مەسروور بارزانی لیژنەیەكی بۆ لێكۆڵینەوە لە داهاتی سلێمانی پێكهێنا

ئابوری 17/05/2022


چاودێر:

ئەمڕۆ مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆك وەزیران، سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە پرسی داهات و خەرجییەكان و كورتهێنانی مووچە و گرفتە داراییەكانی سنوری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕینی كرد .

   بەپێی راگەیەندراوێكدا مەسروور بارزانی لە كۆبوونەوەكەدا گوتی: ئامانجی ئەم كۆبوونەوەیە؛ دۆزینەوەی میكانیزمێكی گونجاو بۆ چارەسەر كردنی ئەو گرفتە داراییەی لەماوەی ڕابردوو لە سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین درووستبووە تایبەت بە كورتهێنانی پارەی پێویست بۆ مووچە.

لە‌كۆبوونە‌وە‌كە‌دا ‌جە‌ختكرایە‌وە‌ كە‌؛ ئەركی لە پێشینەی حكومەتە چارەسەری ئەو گرفتە بكات كە پەیوەندیدارە بە مووچە وبژێوی هاوڵاتیان، و حكومەت بەیەك چاو سەیری هەموو ناوچەكان دەكات و ئەرك و بەرپرسیارێتی كابینەكەشە چارەسەری كێشەی كورتهێنانی پارەی پێویست بۆ مووچە بكات لە هەر پارێزگا و ناوچەیەكی هەرێم بێت.

پاشان هۆكارەكانی كورتهێنان و كێشە داراییەكان و پێشنیارەكانی چارەسەركردن بە داتا و ژمارەی پێویست خرانەڕوو، ئامادەبووانی كۆبونەوەكە بە گیانی هەستكردن بە لێپرسراوێتی جەختیان كردەوە كە؛ حكومەتی هەرێم بە یەك چاو سەیری هەموو ناوچەكانی هەرێم دەكات وبەرپرسیارێتی سەرشانیشمانە كە شایستەی دارایی مووچە‌خۆران لە سەرتاسەری هەرێم وەك یەك دابین بكرێت و ئەمەش ئەولەویەتی كاری ئەم كابینەیەیە، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاردرا بە ڕاسپاردنی وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی پارەی پێویست بۆ خەرجی مووچە لە پێش هەر خەرجیەكی دیكە، و دابینكردنی پارەی پێویست بۆ تەواو كردنی بوودجەی پێویستی ئەم مانگە.

 لە هەمانكاتدا لە كۆبوونەوەكە بڕیاردرا بە پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەش لە كەسانی پسپۆڕ و شارەزا لە هەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و ناوخۆ بە هەماهەنگیی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین و سەرجەم دامەزراوە دارایی و بانكییەكان بۆ بەدواداچوونی ڕاستیەكان سەبارەت بە داهاتە گشتیەكان و گەیشتن بە ڕاست ودروستی ئەو قسانەی لەمبارەیەوە دەكرێن.
 
......
گەڕێكی دیكەی شەڕی نەوت لەنێوان هەولێر و بەغدا دەستیپێكرد  
چاودێر:

گەڕێكی دیكەی شەڕی نەوت لەنێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەندی بەغدا دەستیپێكردەوە بەتایبەت دوای كۆبوونەوەكەی هەولێری هاوپەیمانی رزگاری نیشتمان و پێداگری لەسەر پێكهێنانی كابینەی زۆرینە.

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا دووپاتیكردەوە كەیسی نەوت و غازی هەرێمی كوردستان دەستوورییە.

ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستان گوتی: هەنگاوەكانی هەرێم لەبارەی نەوت و گاز پێچەوانەی دەستوور نین.

لای خۆشیەوە جوتیار عادل گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا دووپاتیكردەوە گرووپ و هێزی چەكدار دەستی بەسەر كێڵگە نەوتییەكاندا نەگرتووە و گوتیشی: كۆمپانیای نەوتی باكوور لە دەرەوەی یاسای نەوت و غاز كار دەكات.

ئەم لێدوانەی حكومەتی هەرێم دوای لێدوانێكی كۆمپانیای نەوتی باكوور بوو كە هەرێمی كوردستانی تۆمەتباركرد بە هێزی چەكدار دەستی بەسەر كێڵگەنەوتییەكاندا گرتووە و سكاڵایان تۆماركردووە بۆ گەڕاندنەوەیان.

هاوكات زانیاری ئەوەش لە ئارادا هەیە كە جوجۆڵی سووپای عێراقی هەیە بەرەو بیرەنەوتەكانی خوورمەڵە لە هەولێر و عەین زالە لە موسڵ، لەبەرامبەردا پارتیش جووڵەی بەهێزكردووە.

هاوكات وەزارەتی نەوتی عێراق نووسراوی بۆ كۆمپانیاكانی نەوت لە هەرێم كردووە كە دەبێت گرێبەستی نوێ لەگەڵ كۆمپانیای سۆمۆ ئەنجامبدەن بۆ بەردەوامیدان بە كارەكانیان، بەپێچەوانەوە ناتوانن كار بكەن.

ئەم جموجۆڵانە لەپێناو جێبەجێكرانی بڕیارەكانی دادگەی فیدراڵیە كە كەیسی نەوت و غازی هەرێمی بە نادەستووری نێوبردووە و هاوكاتی جموجۆڵەكانی هەوڵی هەناردەكردنی غازی هەرێمیشە بۆ دەرەوە.

شرۆڤەكاران لەوبڕوایەدان ئەم شەڕەی لەسەر نەوت دەستیپێكردووە، رەهەندێكی سیاسیشی هەیە لەسەر پێكهێنانی كابینەی زۆرینە و پشتگیری پارتی لەبەرەی سەدرییەكان.

شرۆڤەكاران چاوەڕێدەكەن گووشارەكان لەسەر هەرێم تووندتر ببن، وەك كاربەدەستێكی ئەمریكی لە عێراق گوتی مەترسی لەسەر كیانی هەرێمی كوردستان هەیە.