مەلا بەختیار... سیاسەتمەدارێکی ڕۆشنبیر و فەرهەنگدۆست

رۆشنبیری 23/10/2023

رێز و خۆشەویستییەک بۆ مەلا بەختیار
سیاسەتمەدارێکی ڕۆشنبیر و فەرهەنگدۆست
نوسینی: د. موختار نووری( دوکتۆرای زانستە سیاسییەکان) ــ ئێران
لە ماوەی مانەوەی کورتم لە سلێمانی و لە هۆتێل ڕامادای ئەو شارە، ــ کە میوانی 26مین فێستیڤاڵی گەلاوێژ بووم ــ لە چەند دەرفەتێکدا لەگەڵ "حیکمەت محەممەد کەریم"، ناسراو بە "مەلا بەختیار" چەند جارێک گفتوگۆمان کرد. مەلا بەختیار لە سیاسەتمەدارە دیار و ناسراوەکانی هەرێمی کوردستانە کە زیاتر لە نیو سەدەیە کاری سیاسی دەکات. "مەلا بەختیار" جگە لە کار و چالاکییە سیاسیییەکانی، کەسایەتییەکی کلتوری هەیە و ڕۆشنبیرێکی ناسراوی هەرێمی کوردستان و عێراقە. بەڕێوەبردنی بەردەوامی 26 خولی فێستیڤاڵی ئەدەبی و کولتووری نێودەوڵەتی گەلاوێژ و چاپی چەندین بەرهەمی زانستی سەلمێنەری ئەم راستییەیە.
مەلا بەختیار کەسایەتییەکی خۆشەویستی هەرێمی کوردستانە و جێگای مەرجەعیەتی خەڵکەکەیەتی. ئەگەر چی ئەم پیاوە خۆشەویست و خانەدانە زیاتر وەکوو سیاسەتمەدارێک دەناسێرێت و بە وتەی زۆربەی چالاکوانانی سیاسی و هزری، مافی بۆ بوون بە سەرۆککۆماری عێراق و سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پێشێلکراوە، بەڵام ئەوەی کە سەرنجی منی ڕاکێشا، ڕوانگە و چالاکییە فیکری و ڕۆشنبیرییەکانییەتی. بیرەوەرییەکانی لە ماوەی 50 ساڵی رابڕدوو و تەنانەت بوونی لە کرماشان و شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، تاران و هەرێمی کوردستان و سوید و ئاڵمانیا و تێکۆشانی بەرامبەر داعش و پەیوەندی لە گەڵ ئێران بۆ بەرەنگاربونەوەی داعش، زۆر بەسەرهات و بیرەوەرییەکی سەرنجراکێش بوو.
بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو شتانەی کە باسی دەکرد، کەسایەتییە ڕۆشنبیری و هزرییەکەی بەلامەوە زۆر جوانتر بوو. بەرهەمی زۆری هەیە کە زیاتر گرینگی داوە بە بابەتگەلێکی وەکوو مێژووی تێکۆشانی سیاسی، چەمکەکانی دیموکراسی، کۆمەڵی مەدەنی، ئازادی، مۆدێرنیتە و رۆشنگەری و ... هتد.
بۆ خودی من زۆر جێگای سەرنج بوو کە سیاسەتمەدارێک لە هەرێمی کوردستان گرینگی داوە بە مۆدێرنیتە و پۆست مودێرنە. کاتێک لەم بارەیەوە پرسیارم لێکرد، بە ڕاشکاوی وەڵامیدایەوە و وتی کە ئەو دژی پۆست مودێڕنیتەیە. لە هەمان کاتیشدا بە باشی بیرمەندانی پۆست مودێڕنی دەناسی. مەلا بەختیار باسی لە بەختیار عەلی شاعیر و رۆماننوسی کورد کرد کە خەلکی سلێمانیییە و لە ئەڵمانیا دەژی ــ کە زۆربەی بەرهەمەکانیشی وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی فارسی ــ وەکوو  پێشەنگی پۆست مودێڕن لە کوردستان باسی کرد. ئەگەر چی مەلا بەختیار وتی کە شانازیی بە بەختیار عەلی و چالاکییە ئەدەبییە نێودەوڵتییەکانیەوە دەکات، بەڵام دژی ئەندێشەی پۆست مۆدێڕنەکانییەتی.
هەر ئەم ڕوانگە و هزرەیە کە ئالین تۆرین، سوسیۆلۆژیستی ناوداری فەڕەنسی بانگهێشتی سلێمانی کردوە و ئەم کۆمەڵناسە سەردانی سلێمانی دەکات. لە دیدارەکەماندا مەلا بەختیار رایگەیاند، تۆرین گۆڕانکاری و پێشکەوتنە نوێگەریەکانی هەرێمی کوردستانی بەلاوە سەیر بوە. ماوەیەکیش خودی مەلا بەختیار لە ماڵی تۆرین دەبێت و لە کتێبخانەکەی ئەودا بەرهەمەکانی فۆکۆ و دریدا و لیۆتار و نوسەرە پۆست مۆدێڕنەکانی بینیوە. وتی پرسیاری ئەوەم لە تۆرین کردوە کە ڕا و بۆچوونت چیە سەبارەت بە بیرمەندانی پۆست مۆدێرنە؟ تۆرین وڵامی دامەوە و وتی ئەمانە شێتن و ئێمە خۆمان گرفتار و تووشیان کردوە. بەڵام ئێوە هەوڵبدەن خۆتان تووشی ئەمانە نەکەن، لە دژایەتییە عەقڵییەکانیان خۆتان دوور بگرن.
بە هەرحاڵ وتووێژ و دێدارێکی سەرنجڕاکێشم هەبوو لە گەڵ مەلا بەختیار و قسەگەلێکی زۆر خۆشی پێبوو. نازانم تا چ ڕادەیەک دەرفەتی دووبارە دیتنی مەلا بەختیارم بۆ دەرەخسێت و ببینم و بتوانم وتووێژێکی تێر و تەسەل لەگەڵ ئەم کەسایەتییە بیرمەند  و سیاسییە بکەم. ئەم هەستە لە لام دروست بوە کە بتوانم لە ڕوانگەیەکی جیاوازەوە، بتوانم بیرەوەرییە سیاسی، فەرهەنگی و ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەکانی بنوسم و چاپ بکرێت.
بۆ مەلا بەختیار و هەموو سیاستمەدارە ئاشتیخوازەکان و دیالۆگگەراکان هیوای تەندروستی دەخوازم.