بەرميلێك نەوت گەیشتە 150 هەزار دینار

ئابوری 14/10/2021

چاودێر 
بەرزبوونەوە نرخی نەوت لەهەرێمی كوردستان بۆ نزیكەی 150 هەزار دینار هاووڵاتیانی نیگەران كردووە و پلەكانی گەرما نزم بوونەتەوە، كەچی هێشتا دابەشكردنی نەوت دەستی پێ نەكردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ی تشرینی یەكەمی 2021، نرخی یەك بەرمیل نەوت لەبازاڕەكانی هەرێمی كوردستان، گەیشتە نزیكەی 150 هەزار دینار و چاوەرێی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەكەی دەكرێت.
بەوتەی بەشێك لەبازرگانانی بواری سوتەمەنی، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەبازاڕەكانی جیهان بۆ زیاتر لە80 دۆلار و نەناردنی سوتەمەنی و نەوت لەئێرانەوە بۆ هەرێم، هۆكاری پشت بەرز بوونەوەی نرخەكەیە.
ساڵی رابردوو، ئەم كاتانە نرخی جیهانی نەوت 30 دۆلار بوو، نرخی نەوتی سپی ماڵان، 110 هەزار دینار بوو.
هاووڵاتیان چاویان لەوەیە حكومەتی هەرێم، كار بۆ نزم كردنەوەی نرخی سووتەمەنی بەتایبەتیش نەوت و بەنزین بكات، بەڵام لەراگەیاندراوەكەی دوێنێ چوارشەممەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران تەنیا ئاماژە بەوەدرابوو، كەمال ئەتروشی، وەزیری سامانە سروشتییەكان، راپۆرتێكی پێشكەش كرد كە تایبەت بووە، بە بەرەو پێشچوون و ئاستەنگەكانی بەردەم جێبەجێكردنی بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیران، بۆ دابینكردنی نەوتی سپی و بەنزین، بەهەماهەنگی وەزارەتی نەوتی حكومەتی فیدڕاڵی .