یه‌كه‌م ماركسى كورد ...!
چیرۆك
یه‌كه‌م ماركسى كورد ...!
موحسین ئه‌حمه‌د عومه‌ر
ده‌مویست ئه‌م چیڕۆكه‌م به: هه‌بوو نه‌بوو، كه‌س له
خوا گه‌وره‌تر نه‌بوو، كه‌س له به‌نده درۆزنتر نه‌بوو، كه‌سیش له‌م كورده سه‌ر
پڕ چیڕۆكتر نه‌بوو..." ده‌ست پێ بكه‌م، به‌ڵام له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م سه‌رنج په‌شیمان
بوومه‌وه، چونكه: هه‌بوو نه‌بوو... ته‌نیا بۆ چیڕۆكى خه‌یاڵى ده‌شێ، ئێ خۆ منیش
به ته‌ما نیم چیڕۆكێكى خه‌یاڵى بگێرمه‌وه، به‌ڵكو من ده‌مه‌وێ چیڕۆكێكى واقیعى
بگێڕمه‌وه، واقیعى وه‌ك تیغى ده‌بان تیژ و ببڕ بێ، ئیتر ئه‌وه بوو، پێش په‌نجا
ساڵ، بگره زیاتریش، ڕۆژێك له‌به‌ر ده‌رگا له‌گه‌ڵ سامى به هێمنى ڕاوه‌ستابووین،
به خۆمان و به هه‌ڵكه‌وتى تراژیدى خۆمان پێده‌كه‌نین، هه‌ڵبه‌ت دواى تێپه‌ڕینى
هه‌فته‌یه‌كى پڕ له هه‌را و سه‌رادوونان و وشه و هه‌ڕه‌شه‌ى ئاگرین، له ناكاو
لنگه پێلاوێكى قوڕس فڕكه‌ى كرد به بنا گوێم كه‌وت، سه‌ر و گێلاكى سڕ كردم، وێڕاى
ئه‌مه‌ش گوێم له چه‌ند وشه‌یه‌ك بوو: هه‌ى زه‌ندیق، هه‌ى فه‌رمه‌سۆن ئه‌وه‌شت
كردووه !؟
ئێسته‌ش ئه‌م وشانه دواى تێپه‌ڕینى ئه‌و هه‌مووماوه
زۆره، له‌ناو گوێم و سه‌رم ده‌زرنگێنه‌وه، ئه‌وسا ئه‌م وشانه بۆ من مه‌رگه‌ساتێكى
ڕاسته‌قینه بوو، به‌ڵام ئێسته هه‌ر جاره‌ى، كه به یادم دێنه‌وه پێده‌كه‌نم،
كۆمێدیایه‌كى پڕ له فرمێسكم دێـته به‌رچاو، هه‌رچه‌ند وه‌ختیش تێپه‌ڕێ زیاتر
زایه‌ڵه و سه‌داى وشه‌كان به ئازارتر و كۆمێدى تر دێنه به‌رچاو. له ڕاستیدا، له
ڕوانگه‌ى ئه‌مڕۆوه، له گاڵته‌جاڕییه‌ك یان كڵاو له‌سه‌ر نانێك زیاتر نه‌بوو. به‌ڵام
ئه‌وسا، هه‌ڵكه‌وته‌كه شتێكى تر بوو، زۆر ترسناك بوو، ده‌شیا هه‌موو شتێك ڕووبدا،
به شێوه‌یه‌كى زۆر گاڵته‌جارانه و له ته‌مه‌نى پانزه به‌هارى بكه‌ویته جیهانى
ئه‌ودیو، جیهانى ژێر زه‌مین، ئیتر جارێكى دى، ئه‌و دڵه بچكۆڵه‌یه ترپه‌ى نه‌یێ،
ئه‌و نیگا ته‌ڕأنه جیهان نه‌بیننه‌وه.
ئه‌وسا كه ته‌مه‌نم هه‌ر پانزه به‌هارێك بوو، عه‌شقێكى
گه‌وره‌ى خوێندنه‌وه و ئه‌ده‌ب، به تایبه‌تى خوێندنه‌وه‌ى شیعر و لاسایى كردنه‌وه‌ى
شاعیران سه‌ر و دڵى گرتبووم، كتێب وه‌ك جیهانێكى شاراوه و پڕ له ته‌لیسم منى بۆ
خۆى كێش ده‌كرد، ئێستاش نازانم یان نه‌مزانى ئه‌م خولیایه سه‌رچاوه‌كه‌ى له
كوێوه دێ، چونكه من باس له په‌نجا ساڵ پێش ئێسته ده‌كه‌م، به‌ڵكو زیاتریش، ئه‌و
سه‌رده‌مه، له‌و شاره‌ى ئێمه لێى ده‌ژیاین كتێب هه‌ر نه‌بوو، كه كتێبێك ده‌رده‌چوو،
ده‌بوایه پێشتر بچى ناوى خۆت له تاقه كتێبفرۆشى شار له پێش یانه‌ى فه‌رمانبه‌ران
تۆمار بكه‌ى، ئه‌و كتێبفرۆشییه‌ش كۆشكێك بوو له دار و به‌رد دروست كرابوو، هه‌ر
به قه‌د ژوورێكى بچكۆڵه بوو، چه‌ند سه‌د كتێبێكى كۆن و هه‌ندێ ده‌فته‌ر و قه‌ڵه‌مى
لێ بوو. شاریش بۆخۆى زۆر بچووك بوو، ته‌نیا قه‌ڵات و چه‌ند گه‌ڕه‌كێكى بچووك بوو،
ده‌تتوانى به چاره‌كێك ڕاكردن به خێرایى له‌وسه‌رى شار بچیه ئه‌وسه‌رى. خه‌ڵكه‌كه‌شى
هه‌موو ساده ساكار بوون، كه‌س فێلى له كه‌س نه‌ده‌كرد، كه‌س كه‌سى بریندار نه‌ده‌كرد،
هه‌موو له‌گه‌ڵ یه‌كتر داده‌نیشتن و هه‌موو به‌یه‌كه‌وه ده‌چوونه نوێژ و هه‌موو
به یه‌كه‌وه ده‌گریان، خۆشی و جه‌ژنه‌كانیشیان به یه‌كه‌وه ده‌كرد، به كورتى
شار له سه‌رده‌مى ڕۆمانسی خۆى بوو، به‌ڵام ئه‌و سه‌رده‌مه دووره ده‌مێكه
كۆتایى هاتووه، ئێسته سه‌رده‌مى نوێخوازى و ماشێن و گه‌نده‌ڵییه، هه‌موو له یه‌كترى
به گومانن، هه‌موو له‌سه‌ر شكاندنى ملى یه‌كتر ده‌ژین، كه‌س له‌گه‌ڵ كه‌س
دانانیشێ، كه‌س كه‌س ناناسێ و هه‌ر كه‌سه بۆ خۆیه‌تى.
گه‌ڕه‌كه‌كه‌ى ئێمه له‌لاى باكورى شار بوو، كۆمه‌ڵه
خانووێك بوو، تازه دروست ده‌كران، هێشتا ناوێكى ئه‌وتۆى نه‌بوو، پاشان ده‌بێـته
به‌شێك له گه‌ڕه‌كى ته‌یراوه، ماڵه‌كه‌ى ئێمه و ماڵى سامى له خانووه هه‌ره
دووره‌كانى ئه‌و گه‌ڕه‌كه بوو، تا ڕاده‌یه‌ك له لێوارى شار بوو، ئه‌مه‌ش ئه‌و هه‌سته‌ى
پێده‌داین هێشتا هه‌ر له لادێ بین، له شار بووین به‌ڵام له شاریش نه‌بووین، له
لادێ بووین به‌ڵام لادێش نه‌بووین، كه له ماڵ ده‌رده‌چووین ده‌كه‌وتینه ناو قه‌رسیل
و ده‌شتێكى پان پۆڕ هه‌تا چاو بڕكا به‌رین بوو، له دوور، له ئاسۆى زۆر دووریش،
لووتكه‌ى سپى شاخه به‌رزه‌كان به ڕوونى ده‌بینران، به درێژایى ساڵ هه‌رده‌م به
به‌فر داپۆشرابوون.
ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ى ئێمه هاوینان پڕ له تۆز و غوبار ده‌بوو،
زستانانیش چۆكێك ده‌كه‌وتینه ناو قوڕ. ئێستاش به بیرم دێته‌وه، ڕۆژێك هاتن
كۆڵانه‌كه‌ى ئێمه‌یان چه‌وڕێژكرد و هه‌ندێ قیڕى شلیان پێداكرد، به‌م چه‌شنه دواى
په‌ستانه‌وه‌ى، خه‌ڵك و ماشێن ده‌یانتوانى به‌سه‌ریدا بڕۆن بێ ئه‌وه‌ى پێیان به
قوڕ بێ. ئه‌و شه‌قامه له نزیك ماڵى ئێمه تا نزیك قه‌ڵا درێژ ده‌بووه‌وه، به
نێوان گۆڕستانه بچكۆڵه‌كه‌ى مه‌رقه‌دى شێخ مه‌لا ڕه‌شید و مزگه‌وت تێده‌په‌ڕى، له
ئاستى گۆڕستان و مزگه‌وت، هه‌رده‌م ئاپۆڕه‌ى خه‌ڵك هه‌بوو، هه‌رده‌میش مه‌لایه‌كى
مه‌ندیل سپى له نێو ئه‌م ئاپۆڕه‌یه ده‌بینرا.
به هۆى ئه‌وه‌ى تاقه ماڵى مه‌لازاده‌ى گه‌ڕه‌ك بووین، ئێواران پیاوه‌كانى گه‌ڕه‌ك، هه‌ره
نزیكه‌كان له ده‌ر و درواسێ، كه شه‌ش حه‌وتێك ده‌بوون، هه‌موو ئێواره‌یه‌كى دره‌نگ،
به تایبه‌تى له شه‌وانى درێژى زستان ده‌هاتنه لاى باوكم، به ده‌م جگه‌ره‌كێشانى
زۆر و چاخواردنه‌وه و گفتوگۆ و گوێگرتن له ڕادیۆى ئیسرائیل و به‌غدا و كرماشان
(یه‌كێ بوو، یه‌كێ نه‌بوو، به‌رنامه‌ى چیڕۆكى شه‌و...) داده‌نیشتن، شه‌وان، هه‌ندێ
جار به هۆكارى ته‌كنیكى، رادیۆى به‌غدا بۆ ده خوله‌كێك زیاتر یان كه‌متر له‌ناكاو
په‌كى ده‌كه‌وت، ئه‌وانیش هه‌ست و حوستى خۆیان ڕاده‌گرت، یه‌كسه‌ر ده‌چوونه سه‌ر
ئێستگه‌ى ئیسرائیل و ده‌یانگوت با بزانین مه‌سه‌له چیه، هه‌بێ و نه‌بێ له به‌غدا
ئینقلاب بووه... ئیتر ئه‌مه به‌زمى هه‌موو شه‌وێك بوو.
گفتوگۆى ئه‌و شه‌وانه بۆ من جیهانێكى سه‌یر بوو، زۆر شت
فێر بووم و زووش هه‌ستم كرد گه‌وره بوومه، ئه‌م دانیشتنانه، جۆرێك له ئاگایى و
ئاماده‌گى پێ به‌خشیبووم، له هه‌مان كات به هۆى ئه‌وه‌ى مافم نه‌بوو قسان بكه‌م،
هه‌ر ته‌نیا گوێگربووم، ئه‌م هه‌ڵكه‌وته‌م له‌گه‌ڵ هاوڕێكانیشم دووباره ده‌بووه‌وه،
به‌ڵام ئه‌وان ده‌یانزانى من كتێب ده‌خوێنمه‌وه، به تایبه‌تى من زیاتر له سامى
نزیك بووم و به‌یه‌كه‌وه كتێبمان ده‌كڕى و ده‌خوێنده‌وه. به‌ڵام له‌ناو
هاوڕێكانیشم كه‌متر قسه‌م ده‌كرد، زۆرتر بێده‌نگ بووم. هه‌ر ئه‌م هه‌ڵكه‌وته‌ش
وایكردبوو، كه‌متر خولیاى یارى و ئه‌مسه‌ر و ئه‌وسه‌رمان له‌گه‌ڵ هاوڕێكانى گه‌ڕه‌ك
هه‌بێ، ئه‌وان هه‌ندێ جار ده‌چوون له‌گه‌ڵ گه‌ڕه‌كى تر شه‌ڕیان ده‌كرد، من و سامى
زیاتر به یه‌كه‌وه بووین و تێكه‌ڵى ئه‌وان نه‌ده‌بووین. كتێب و خوێندنه‌وه هه‌ردووكمانى
سه‌راسیمه و وێڵ كردبوو، بۆ خۆى ڕاده‌كێشاین، پاره‌مان كۆده‌كرده‌وه، ده‌چووین
به كتێبمان ده‌دا، یه‌كه‌مین كتێب كه كڕٍیمان "فڕى
فڕى قه‌ڵ فڕى" بوو، ڕاستیه‌كه‌ى به‌و دواییه زانیم ئه‌م كتێبه له نووسینى
"مه‌لاى گه‌وره"یه، ناوه‌ڕۆكه‌كه‌یم به ته‌واوى له یاد نه‌ماوه و
نازانم باسى چى ده‌كا. جارێكیان له‌گه‌ڵ سامى بۆ كتێب كڕین چووینه كه‌ركوك، بۆ
كتێبخانه‌ى عه‌سرى، شه‌و دره‌نگ، زۆر دره‌نگ و به زه‌حمه‌ت گه‌یشتینه‌وه ماڵ، به‌یانییه‌كه‌ى
سه‌ر و لێدانى باشمان خوارد. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ش هه‌ستمان ده‌كرد بووینه‌ته خوێنه‌وار،
له ساڵى سێیه‌مى دواناوه‌ندى بووین، هه‌راشتر بووبووین، خۆمان ئاماده ده‌كرد
بچینه ئاماده‌یى، هه‌ر ئه‌وساش كتێبى فه‌لسه‌فیشمان ده‌خوێندنه‌وه، به‌ڵام زۆریش
به زه‌حمه‌ت تێیده‌گه‌یشتین.
له كاتێكدا ئه‌و ساڵه خوێندن به‌ره‌و كۆتایى ده‌چوو،
هاوینى گه‌رم ورده ورده هه‌ڵده‌كشا، ئه‌و ڕێگایه‌ى له نزیك ماڵى ئێمه‌وه بۆ
ناو شار ده‌چوو، دا‌غ ده‌بوو، نیوه‌ڕۆیان هه‌ڵمى لێ هه‌ڵده‌ستا، كه به پێ له‌سه‌رى
ده‌ڕۆیشتى، له هه‌ندێ شوێن پێـت ده‌كه‌وته ناو قیڕى شل و ده‌یسووتاند، بۆیه خه‌ڵكه‌كه
تا ئێواره‌یه‌كى دره‌نگ چاوه‌ڕێیان ده‌كرد، تاكو تۆزێك تینى نه‌ده‌ما، ئه‌وسا ده‌رده‌چوون،
ئێمه‌ش كوڕه‌كان، به تایبه‌تى من و سامى ده‌چووینه ناو شار و سه‌رێكمان له كتێب
فرۆشییه‌كان ده‌دا و به ده‌ورى قه‌ڵا ده‌سووڕاینه‌وه، پاشان ده‌چووین له تاقه
چایخانه‌ى ناو دار و دره‌خت كه به "گازینۆى شه‌وانى هه‌ولێر"
ناسرابوو، له بن دره‌خته‌كان داده‌نیشتین، كۆكه‌كۆلامان ده‌خوارده‌وه، له‌گه‌ڵ
خواردنه‌وه‌ى ده‌بوایه چاوه‌كانت بنووقێنى، چونكه مێشكى ده‌ته‌زاندین، پاشان
كوڕه‌كانى تریش ده‌هاتن، وه‌ك فه‌قێ و ناسر و ئه‌وانى دى.
له یه‌كێ له‌و ئێواره گه‌رمانه، كه گه‌یشتینه پێش
كتێبفرشى به‌ر ده‌رگاى یانه‌ى فه‌رمانبه‌ران، چاوم كه‌وته سه‌ر كتێبێكى به‌رگ
سپى، به سوورى تۆخ له‌سه‌رى نووسرابوو:"ماتریالیزمى دیالێكتیك"، ناوى
نووسه‌ر و وه‌رگێڕه‌كه‌یم له یاد نه‌ماوه. ناونیشانه‌كه بۆ خۆى مه‌ته‌ڵ و ته‌لیسمێك بوو، پڕ له پرسیار و ڕامان بوو،
من خه‌ریكى هه‌ڵگێڕ وه‌رگێڕى كتێبه‌كه بووم، یه‌كێك له هاوڕێكان، كه له ئێمه،
من و سامى گه‌وره‌تر بوو، كه‌سێكى به دین بوو، له‌وێ وه‌ستابوو، ورد ورد سه‌یرى
ئێمه‌ى ده‌كرد، ئێمه‌ش نه‌مانده‌زانى مه‌سه‌له چیه. دواى خوێندنه‌وه‌ى چه‌ند
دێرێك هه‌ستم كرد له كتێبه‌كه ده‌گه‌م و هیچ كێشه‌یه‌كم نیه، به‌ڵام قوڕسیش ده‌هاته
به‌رچاو، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ى نرخه‌كه‌ى زۆر بوو، سێ درهه‌م بوو، بۆیه نه‌متوانى
بیكڕم و له جێى خۆیم داناوه. ئه‌و كوڕه‌ش كه سه‌یرى ئێمه‌ى ده‌كرد، له‌و ساته‌دا
ڕووى له من و سامى كرد، بێ ئه‌م لاو ئه‌ولا گوتى جارێكى دى ده‌ست له‌و كتێبه نه‌ده‌ن،
ئه‌مه كتێبى كافر و زه‌ندیق و فه‌رمه‌سۆنه‌كانه، نه‌كه‌ن بیخوێننه‌وه. له‌گه‌ڵ
ئه‌م قسانه كه‌مێك ترسام، به‌ڵام نه‌مده‌زانى چى بكه‌م، چونكه له مه‌به‌ستى نه‌ده‌گه‌یشتین،
بۆیه له‌و شوێنه دوور كه‌وتینه‌وه. به‌ڵام كتێبه‌كه و قسه‌كانى ئه‌و كوڕه، هه‌ر
له‌ناو سه‌رم ده‌هات و ده‌چوون، هه‌راسانیان كردبووم. ده‌مویست به هه‌ر چه‌شنێك
بێت ئه‌و كتێبه بخوێنمه‌وه، چونكه له‌و چه‌ند دێره‌ى به‌رایی كه خوێندمنه‌وه،
هه‌ستم كرد بۆ خۆیم ڕاده‌كێشێ، ئه‌و كتێبه و ئه‌م زمانه وه‌ك هیچ یه‌كێك له‌و
زمان و ئه‌و كتێبانه نه‌بوو كه پێشتر خوێندبوومنه‌وه، ئه‌م كتێبه ده‌تگوت دڵ و
گیانت ده‌گرێ و سه‌راوبنت ده‌كا، ئه‌مه‌ش بۆ خۆى وه‌ك ئه‌فسوونێك بوو، بێگومان
وابوو، له نیگاى ئه‌مڕۆوه ئه‌فسوونى كتێب بوو.
ڕۆژى دواتر، یان چه‌ند ڕۆژێك دواتر، له‌گه‌ڵ سامى گه‌ڕاینه‌وه
لاى كتێبفرۆشییه‌كه‌ى به‌ر ده‌رگاى فه‌رمانبه‌ران، كتێبه‌كه‌مان به جووته كڕى و
شاردمانه‌وه. شه‌و به دزى له ماڵ تا به‌یانى خوێندمه‌وه، هه‌موویم ته‌واو كرد،
پاشان كتێبه‌كه‌م دا به سامى ئه‌ویش خوێندییه‌وه، سه‌ره‌تا كه‌مێكى لێ تێگه‌یشتم،
به‌ڵام بۆ ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌ك گێژ و وێژى كردبووم، جارێكى دیكه‌ش به نهێنى
خوێندمه‌وه، ئه‌م جاره‌یان باشتر تێگه‌یشتم، مانگێك دواتر ئێمه، من و سامى كه‌سێكى
تر بووین، كتێب ورده ورده كارى خۆى لێمان كردبوو، پاشان یه‌كێكى تریشمان خوێنده‌وه
به ناوى "ماتریالیزمى مێژوویى"، سه‌ره‌نجام دوو مانگ دواتر، تا پاییزه‌كه‌ى
من و سامى بووبووینه دوو ماركسى هه‌ر مه‌پرسه چه‌ند توند و تۆڵ بووین، هه‌موو ده‌م
تووش و تووڕه بووین، ڕه‌خنه و ناڕه‌زاییمان به‌رانبه‌ر به هه‌موو شتێك ده‌رده‌بڕى،
دژى هه‌موو وه‌همێك ده‌وه‌ستاینه‌وه، نوێژمان ته‌رك كردبوو، خۆمان به دوژمنى
ئاغا و ده‌ره‌به‌گه‌كان ده‌زانى، كتێبى یه‌كه‌م فێرى كردین دژى هه‌موو وه‌همێكى خه‌یاڵى
بین، كتێبى دووه‌م فێرى كردین دژى هه‌موو چه‌وسانه‌وه‌یه‌ك بین. ئه‌م كتێبانه
باسى ئه‌وه‌یان ده‌كرد مرۆ ئه‌نجامى گه‌شه‌سه‌ندنى باڵاى ماته‌ره، بیركردنه‌وه و
ئاگایى مرۆڤ سه‌ر به جیهانى ماته‌رى ئۆرگانیكین، دنیا بۆشاییه و هیچ وه‌هم و خه‌یاڵێكى
تێدا نیه، ئه‌وه ته‌نیا مرۆڤه بیر ده‌كاته‌وه و خه‌ون ده‌بینێ، بیركردنه‌وه و
خه‌ون جیهانى مرۆیین، دنیا نه بیر ده‌كاته‌وه نه وه‌همى تێدایه. كۆمه‌ڵ له چه‌ند
چینێك پێكدێ. چینى هه‌ژار و جووتیار و چینى سه‌رمایه‌دار و ئاغا‌كان، ئه‌مانه له‌سه‌ر
دووبه‌ره‌كى و ملشكاندنى یه‌كتر ده‌ژین، هه‌موو ئه‌م شتانه له‌ناو مێشكمان ده‌سووڕایه‌وه
و وه‌ك بڵێسه كڵپه‌ى ده‌سه‌ند، پرسیارى ئه‌وه‌ى له لا ده‌ورووژاندین، ئه‌م
دنیایه بۆ دادپه‌روه‌رى تێدا نیه، ئه‌ى ده‌بێ چى بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى هه‌بێ، ده‌یان
پرسیارى دى...
هه‌ر ئه‌و پاییزه دره‌نگه ئه‌و ئایدیا و ڕوانینانه له‌ناو
لاوان و كوڕانى گه‌ڕه‌كیش بڵاو ببووه‌وه، هه‌موویان باسى هه‌مان ئه‌و بابه‌تانه‌یان
ده‌كرد، هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌ش، له ڕۆژنامه‌ى "بیرى نوێ" وتارێك له‌سه‌ر
هه‌مان كتێب نووسرابوو، به‌ڵام به ناونیشانێكى تر و به بچووككردنه‌وه و
بێماناكردنى فه‌لسه‌فه‌كه: ئایه خودا هه‌یه؟ ڕۆژنامه له گه‌ڕه‌ك ئاگرى ده‌كرده‌وه،
هه‌موو گه‌ڕه‌ك باسیان ده‌كرد، ڕۆژنامه‌ى گۆرینیان بۆ مه‌لاى مزگه‌وت برد بوو، ئه‌ویش
له‌ناو ئاپۆڕه‌ى خه‌ڵك سه‌رنجى ڕۆژنامه‌كه‌ى ده‌دا به هه‌ر دوو ده‌ست كردبوویه‌وه
و قسه‌ى بۆ خه‌ڵكه‌كه ده‌كرد، ده‌یگوت: "ئه‌مه نابێ و ناكرێ، ئه‌مه كاره‌سات
و دنیا خرابوونه، حكومه‌ت ده‌بێ چاره‌سه‌رێك بۆ ئه‌مه بدۆزێته‌وه، ئاوا بڕوا هه‌موو
بێ دین ده‌بن!؟"
له‌ولاشه‌وه باس و خواسى ئێمه و لاوه‌كانى گه‌ڕه‌ك گه‌یشتبووه
مه‌لاى مزگه‌وت، مه‌لاش ڕۆژێك بانگى باوكمى كردبوو، پێى گوتبوو ئاگادارى كوڕه‌كه‌ت
به، ده‌بینم ئێسته نوێژان ناكا و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى دراوسێكه‌تان نازانم ناوى چیه،
مه‌به‌ستى سامى بوو، كتێبى ناڕه‌وا ده‌خوێننه‌وه، قسه‌ى گه‌وره گه‌وره ده‌كه‌ن
و ده‌ڵێن ئێمه دژى هه‌موو وه‌هم و ئاغا و ده‌ره‌به‌گێكین. باوكیشم هه‌ستى كردبوو
له هه‌فته‌كانى دوایى گۆڕانێك له من ڕوویدابوو، به‌ڵام دروست نه‌یده‌زانى چیه،
به درێژایى ئه‌و پاییزه نه‌یبینى بوو نوێژ بكه‌م، هه‌ستى كردبوو، شه‌وان تا دره‌نگ
به دیار كتێبان ده‌مێنمه‌وه به‌ڵام چ كتێبیش دیار نیه، هه‌ستى كردبوو من
گۆڕاوم، به‌ڵام ئه‌وه‌شى هه‌ست كردبوو له گه‌ڵ براده‌ره‌كانم كۆده‌بمه‌وه و
گفتوگۆ و قسان ده‌كه‌ین، به كورتى، زۆریان بۆ گێڕابووه‌وه و زۆریشیان بۆ تێكوشى
بوو. بۆ ڕۆژى دوایى مه‌لا له خوتبه‌ى مزگه‌وت به ئاشكرا باسى هه‌موو ئه‌و شتانه‌ى
بۆ خه‌ڵكه‌كه كردبوو، گوتبووى گه‌نجه‌كانى گه‌ڕه‌ك مێشكیان تێكچووه، هه‌موویان
بوونه‌ته ئیشتراكى، كتێبى فه‌رمه‌سۆنه‌كان ده‌خوێننه‌وه، له دین وه‌رگه‌ڕاون و
بوونه‌ته زه‌ندیق و رافزى. ئه‌م قسانه وه‌ك ئاگرى ناو پووش و په‌ڵاش به‌م نیوه‌ڕۆیه
گڕى له گه‌ڕه‌ك به‌ردا بوو. پیاوه‌كان سوور هه‌ڵگه‌ڕابوون، بڵێسه و دووكه‌ڵ له
مزگه‌وت هه‌ڵده‌ستا، له‌گه‌ڵ ته‌واو بوونى خوتبه، له گه‌ڕه‌ك بووه گه‌ڕه‌ڵاوژه
و هه‌را و هۆریا و ڕاكه ڕاكه و به‌زمێك، ئه‌وسه‌رى دیار نه‌بێ،
له‌م كه‌ین و به‌ینه، هه‌ر ئه‌و ئێواره دره‌نگه‌ى
پاییز‌ى، دنیا كه‌مێك سارد بوو، من و سامى له پێش ده‌رگا وه‌ستابووین، له دوور
باوكمم بینى به خۆى و كه‌وێ سه‌ڵته‌ى به‌رى، ورده ورده به‌ره‌و ئێمه دێ. دواتر
من سه‌رنجم ڕۆیشت، به‌ڵام چه‌ند ساتێك دواتر، له ناكاو لنگه پێڵاوێكى قوڕس فڕكه‌ى
كرد و به بناگوێم كه‌وت، زۆر ئازارى دام، به‌ڵام تێگه‌یشتم، یه‌كسه‌ر هه‌ر یه‌كه
بۆ لایه‌ك ڕامانكرد، براكه‌م حه‌وت گه‌ڕه‌ك سه‌رادووى منى نا بمگرێ و بمداته ده‌ست
باوكم، به‌ڵام من له‌و سووكه‌ڵه‌تر به غارتر بووم، ئێسته و ئێسته‌ش نه‌یتوانى
بمگرێ.
سه‌ره‌نجام به درێژایى یه‌ك هه‌فته، بگره زۆرتریش نه‌ده‌وێرام
بگه‌ڕێمه‌وه ماڵ، ته‌نیا وه‌ختێكى زۆر دره‌نگى شه‌وان نه‌بێ، ئه‌و كاته‌ى هه‌موو
ده‌نووستن ده‌گه‌ڕامه‌وه، تاقه كه‌سێك بێ ئه‌وه‌ى بزانێ مه‌سه‌له‌كه چیه
پشتگیرى ده‌كردم، دایكم بوو، به‌رانبه‌ر به‌م دۆخه سه‌ركۆنه‌ى باوكمى ده‌كرد، ده‌یگوت
له پاى چى ئازارى ده‌ده‌ن، چى كردووه، ئه‌گه‌ر وا بڕوا كوڕه‌كه‌ه‌تان له ده‌ست
ده‌ده‌ن. دواى ئه‌وه، نزیكه‌ى ده ڕۆژێكى پێچوو، دنیا ئارام بووه‌وه، من و سامى
بووبووینه دوو ماركسى ڕۆمانتیكى سه‌ر پڕ له خه‌ون وخولیا، ئێواره‌یه‌ك وه‌ك
جاران، له پێش ماڵ یه‌كتریمان بینییه‌وه، ئه‌وه‌نده به خۆمان پێكه‌نین، ئه‌وه‌نده
پێكه‌نین، خه‌ریك بوو ببوورێینه‌وه. ئه‌مڕۆش، ئه‌م وشانه، ناوه‌ناوه وه‌ك
كۆمێدیایه‌كى پڕ له فرمێسك به خه‌یاڵمدا دێنه‌وه، هه‌ست به فڕكه‌ى له ناكاوى
لنگه پێڵاوه قوڕسه‌كه ده‌كه‌م، وێڕاى سه‌دایه‌ك: هه‌ى زه‌ندیق، هه‌ى فه‌رمه‌سۆن،
ئه‌وه‌شت كردووه !؟