یادەوەرییەکانی مەزنەژنێک

رۆشنبیری 21/12/2023


دادە مەلەکە، مەلەکەی مستەفای سوڵتانی، مەلەکەی خوشکی پێنج شەهید و هاوسەری شەهید دکتۆر جەعفەری شەفیعی، پاش نزیکەی چل و پێنج ساڵان، حیکایەتە خوێنلێتکاوەکان و مەینەتی و تاڵییەکانی (تاڵەسوار) و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە سێبەری (قەلەبەرد)دا، دەنووسێتەوە!
تۆ مەگەر کێودڵێک بیت، تا بتوانیت هەگبەی بە خوێنئاخنراوی ئەو زامانە بکەیتەوە و چەپک چەپک، لێیان ڕامێنیت و لەسەر تەونی هزرینی خۆت، ڕایانخەیت و سواڵە سواڵە، بیانهێنیت و لەبەر تیشکی هەڵلەرزیوی خۆری خوێندنەوەیان بنێیت.
من لە خوێندنەوەی ئەو ڕووداوانەدا، چەندین جاران، تەمتومانی مێژوو، سۆمای بینینی ڕەش کردم و بە ناچاری، دەرکەکانم پێوەدان و هەر لە باڵای تاڵەسوار و مەریوان و سنەم ڕوانی.
کتێبێک، بە زمانێکی سادە و ڕستەسازییەکی لە دڵنیشتوو، مێژووی بنەماڵەیەکی لەخوێندانغرۆ بوو، مەریوانێکی ڕاپەڕیو، کاک فوادێکی هزرقووڵ، یەکێتیی جووتیاران، خەباتی ژنان، کۆڕەوی مەریوان، هێرشی ڕژێمی ئێران بۆ کوردستان و تیربارانکردن و ڕەشەکوژیی گەنجەکان، کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و خەباتی سیاسی و چەکداریی ئەو لە کوردستان، شەهید و قوربانییەکانی بنەمەڵەی سوڵتانی و هەموو خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان، ئاوارەبوون و ئۆردووگاکان، بنج و بنەمای ناکۆکییە فیکری، سیاسی و کەسەکەییەکان، بەڵا و گورزەکانی "مەنسووری حیکمەت" و هاوەڵەکانی بۆ سەر گیان و جەستەی کۆمەڵە، خەمساردی و بێوەفاییی سەرکردەکانی کۆمەڵە، لەهەمبەر قوربانیدانەکانی ئەم بنەماڵەیە و هەموو ئەم ڕووداوانە و گەلێکی دیکەش، بۆ ئێمە و نەوەی ئێستا دەگێڕێتەوە.
چاوی یادەوەرییەکانی ئەو، چ کامێرایەکی ورد و بەدیققەتە، بۆ زیندووکردنەوەی وێنەی تراژیدییەکان و چۆن ساتەوەختی شهیدبوونی کاک فواد و چوار براکەی و مەزنیی دایکە بەهییەی پێنج ڕۆڵە شەهید، وێنە دەگرێت و زیندوویان دەکاتەوە.
دایکە بەهییە، ژنێکی ناوازە و بێوینە، کە لە لەشکرگەکانی پاسدارانەوە، لە تەورێز و مەریوانەوە، تەرمی خوێناویی ڕۆڵەکانی، دەهێنێتەوە "ئەڵمانە" و بە دەستی خۆی، لە تاڵەسوار، دەیاننێژێت و ئیدی گۆڕستانیش، بۆ ئەبەد، سوور دەچێتەوە.
ئەگەر ئێمە، لە خوێندنەوەی یادەوەرییەکاندا، بتوانین بازنەی سۆز و نۆستالگیا ببەزێنین و ڕووداوە ڕێکخراوەیی و سیاسییەکانی دەروونی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و ئاڵوگۆڕەکانی، قووڵ و ورد، بخوێنینەوە، گەلەک شتان فێردەبین و لەو حەقیقەتانە دەگەین، کە تیور و واقیعی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کەلتووری، زۆر لێک دوورن.
کۆمەڵە، ئەگەر لە خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا، هەندەک داهێنانی ناوازەی کردبێت، دیسانیش هەڵگری کۆمەڵێک خەسڵەت و ئیدەی نەرێنی بووە کە سەرئەنجام، خۆی وێران کرد.
خوێندنەوەی ئەم کتێبە، لێڕامان و کۆڵینەوەی فرە و قووڵتری گەرەکە و شایەتێکی زیندووە لەسەر خەبات و تێکۆشانی چەپ و چەپخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کارەسات و مەینەتییەکانی ئەو بەشەی میللەتەکەمان، لە بزووتنەوەی ڕەوای کورددا.
دادە مەلەکە!
ئێمە دەزانین، تۆ هەڵگری چ زامانێکی خۆێنلێچۆڕاویت... زامی کاک فوادی ڕابەر و چوار براکەی دیکەت، زامی شەهید جەعفەر و مەرگی ناوادەی "بەیان"ی تاقانەتان!
تۆ ژنێکی ناوازە و مەزنیت!
تەنێکی دروست و تەمەنێکی درێژت، بۆ دەخوازم.
پشکۆ نەجمەدین
21ی دێسامبەری2023