گرنگترین ڤیتامینەكان بۆ ڕووخسار

تەندروستی 24/10/2021

چاودێر:
پاراستنی گەشی  دەمو چاو  و هێشتنەوەی بە گەشاوەیی و گەنجی پێویستی بە كۆمەڵێك ڤیتامین هەیە  كە ڕۆڵیان هەیە بۆ  پاراستن وبەهێزكردنی تەندروستی پێست و ڕێگەگرتن لە چرچ و لۆچی و خاڵی ڕەش  و  دەركەوتنی هێڵیڕەش لەژێر چاو .

د. كامەران ڕەسوڵ،پسپۆڕی زانستی خۆراك، لەبارەی  گرنگی بەشێك لەڤیتامینەكان  كەپێستی ڕووخسار بە گەشاوەی و جوانی دەهێڵتەوە  باس دەكات، لەوانەش:
١- ڤیتامین ( D  ) : سەرچاوەی سەرەكی بریتی یە لە تیشكی خۆر لە نێوان سەعات10 بەیانی بۆ  4 عەسر، لە خۆراكدا بڕێكی زۆر كەم هەیە  بێجگە لە زەیتی جگەری نەهەنگ ، ماسیە چەوریەكان وەك سەلموون و ماكڕوێل .
٢ - ڤیتامین ( C ) :ڕۆڵێكی سەرەكی هەیە لە پێكهاتنی كۆلاجین و ڕێگەگرتن لە پیربوونی پێست و دەركەوتنی چرچ و لۆچی و بەڕێژەیەكی بەرز لە پێستی دەموچاودا  هەیە : گرنگترین سەرچاوەكانی خۆراك( میوە مزرە مەنیەكان ، هەڵوژە ، شلیك ، بیبەر ،  هەنار ، قۆخ ، هەرمێ ، كێوی . 
٣ - ڤیتامین ( E ) : ئەركی پاراستنی پێستە لە زیانەكانی تیشكی خۆر، چونكە  تیشكی سەروو وەنەوەشەیی هەڵ دەمژێت بۆیە ڕێگە دەگرێت لە دەركەوتنی چرچ و لۆچی  و پەڵە ؛ سەرچاوەكانی خۆراك : دەنكی كەتان ، دەنكە كولەكە ، ئەڤۆگادۆ ، گوێز ، بادەم ، گوڵەبەڕۆژە ، گازۆ  .
٤ - ڤیتامین  ( K ) : گرنگە لە پڕۆسەی خوێن مەیین لە جەستە بۆیە یارمەتی زوو ساڕێژ بوونی برین و پەڵەی شین بوونەوەی پێست و شوێنی نەشتەرگەری ئەدات ، سەرچاوەی سەرەكی خۆراك : سپێناخ ، كەلەرم ، كاهوو ، فاسۆلیای سەوز ، بڕۆكلی .
 ٥ - ڤیتامین  (  A )  :  یەكێكە لە گرنگترین ڤیتامینەكان بۆ تەندروستی پێست  و بەكار دەهێنرێت بۆ چارەسەری عازەبە ، هەروەها ڕۆڵی هەیە لە خۆپاراستن لە سووتانی پێست بە هۆی هەتاوەوە، گرنگترین سەرچاوەكانی خۆراك،  میوە و سەوزە ڕەنگ پڕتەقاڵیەكان وەك گێزەر ، كاڵەك ، پڕتەقاڵ ، پەتاتەی شیرین ،  هەروەها  ماست ، هێلكە ،  زەیتی جگەری نەهەنگ . 
٦ -  ڤیتامین ( B 3  ) :  یارمەتی شێداركردنەوەی پێست و چاك كردنەوەی خانە زیان پێگەیشتووەكان بە هۆی تیشكی سەروو وەنەوەشەیی دەدات لەگەڵ كەمكردنەوەی ئەگەری شێرپەنجەی پێست : گرنگترین سەرچاوەكانی خۆراك  ، دانەوێڵەتەواوەكان ، بادام ، فستق ، سەوزە گەڵاتۆخەكان ، ئەڤۆگادۆ .