خشتەیەكی نوێی دابەشكردنی مووچە بڵاوكرایەوە

ئابوری 28/10/2021

چاودێر: تايبەت
دابەشكردنی مووچەی مانگی 10ی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بەسستی بەڕێوەدەچێت و بەهۆی نەبوونی پارەی پێویست، ئەمڕۆ پێنچ شەممە تەنها مووچەی وەزارەتی دارایی و یەكەی ۷۰و ٨۰ دابەش دەكرێت و سەرەتای هەفتەی داهاتوو مووچەی چەند شوێنێكی ئەمنی دەدرێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەوەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمەوە دراونەتە چاودێر، دوای ئەوەی لەرۆژی 25ی ئەم مانگەوە پڕۆسەی دابەشكردنی مووچەی مانگی 10ی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێم دەستیپێكردووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی پارەی پێویستەوە لەبانكەكان، مووچەی زۆربەی وەزارەت و دامەزراوە و دەستەكان هێشتا دابەشنەكراوە.
لەزانیارییەكاندا باسلەوەشكراوە: بەشێكی سستی دابەشكردنی مووچە پەیوەندی بەدرەنگ گەڕانەوەی پارەی نەوت لەوەزارەتی سامانە سروشتییەكان و گۆڕینەوە دۆلار بۆ دینار هەیە و بەشەكەی تریشی دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی هێشتا دیار نییە حكومەتی ناوەند 200 ملیار دینارەكە دەنێرێت یاخودنا، چونكە لەكۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی رابردووی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، رەزامەندی ناردنی پارەكە بۆ هەرێم نەدراوە.
هەر بەپێی زانیارییەكان، ئەگەر تا رۆژی شەممەی داهاتوو 30ی تشرینی یەكەم، پارەی پێویست و تەواوەی داهاتی ناوخۆ و نەوت و 200 ملیارەكە بگاتە وەزارەتی دارایی هەرێم، ئەوا تا رۆژی 4ی مانگی 11 كۆتایی بەدابەشكردنی مووچە دێت و ئەگەریش گرفتی كەمی پارەی مووچە هەبێت، ئەوا پڕۆسەكە تا دوای 4ی مانگ بەردەوامی هەبێت.
لەلایەكی ترەوە سەرچاوەیەكی وەزارەتی دارایی بەچاودێری راگەیاند: تا ئێستا وەزارەتەكانی تەندروستی و پێشمەرگە و دیوان و لیواكان و یەكەی 70 و 80 و وەزارەتی دارایی دابەشكراوە و مووچەی وەزارەتەكانی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕەگەزنامەی هەرێم و فەرماندەیی زێرەڤانی، پۆلیسی نەوت و گازیش خراوەتە سەرەتای هەفتەی داهاتوو.