مەلا بەختیار: ئەگەر جارێکی دیکە شۆڕشێک لە بواری پەروەردەدا نەکەین، ناچینە ناو شارستانیەتی نوێوە

کوردستان 5 رۆژ پێش ئێستا

مەلا بەختیار: یەکێک لە مەرجەکانی پێشکەوتنی شارستانیەتی هەر نەتەوەیەک، یەکگرتویی زمانەکەیەتی کە بەداخەوە کورد نیەتی

رۆژی 3\9\2024 لە هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی، تۆڕی ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر، بە هاوکاری رێکخراوی چەپک، خولێکی پەروەردەی رۆشنگەری بۆ کۆمەڵێک لە کچان و ژنانی شاری سلێمانی کردەوە، کە خۆیان وەکو گروپێکی گەشتیاری رێکخستوە.
لە سەرەتای خولەکەدا، مەلا بەختیار، سیاسەتمەدارو رۆشنگەر، بابەتێکی پێشکەش کردن کە خۆی لە بواری پەروەردە و جیهانگیری و رچەشکێنی ژناندا بینیەوە.
مەلا بەختیار ستایشی کردن کە وەکو ژنانی بوێر توانیویانە بەرامبەر بەربەستە کۆمەڵایەتیە دواکەوتوەکان بوەستنەوەو خۆیان وەکو گروپێکی ژنانەی گەشتیاری رێکخستوە. داواشی لێکردن زیاتر خۆیان رێکخراو بکەن و دەربارەی کەموکوڕیە گەشتیاری و ئاوەدانیەکان پەیامیان هەبێت بۆ حکومەت و دەزگا پەیوەندیدارەکان. وتیشی: ئەوەی وایکردوە کەسانی وەکو ئێوە پێکەوە کۆببنەوە، پێشەکەوتنە، پیشکەوتنی کۆمەڵایەتی و تەکنەلۆژی رۆڵی کاریگەریان لەم سەردەمەدا هەیە، لەڕوی پەیوەندی و راگەیاندنەوە ئێستا خۆی لە سۆشیال میدیا و بونی مۆبایلی زیرەکدا دەبینێتەوە کە ئێستا لەرێگەی مۆبایلێکەوە دەتوانی ئاگاداری تەواوی روداو و گۆڕانکاریەکانی جیهان ببین، ئەمەش بەرهەمی جیهانگیریە، کە بە عەرەبی پێی دەڵێن (العولمە) لە زمانی کوریدا بۆ یەکەمینجار من وشەی جیهانگیرم داڕشتوەو ئێستاش بە تەواوی جێگەی خۆی گرتوە. لە سادەترین پێناسەدا جیهانگیری ئەوەیە کە دونیا وەکو گوندێکی لێهاتوەو بچوکترین روداو و دەنگوباس لەمسەری دونیا بێت، لەوسەری دونیا دەیزانن، ئێستا لە رێگەی مۆبایلەکانمانەوە دەتوانین بزانین ئەمڕۆ لە جیهاندا چی رویداوە، سەرکردەکانی جیهان چیان کردوە، لەکاتێکدا جاران پرۆسەی میدیا و پەیوەندی زۆر لاواز بوە، بۆ نمونە رۆژنامەکانی سەردەمی شێخ مەحمودم خوێندۆتەوە، بروسکەی وای تێدا بوە، سێ مانگ لەوەوبەر لە دونیادا رویدابوو، بەڵام ئێستا لە ماوەی سێ چرکەدا هەواڵەکان بڵاودەبنەوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا مەلا بەختیار باسی لە گرنگی پەروەردە کرد لە گۆڕانکاریەکانی هەر نەتەوەو کۆمەڵێکدا، لەوبارەیەوە وتی: کاتی خۆی بۆ یەکەمینجار بە بڕیاری من کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان دەستیان بە هەوڵی گۆرانکاری پەروەردەیی کرد، بۆ ئەو مەبەستەش کۆنگرەیەکمان بەست و دروشمی کۆنگرەکە من دامنا، "بەرەو خوێندنی هاوچەرخ" ئەوکات پێم وابوو کورد لە دوای شۆڕشی چەکداری و راپەڕێن، دەبێت شۆڕشی پەروەردەیی ئەنجام بدات، خۆشبەختانە ئەوکات هەوڵەکانمان ئەنجامی هەبوو، بەشێک لە پرۆگرامەکانی خوێندن گۆڕانکاریان بەسەردا هات کە بۆ کاتی خۆی زۆر گرنگ بون، لەم سەردەمەشدا پێموایە خوێندن و پەروەردەی کوردستان پێویستی بە گۆڕانکاری هەیە، چونکە ئەگەر جارێکی دیکە شۆڕشێک لە بواری پەروەردەدا نەکەین، ناچینە ناو شارستانیەتی نوێوە.
مەلا بەختیار بەشێکی دیکەی قسەکانی بۆ زمانی یەکگرتوی کورد تەرخان کرد، لەوبارەیەوە وتی: یەکێک لە مەرجەکانی پیشکەوتنی شارستانیەتی هەر نەتەوەیەک، یەکگرتویی زمانەکەیەتی، بەڵام بەداخەوە ئێمەی کورد دوای 32 ساڵ لە حکومڕانی خۆمان، هیشتا نەمانتوانیوە زمانێکی یەکگرتوو بۆ نوسین و خوێندن دابنێین، ئەمەش یەکێکە لە گەورەترین کەموکوڕیەکانی میللەتی کورد.
دوای تەواوبونی قسەکانی مەلا بەختیار، ئامادەبوان سەرنج و پرسیارەکانیان خستەڕوو، بەشی زۆری سەرنجەکان گرنگیدان بوو بە پەروەردە و خوێندن، لەو ڕوەوە هەندێک لە بەشداربوەکان رەخنەیان لە بونی قوتابخانە ناحکومیەکان گرت کە لای هەندێ خێزان بۆتە هۆی لاوازکردن و سڕینەوەی زمانی کوردی و گرنگی دان تەنیا بە زمانی ئینگلیزی، لە وەڵامی ئەو سەرنجانە، مەلا بەختیار جەختی لەوەکردەوە کە دەبێت شێوازی کاری ئەو قوتابخانە ناحکومیانەش رێکبخرێنەوەو حکومەتی هەرێم و وەزارەتی پەروەردە بەرنامە و رێکاری تایبەتیان بۆ دابنێن، چونکە گرنگترین شت بەلای هەر نەتەوەیەک فێربونی زمانی دایکە، کە لای ئێمە زمانی کوردیە، بەڵام نابێت بە هەندێ بیانوو، رێگا بگرین لە فێربونی زمانی ئینگلیزی یان فەرەنسی و زمانەکانی دیکە.