گۆڕانی کەشوههوا و لێکەوتە مەترسیدارەکانی لەسەر جیهان
ژینگە 04/12/2021
گۆڕانی کەشوههوا و
لێکەوتە مەترسیدارەکانی لەسەر جیهان
لە ڕاپۆرتی دەزگا هەواڵگرییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا
گۆردن کۆرێرا
دەزگا هەواڵگرییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە ڕاپۆرتێکدا هۆشدارییان داوە کە گۆرانکارییەکانی کەشوههوا پەرە بە توندوتیژییە نێودەوڵەتییەکان دەدا.
ڕاپۆرتەکە تێڕوانینی دەزگا ئەمنیی و زانیارییەکانی ئەمریکایە کە کاریگەری ڕەوشی کەشوههوا، گەرمبوونی زەوی و وشکەساڵی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی تا ساڵی ٢٠٤٠ دەخاتە ڕوو.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، گۆڕانی کەشوههوا دەبێتە هۆی مشتومڕی وڵاتان لەسەر چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی ئەم گۆڕانکارییانە، دەڵێت کاریگەری لەسەر وڵاتانی کەمدەرامەت زیاتر دەبێت.
ئەم ڕاپۆرتە بیست و حەوت پەڕە و هەژدە دەزگا و ڕێکخراو بەشدارییان لە ئامادەکردنیدا کردووە، ئەمە یەکەم جارە ئەم دەزگایانە لە کاریگەریی گۆڕانی کەشوههوا لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی بکۆڵنەوە.
ڕاپۆرتەکە باس لە نەبوونی هاوکاری لە نێوان وڵاتان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم دۆخە دەکات، کە چ کارەساتێک بەدوای خۆیدا دەهێنێت. ڕاپۆرتەکە لە کۆبوونەوەی سەرانی وڵاتان لە دانیشتنی کاپ ٢٦ی گڵاسگۆ کە جۆ بایدن، سەرۆک کۆماریی ئەمریکا، تێیدا بەشدار دەبێت بڵاو دەکرێتەوە. ئامانجی ئەم گردبوونەوەیە کە لە کۆتایی مانگی ئۆکتۆبەر دەست پێ دەکات، وەدەستخستنی هاوکاری نێودەوڵەتییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەرمبوونی زەوی.
دەزگاکان هۆشداری دەدەن کە ڕەنگە بەشێک لە وڵاتان ئارەزووی هاوکارییان نەبێت و لە هەمان کاتدا زیاتر لە ٢٠ وڵات هەیە کە بۆ زیاتر لە سەددا ٥٠ داهاتی هەناردەی خۆیان پشت بە نەوت و گاز دەبەستن.
ڕاپۆرتەکە دەڵێت: "کەمبوونەوەی داهاتی سووتەمەنییە فوسیلییەکان (نەوت، گاز و خەڵوزی بەردین)، زیاتر گوشار لەسەر وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنێت، لە کاتێکدا کە پێشبینی دەکرێت ئەم وڵاتانە بەسەختی ڕووبەڕووی گۆڕانی کەشوههوا ببنەوە."
دەزگاکان هۆشداری دەدەن کە کاریگەری گۆڕانی کەشوههوا بەزوویی لە هەر چوارلای جیهان هەستی پێ دەکرێت.
وڵاتە هەژارەکان
ڕێکخراوەکانی زانیاریی ئاسایشی ئەمریکا یازدە وڵات و دوو ناوچەیان دەستنیشان کردووە کە لە ڕووی سووتەمەنی، خۆراک، ئاو و تەندرووستییەوە ڕووبەڕووی مەترسی دەبنەوە. ئەوانە وڵاتانی هەژارن کە توانای کەمتریان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کێشە نوێیەکان هەیە، کە مەترسی ناسەقامگیریی و مشتومڕی ناوخۆیی تێیاندا زیاتر دەکات. شەپۆلی گەرما و وشکەساڵی وا دەکات کە بەپێی پێویست کارەبا بەدەستی هاووڵاتییان نەگات.
پێنج وڵاتیان لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئاسیادان، ئەفغانستان، میانمار، هندستان، پاکستان و کۆریای باکوور. وە چوار وڵاتیان لە ناوەڕاستی کیشوەری ئەمریکا و کارائیبن، ئەوانیش گواتیمالا، هایتی، هندوڕاس و نیکاراگوایە. کۆڵۆمبیا و عێراقیش لەناو ئەم لیستەدان. وڵاتانی ناوەڕاستی ئەفریقا و وڵاتە بچووکەکانی ناو ئۆقیانوسیش ناوچەی مەترسیدارن.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە مەترسی شەپۆلی پەنابەران، دەتوانێت کێشەی زۆر لەسەر سنووری باشووری ئەمریکا دروست بکات.
ناوچە کێشەلەسەرەکان
جەمسەری باکوور ڕەنگە یەکێک بێت لەو ناوچانەی کێشەی زۆری لەسەر دروست بێت، چونکە بە توانەوەی بەستەڵەکەکان دەستگەیشتن بەو ناوچانە ئاسانتر دەبێت. بە توانەوەی بەفری ئەو ناوچەیە ڕێگەی نوێ بۆ کەشتییەکان دەکرێتەوە و زیاتر ڕاوی ماسی لێ دەکرێت، بەڵام هەر ئەمە دەتوانێت کێشەی لەسەر دروست ببێت و تەنانەت جەنگشی لێ بکەوێتەوە.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە بەدەست هێنانی ئاویش کێشەی لەسەر دروست دەبێت. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، نزیکەی لە سەددا ٦٠ی سەرچاوەی ئاو لەودیو سنوورەکانەوەیە. پاکستان و هندستان لەمێژە لەسەر سەرچاوەکانی ئاو کێشەیان هەیە. هەروەها بەنداوی مکۆنگ دەتوانێت لە نێوان چین، کەمبۆدیا و ڤێتنام کێشەوبەرە دروست بکات.
تەکنەلۆجیاکانی ئایندە
مەترسییە ڕاستەقینەکە ئەوەیە کە ڕەنگە بەشێک لە وڵاتان یەکسەر بڕیار لە سوودوەرگرتن لە ئەندازەی زەوی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوههوا بدەن.
ئەمە بە سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆجیاکانی ئایندە وەکوو بڵاوکردنەوەی تەنۆڵکەی ورد لە بۆشایی ئاسمان یان بۆ فێنککردنەوەی ئۆقیانووسەکان لە ڕوویەکی تایبەت دەتوانێت کاریگەری لەسەر ساردکردنەوە هەبێت، بەڵام ئەگەر وڵاتێک بڕیار بدات بەتەنیا دەست بەکار بێت دەکرێت لە شوێنێکی دیکەدا ببێتە هۆی کێشەی ژینگەیی زۆر گەورە و ڕقی ئەو وڵاتانە کە ناتوانن لەم ڕووە کارێک بکەن بەرانبەر بەم وڵاتانە زیاد بکات.
شارەزایان لە چەندان وڵات وەکوو؛ ئوستڕاڵیا، چین، هندستان، ڕووسیا، بەریتانیا، ئەمریکا و ئەورووپا خەریکی لێکۆڵینەوە لەم تەکنەلۆجیایەن، بەڵام تا ئێستە هیچ بەرنامەیەک بۆ سوودوەرگرتن لەم ڕێکارە لەبەر دەستدا نییە.
ئەم ڕاپۆرتە نیشانی دەدا کە بابەتی گۆڕانی کەشوههوا لە ئێستەدا بەشێکی بنەڕەتییە لە ئاسایشی گەلان و نەک تەنیا کێشەکان گەورەتر دەکات بەڵکوو کێشەی دیکەش دروست دەکات.
ئێرن سکۆرسکی، بەڕێوەبەری ناوەندیی کەشوههوا و ئاسایش، بە بیبیسی گوت: "دەوڵەتەکان زیاتر لە پێشتر دەستنیشانیان کردووە کە گۆڕانی کەشوههوا بە شێوەیەکی بێوێنە خەریکی گۆڕینی بەرژەوەندیی ئاسایشی نەتەوەیییە."
"ناتوانیین تێبینییەکان لەسەر گۆڕانی کەشوههوا لە نیگەرانییە تەناهییەکانی دیکەی وەکوو بەربەرەکانێ لەگەڵ چین جیا بکەینەوە. ئەم وڵاتە ڕووبەڕووی مەترسی زۆر ئاڵۆزی گۆڕانی کەشوههوا بووەتەوە. بەرزبوونەوەی ئاستی دەریاکان هەڕەشە لە ژیانی ملیۆنان ئینسان لە شارە کەنارەواکان دەکات، لافاو بنکەکانی سووتەمەنی تێک دەدات و بەبیابانبوون و کۆچی ماسییەکان مەترسی لەسەر ئاسایشی خۆراکی دروست دەکات. ستراتیجیی ئاسایشی نەتەوەیییەک کە ئەم هۆکارانە لەبەرچاو نەگرێت، وەڵامی هەڵە بۆ پرسیارە گرینگەکان لەبارەی هەڵسوکەوتی چین دەداتەوە."
ئەم زانیارییە نوێیانە، شرۆڤەی کێشە دیارەکانی ئایندە دەکات، بەڵام پرسیاری ڕاستەقینە ئەوەیە کە ئایا سیاسەتمەدارانی ئەمریکا لەبارەی هۆشداری دەزگا هەواڵگرییەکانی خۆیان چی دەکەن.
وەرگێڕان: سۆران جەلیل
-------------------------------------------------------------
• ئەم بابەتە لە نووسینی (گوردون کوررا)یە و بە ناونیشانی (سازمانهای جاسوسی آمریکا: تغییر اقلیم باعث تنش جهانی خواهد شد)، ٢١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١، لە سایتی بیبیسیی فارسی بڵاو کراوەتەوە.
•• گۆردن کۆرێرا، نووسەر و ڕۆژنامەنووسی بواری بابەتی زانیاریی و هەواڵگرییە. لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە لە بیبیسی کار دەکات. خاوەنی چەندان کتێبە لەوانە؛ خزمەتی کۆتری نهێنی، ڕێگری، (MI6) و کڕینی بۆمب. لە زانکۆی ئۆکسفۆرد و هارڤارد دەرسی خوێندووە و لە لەندەن دەژی.
ناونیشانی بابەتەکە بە زمانی ئینگلیزی:
Gordon Corera, ‘Climate change will bring global tension, US intelligence report says’, BBC, 21 October 2021
لینکی ڕاپۆرتەکە:
https://www.dni.gov/files/ODNI/documents/assessments/NIE_Climate_Change_and_National_Security.pdf