وەزیری دارایی گەیشتە باشماخ پەیوەندی بەسستی دابەشكردنی مووچەوە هەیە
چاودێر:
ئەمڕۆ پێنجشەممە ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەیاوەری شاندێكی وەزارەت سەردانی قەزای پێنجوێن و دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخی كرد.
بەپێی زانیارییەكان، یەكێك لەهۆكارە سەرەكیەكانی سەردانەكەی ناوبراو، پەیوەندی هەیە بەسستی و خراپی شێوازی دابەشكردنی مووچە لەسنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە، كە ماوەی دوو مانگە نەمانی پارە لەبانكەكان تەنگی بەمووچەخۆران هەڵچنیوە.
هاوكات مەبەستێكی تری سەردانەكە بۆ لەنزیكەوە ئاگاداربوونە لەچۆنیەتی بەڕێوەچوونی رێكارەكان و تاوتوێكردنی میكانیزمی زیادكردنی جوڵەی بازرگانی و زیاد كردنی داهات لەو دەروازە سنوورییە.
زیاتر لەهەفتەیەكە وەزیری دارایی و ئابوری لەسلێمانییە و لەگەڵ بەشێك لەبەڕێوەبەری بەڕیوەبەرایەتییەكانی وەزارەت و بانكەكان كۆبوەتەوە، بە ئامانجی باش رایی كردنی كاروباری هاوڵاتییان و فەرمانگەكان و تاوتوێكردنی كێشە و ئاڵنگارییەكانی بەردەم دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و چارەسەركردنیان.