ئەیوب کوێخا رۆستەم: پێموایە کاکەیی سەرچاوەی سەرەکی دینی دورزیەکانە
ئەمڕۆ 6/7/2024 لە هۆڵی شەهید
ئازاد هەورامی لەتۆڕی ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر، سیمینارێک بەناونیشانی (لێکچون و
بەراوردکاری لەنێوان هەردوو دینی دورزی و یارسانی) بۆ نوسەر و توێژەر ئەیوب کوێخا
رۆستەم بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای باسەکەیدا، ئەیوب کوێخا رۆستەم هەندێ زانیاریی لەسەر دورزیەکان
خستەڕوو بە تایبەتی دورزیەکانی لوبنان کە خۆی سەردانی کردون و لێکۆڵینەوەی لەسەر ئەنجام
داون.
ئەو دەڵێت: زۆرینە پێیانوایە دورزیەکان سەرچاوەی سەرەکیان دەگەڕێتەوە بۆ
یەمەن و بۆ کەسێک بەناوی حەمزەی کوڕی عەلی، لەوێوە هاتون بۆ شام و بەناوچەی میسرو
شامدا بڵاوبونەتەوە. هەنێکیشیان پێیانوایە کە دورزی هەم دینە هەم نەتەوەش. وتیشی:
لە ڕوی سیاسیەوە لە لوبنان بەسەر چەند ئاراستەیەکی سیاسیدا دابەشبون، زۆرینەیان
سەر بە حزبی دیموکرات سۆشیالیستی لوبنانن، کە ئەم حزبە دەتوانێت ململانێ
سیاسیەکانی لوبنان یەکلابکاتەوە لەنێوان بەرەی موقاوەمەو و موستەقبەل. هەندێکی دیکەشیان
سەر بە حزبی دیموکرات و تەوحیدی عەرەبین.
سەبارەت بە رەچەڵەکی ئەم دینە، ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد، هەندێک پێیانوایە
مەزهەبێکی ئیسلامین و موسڵمانن و حاکم بامرللە، چەقی دورزیەکانە، هەروەها بۆنە ئیسلامیەکان
پەیڕەو دەکەن، شێخی ئەزهەریش دەڵێت موسڵمانن. بەڵام هەندێکی تر پیانوایە
کە موسڵمان نین و باوەڕیان بە دۆنادۆن هەیە و هەروەها کەعبە بە قیبلە نازانن و قیبلەیان
لە لوبنانە. وتیشی: تێکەڵەیەکی
هزری و رۆحی دینەکەی دروست کردوە، سودیان لە فەلسەفەی یۆنانی و سەردەشتی وەرگرتوە..
ئەیوب کوێخا رۆستەم ئاماژەی بەوەشکرد: بۆ ئاگاداربون
و شارەزایی لەو دینە، خۆم چەند جارێک سەردانی لوبنانم کردوە.. چوم بۆ لای شێخ
العقل کە رابەری رۆحیانە، شاری جەبەل قەڵای
دورزیەکانە. لەوێ لە کۆڕێکدا
باسی دینی یارسانیم بۆ کردن، زۆربەیان پیانوابوو کە یەک دینن بەڵام سنور و مێژوو گۆڕانکاری
تێدا کردون.
سەبارەت بەو لێکچونانەی لەنێوان هەردوو دینی یارسانی (کاکەیی) و دورزیدا
هەیە، ئەیوب کوێخا رۆستەم چەند خاڵێکی خستەڕوو لەوانە:
کاکەیی و دورزی هەردوکیان باوەڕیان بە بەرجەستەبونی رۆحی خودا هەیە لەناو شەخسدا.
هەروەها هەردوکیان باوەڕی تەواویان بە دۆنادۆن هەیە، پێیانوایە، رۆحی مرۆڤ دەچێتە
جەستەی مرۆڤ، یان دەچێتە ناو ئاژەڵ بۆ نمونە ناو جەستەی مارێک یان گوێدرێژێک، بەپێی
کردەوەکانی.
لەناو دینی دورزیدا هیچ کەسێکی غەیرە دورزی وەرناگیرێ، ناهێڵن هیچ دورزیەکیش
بچێتە سەر دینێکی تر. بەڵام لەناو کاکەیدا بوار ئەدەن خەڵک
بچێتە ناوی و لێی دەرچێت.
دورزیەکان باوەڕیان بە کتێبێکە بەناوی (المنفرد لذاتیە) کە حەمزەی کوڕی عەلی
نوسیویەتی و کتێبی پیرۆزیانە. یارسانەکانیش باوەڕیان بە کتێبەکانی خۆیان هەیە.
دورزی پێنج رابەڕی ڕۆحیان هەیە، لە دینی کاکەیشدا پێنج رابەری رۆحی هەیە.
دورزیەکان مەککە بە قیبلە نازانن و یارسانیش وایە، هەردولا نوێژ ناکەن. فرەژنی لەناو هەردوودینەکە کارێکی قێزەونە.
لە کۆتایی باسەکەیدا، ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد: کاکەیی زیندوکەرەوەی دینی (میهر)ی
ئاریایی و سەردەشتی بوە، بۆیە پێموایە سەرچاوەی
سەرەکی دورزیەکانیش کاکەییە.