۆ ئەو رێکەوتنە نێودەوڵەتییە، بخوێنینەوە، بە دڵنیاییەوە، بەشى زۆرى ئەو رێکەوتنە لەسەر حساب و مافى نەتەوەى کورد دەبێ.
سەیریش دەبێ، بەبێ دەستبەرى دیموکراسى، لە هەر وڵاتێکى دەوروبەرماندا، باوەڕ بە بەڵێنى زەردو سورى زلهێزو ئیقلیم هێزەکان بکەین.. دیسان دەستخەرۆمان بکەنەوە!!


چارەنوسى کورد.. لەو دۆخەدا

 

کورد، لەسەدەى رابردوودا، پتر لە سەدەکانى پێشوو، لە خەبات و قوربانیدانا بووە. تەنها دیقەت لە رێکەوتنە نێودەوڵەتیى و ئیقلیمیەکانى دواى جەنگى یەکەم هەتا رێکەوتنى جەزائیر، بدرێ، دەبینرێ، کورد قوربانى سیاسەتى رێکەوتنى نێودەوڵەتى-ئیقلیمیە. هەرە خراپەکانیان، رێکەوتننامەى سایکس-بیکۆ 1916، رێکەوتنامەى لۆزان 1923. پەیمانى سەنتۆ1955. رێکەوتنامەى جەزائیر-1975. ئەو رێکەوتنامە پێمان دەڵێن: دواى هەر چارەکە سەدەیەک، رێکەوتنى نێودەوڵەتى و ئیقلیمى مۆرکراوە.
ئەوەى لەم سەردەمەشدا لێى دەترسم، ئەوەیە کە: بیرى شۆڤێنیستى-ناسیۆنالیستى-تایفەگەرى، لەم سەردەمەدا، نەک لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا تێکنەشکاون، بەڵکو لە رووى سیاسى، ئایدیۆلۆژى، دەوڵەتمەدارى، تەکنەلۆژییەوە، بەهێزتربوون؛ لەناو هاوکێشە سیاسیەکانى جیهانى و ئیقلیمیشدا، سەرەڕاى کێشمەکێشەکان؛ هێشتا پێگەیان بەهێزەو پێگەشیان، پاشخانێکى بەهێزە بۆ هەر رێکەوتنێکى نێودەوڵەتى ئایندە.. لەسەر ئاستى جیهان و ئیقلیم.
تەنها پرسیار دەکەم.. لە بەشەکانى کوردستاندا.. بەتایبەتى باشورى کوردستان، بەم دۆخە سیاسییە، بەم قەیرانە ئابورییە.. بەم هەموو گەندەڵییە... بەم لێکترازانەى لایەنەکان.. بەم هەموو خەڵکە بێزارو ناڕازییە، ئایە، کوردو کوردستان، بەرگەى ئەگەرێکى مەترسیدارى وا دەگرێ.. کە ئێستا تەنانەت دۆستەکانیشمان کەوتونەتە سەرزەنشتمان لەسەر کەڵەکەبوونى کێشەکانمان و ناڕەزایى گەلەکەمان، دژمان؟
لایەنە پەرۆشەکانى نەتەوەکەمان و ئەزمونەکەمان، لەسەر چى وەستاوون، کە پێکەوە تەگبیر ناکەن و کۆنگرەى هاوبەشى بڕیارى بەرپرسیارانە لە دۆخەکە، بۆچى ناگرن؟ راستتان دەوێ.. خۆم وەڵامەکەى نازانم، تەنها بێباکیەکى ئەستۆ ناپاکى دەبینم و بەس!

20/8/2020
رۆژى لەدایکبوونم!