هەڵوێستی نوێی كازمی لەبارەی 200 ملیار دینارەكە

ئابوری 23/12/2021

چاودێر
لەدواین كۆبوونەوەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لەگەڵ وەفدێكی پارتی دیموكراتی كوردستان، پێیڕاگەیاندوون، چیرۆكی ناردنی 200 ملیار دینارەكە بۆ هەرێم كۆتایی هاتووە و تەنیا 200 ملیاری مانگی 11 دەنێرێت.
بەپێی زانیارییەكان، ئەو 200 ملیار دینارەی پێش چەند رۆژێك خرایە سەر حساب بانكی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان، دواین بڕە پارەی مانگی 11ی رابردووی ئەمساڵ بووە، كە لەبەغداوە بۆ هەرێم نێردراوە.
 هاوكات لەو كۆبوونەوەیەدا، وەفدی پارتی پێداگیریان كردووە تاوەكو كازمی دەسەڵاتی خۆی بەكار بێنێت بۆ ناردنی ئەو بڕە پارەیە، چونكە ئەگەر ئەو پارەیە بۆ هەرێم نەنێردرێت، ئەوا حكومەتی هەرێم ناتوانێت موچەی فەرمانبەران دابەشبكات. 
بەپێی زانیاریەكان، وەڵامی كازمی ئەوەبووە كە دەسەتی خۆی بەكارهێناوە بەناردنی ئەو 200 ملیارە، بەڵام حكومەتی هەرێم پابەند نەبووە بەهیچ كام لەبەڵێنەكانی خۆی و تا ئێستا راپۆرتی داراییان بۆ بەغدا نەناردووە. 
لەزانیاریەكاندا ئەوەش هاتووە، بڕیارە لەچەند رۆژی داهاتوودا وەفدێكی دیوانی چاودێری دارایی عێراق سەردانی هەرێم بكەن و ئەگەر لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە هاوكاریان بكرێت ئەوا بەوتی كازمی، لە22/1/2022، دواین 200 ملیاری مانگی 12ی 2021، بۆ هەرێم دەنێردرێت.
لەحاڵەتی نەناردنی 200 ملیار دینارەكەی بەغدا بۆ هەرێم بەئەگەرێكی زۆرەوە دابەشكردنی مووچە دەبێت 40 بۆ 45 رۆژ جارێك و ئەگەر 30 رۆژ جارێكیش مووچە بدرێت ئەوا لێبڕین بەرێژەی لە7% بۆ 21% دەستپێدەكاتەوە ئەوەش كاردانەوەی توندی مووچەخۆران و مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی لێدەكەوێتەوە.