دەستور و دادگای باڵای فیدراڵی

کوردستان پێش 4 هەفتە

حاکم رزگار: پاشەکشێ هەیە لەعێراقدا بەرامبەر سیستەمی فیدراڵی و دەسەڵاتی سیاسیی عێراق باوەڕی بە دەستور نیە
ئەمڕۆ 6/4/2024 لە هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی لە تۆڕی ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر، سیمینارێک بەناونیشانی (دەستور و دادگای باڵای فیدراڵی) بۆ حاکم رزگار بەڕێوەچوو.
حاکم رزگار لە سەرەتای قسەکانیدا باسی گرنگی و مێژوی دانانی دەستور لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و عێراقدا کرد کە لە سەدەی 19وە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا دەوڵەتی خاوەن دەستور دروست بون، هەروەها لە عێراقیش لە ساڵی 1925 یەکەم دەستوری وڵاتەکە دانراوەو دواتریش لە دوای هەموو کودەتاکان دەستوری عێراق گۆڕانکاری تێدا کراوەو هی نوێ دانراون لە ساڵی 2005 یش ئەم دەستورەی ئێستا نوسراوە. وتیشی: دەستور بنەمای دەوڵەتی مۆدێرنە.
هاوکات رەخنەشی لە هەرێمی کوردستان گرت کە دوای 33 ساڵ نەیتوانیوە دەستورێکی خۆی هەبێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوەکرد لە دەوڵەتی دەستوریدا پێویستە دادگای دەستوری (فیدراڵی) بونی هەبێت، کە گەرەنتی پاراستنی ماف و ئازادیەکان دەکات و پارێزەرە بۆ کەمینەکان.
سەبارەت بەوەی ئێستا لە عێراقدا هەیەو پێی دوترێت دادگای باڵای ئیتیحادی، ناوبراو پێیوابوو ئەو دادگایەی ئێستا نادەستوریە چونکە بە یاسایەک دانراوە کە رەتکراوەتەوە یاساکە، بۆیە خەڵک نابێت ئەم قسەیەی پێناخۆش بێت من لە ڕوی یاساییەوە قسە دەکەم ئەگەرنا پێویستە پشتگیری لە دادگای فیدراڵی بکەین، بەڵام نەک دادگایەک کە بە یاسایەکی نادەستوری کاردەکەن، چونکە ئەو دادگایە بە یاسای ئیدارەی دەوڵەت دروستکراوە کە هێشتا دەستور دەرنەچوە، یاسای ئیدارەی دەوڵەتیش دوای دەستور رەتکراوەتەوە.
سەبارەت بە سیستەمی فیدراڵی لە عێراق، حاکم رزگار وتی:  پاشەکشێ هەیە لەعێراقدا بەرامبەر سیستەمی فیدراڵی و دەسەڵەتی سیاسیی عێراق باوەڕی بە دەستور نیە.
لە کۆاتیی قسەکانیشیدا حاکم رزگار، جەختی لەوە کردەوە کە عێراق پێویستی زۆری بە دادگای دەستوری هەیەو دەبێت کوردیش لە ئەگەری هەموارکردن و دانانی یاسایەک بۆ دادگای فیدراڵی، هەوڵی ئەوە بدات قەوارەی هەرێم لە رێگەی ئەو دادگایەوە بپارێزێت. وتیشی: کاتی خۆشی نامەم بۆ بەرپرسانی هەرێم نوسی و پێم وتن یان مەچنە ناو دادگای فیدراڵی یان بە بەهێزی بچن.
دوای تەواوبونی قسەکانی حاکم رزگار، بەشێک لە ئامادەبوانی سیمینارەکە بەشداری گفتوگۆکەیان کردو و سەرنج و بۆچونەکانی خۆیان خستەڕوو. بەشێکیان هاوڕابون لەسەر نادەستوریی دادگای فیدراڵی. بەشێکی دیکەش پێیانوابوو مادام یاسای دادگای فیدراڵی ساڵی 2021 هاتۆتەوە پەرلەمانی عێراق و هەموارکراوەتەوە ئەوە پاڵپشتیەکی بەهێزە بۆ دەستوریبونی دادگاکە.