دۆخی کرێکارانی کوردستان و سیاسەتی حکومەت

کوردستان پێش 3 هەفتە

عوسمان زیندانی: لە هیچ دەوڵەتێکی سەرمایەداری باج بەم شێوەیەی هەرێمی کوردستان زیادی نەکردوە
مەلا بەختیار: سەرمایەدارانی جیهان یەکیانگرت، نەک کرێکارانی جیهان
ئەمڕۆ 24/8/2024  لە هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی، لەتۆڕی ناوەندی رۆشنگەریی چاوێر، سیمیارێک بەناونیشانی (دۆخی کرێکارانی کوردستان و سیاسەتی حکومەت) بۆ عوسمان زیندانی، سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی بیناسازی، بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای قسەکانیدا ناوبراو ئاماژەی بە کێشە یاساییەکانی کرێکارانی کوردستان کرد و رایگەیاند: لەڕوی یاساییەوە دوو گرفتی سەرەکی هەیە، یەکەم بۆشایی یاسایی هەیە، دووەم ئەو یاسایەشی هەیە جێبەجێ ناکرێت. وتیشی: لە هەرێمی کوردستان یاسای ژمارەی 71ی کار 1987 کاری پێ دەکرێت کە یاسایەکی زۆر کۆنە، بەڵام لەعێراق یاسایەکی نوێتر هەیە کە  ساڵی 2015 دەرچوە، یاسا کۆنەکە دان بە یەک سەندیکادا دەنێ بەڵام یاسا تازەکە دانی بە فرە سەندیکایی ناوە، کە لە وڵاتانی دیموکراسی هەر وایە، هەروەها یاسا کۆنەکە کێشەی گەورەی تایبەت بە خانەنشینبونی کرێکارانی تێدایە، واتا لەڕویی یاسای کارەوە عێراق باشترە لە هەرێمی کوردستان.
سەبارەت بە دەستەبەری کۆمەڵایەتی کرێکارانیش، عوسمان زیندانی وتی: دەستەبەری کۆمەڵایەتی کرێکاران لەڕووی یاساوە رێکخراوە، کە دەبێت بەشێک لە پارەی سندوقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی کرێکاران، حکومەت دایبنێت، بەڵام 20 ساڵە حکومەتی هەرێم پارەی دەستەبەری کۆمەڵایەتی دانەناوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە هەندێک کێشەی دیکەی کرێکاران کرد، لەوانە نەدانی کرێ لەکاتی خۆیدا، کرێکار دەبێت هەشت سەعات کار بکات، بەڵام لێرە 12 سەعات کاریان پێ دەکەن و کرێی هەشت رۆژیان هەیە، ناهێڵن کاری سەندیکایی بکەن، بە باشی دەستەبەری کرێکاران ناکرێت. وتیشی: کرێکارانی کۆچبەران و بیانی لە هەرێمی کوردستان دەچەوسێنرێنەوە، نەبونی گرێبەست و مەرجەکانی سەلامەتی لە زۆربەی شوێنەکان بونی نیە.
دەربارەی سیاسەتی حکومەتی هەرێم بەرامبەر کرێکاران و کێشەکانیان، ناوبراو رایگەیاند: حکومەتی هەرێمی کوردستان لەڕوی سیاسەتی ئابوریەوە پشتی بە بانکی نێودەوڵەتی  و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بەستوە، کە ئەمە کێشەی گەورەی دروست کردوە، چونکە ئەو دوو دامەزراوەیە بەشێکن لە سیستەمی سەرمایەداری جیهانی و کار بۆ ئابوری و بازاڕێکی ئازادی رەها دەکەن لە جیهاندا، کە ئەمە وایکردوە حکومەتی هەرێم کەرتەکانی کار و خزمەتگوزاری بەرەو کەرتی تایبەت بەرێت، تەنانەت حکومەتی هەرێم تەندروستی و پەروەردە و کارەبا و ئاوی کردۆتە کەرتی تایبەت، کە ئەمانە هەموو مەرجی ئەو دوو دامەزراوەیە بون، هەروەها زیادکردنی باجیش هەر دەگەڕێتەوە بۆ ئەو مەرجانە، لە هیچ دەوڵەتێکی سەرمایەداری باج بەم شێوەیەی هەرێمی کوردستان زیادی نەکردوە. وتیشی: حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی چوار ساڵدا، 37٪ی ئەو مەرجانەی بانکی نێودەوڵەتی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتیان جێبەجێ کردوە کە هەردوو دامەزراوەکە سەریانسوڕماوە کە وا بە زویی حکومەتی هەرێم مەرجەکانیان جێبەجێ کردوە، بێگومان مەرجەکانیش لەسەر حسابی چینی موچەخۆران و کرێکاران و هەژاران بوە.
لە دوای تەواوبونی قسەکانی عوسمان زیندانی، بەشێک لە ئامادەبوانی سیمینارەکە سەرنج و پرسیارەکانیان خستەڕوو، بەشێکیان پێیانوابوو خەباتی سەندیکایی لە کوردستان لاوازەو ئەوەی دەکرێت ئاوێنەی سیستەمی سەرمایەداری لیبرالیزمی نوێیە.
هاوکات مەلا بەختیار سیاسەتمەدار و رۆشنگەر، بەشداری گفتوگۆکەی کرد و ئاماژەی بەوەکرد، لە کوردستاندا خەباتی سەندیکایی و خەباتی راستەقینەی کرێکاران بونی نیە، چینی کرێکار سەربەخۆ نەبوە، تاکو هەڵوێستی هەبێت و واقیعی خۆی بگۆڕێت، تەنانەت وەعی سەندیکایی لاوازە.
ناوبراو، وتیشی: پێویستە جیهانبینی خۆمان بۆ چەپ و خەباتی کرێکاری و بازاڕی کار و ئابوری بگۆڕین، ئەو تێڕوانینە کلاسیکەیە بۆ فکر و سیاسەتی چەپ هەبوو لە دونیادا، ئێستا لەم سەردەمەدا کۆتایی هاتوە، دەبێت تێڕوانینمان بۆ کۆی سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایتی و ئابوری بگۆڕین، بو نمونە ناکرێت لەم سەردەمەدا بە تەواوی دژی ئابوری و بازاڕی ئازاد بین، لە کاتێکدا ئێستا لەباتی کرێکارانی جیهان یەک بگرن، سەرمایەدارانی جیهان یەکیان گرت و ئێستا پەیوەندیەکی بەهێزی کاری بانکی لەنێوان سەرمایەدارانی جیهاندا هەیە، مەبەستمە بڵێم کە گۆڕانکاریەکان بەم جۆرە بن لە جیهنادا ناکرێت هێزە چەپەکان بە شەوارەی تیۆری پێداگری لە تێڕوانینە کۆنەکان بکەن.