كەی دابەشكردنی مووچەی مانگی 11 كۆتایی دێت؟

ئابوری 02/12/2021

چاودێر – تایبەت:
بڕیارە لەناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو، حكومەتی ناوەند 200 ملیار دیناری دیكە رەوانەی هەرێمی كوردستان بكات و تا 9ی ئەم مانگە، كۆتایی بەدابەشكردنی مووچەی مانگی 11 دەهێندرێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەوەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمەوە، تایبەت دراونەتە چاودێر، ئاماژە بەوەدراوە، ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو، 200 ملیارەكەی بەغداد، رەوانەی هەرێم دەكرێت و مووچەی سەرجەم وەزارەت و دەستە و خانەنشینانی پێ دابەشدەكرێت.
هەر بەپێی زانیارییەكان، بڕیارە رۆژی دووشەممە 6ی كانوونی یەكەم، مووچەی ئەنجومەنی ئاسایش دابەش بكرێت.
بەپێی لێدوانی پێشووی بەرپرسانی باڵای حكومەت و وەزارەتی دارایی، هۆكاری سستی دابەشكردنی مووچە پەیوەندی بەدرەنگ رەوانەكردنی پارەكەی بەغدادەوە هەیە.
لە25ی مانگی 11وە، تا ئەمڕۆ پێنجشەممە 2/12/2021 تەنیا مووچەی وەزارەتەكانی تەندروستی و دارایی و پێشمەرگە و یەكەكانی 70 و 80 و ناوخۆ و شەهیدان و  زێرەڤانی و بەرگری و فریاكەوتن و لیوای نەوت و دراوە و وەزارەتی پەروەردەش دوو رۆژی بۆ دیاریكراوە. بەڵام 
هێشتا زۆربەی وەزارەتەكان و دەستەكان و خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی مووچەیان وەرنەگرتووە.
لەمانگی تەموزی ئەمساڵەوە بەپشت بەستن بە200 ملیار دینارەكەی بەغداد و بەرزبوونەوەی داهاتەكانی ناوخۆ و نرخی نەوت و دۆلار، مانگانە بەماوەی 15 رۆژ مووچە دابەشدەكات.