چی دەربارەی مەترسیی زۆر بەکارهێنانی ئازارشکێنی ڤۆڵفاست دەزانیت؟

تەندروستی 19/09/2021

چاودێر

 

د. زانا دزەیی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو لەبارەی بەکارهێنانی "ڤۆڵفاست" هۆشداری دەدات و دەڵێت، بەر لە ماوەیەک نەخۆشێکی گەنجم بینیوە کە بۆ ماوەی سێ ھەفتە و بە شێوەیەکی بەردەوام ڕۆژانە سێ بۆ پێنج جار تۆزی (فەواڕ)ی دەرمانی ڤۆلفاستی بۆ ئازاری ددانی بەکارھێنابوو، دوای پشکنینی پێویستی کلینیکی و تاقیگەیی، کەسەکە تووشی پەککەوتنی لەناکاو و کتوپڕی ھەردوو گورچیلەی بووبوو.

د. زانا دزەیی لەبارەی بەکارهێنانی "ڤۆڵفاست" نوسیویەتی، "بەر لە ماوەیەک نەخۆشێکی گەنجم بینیوە کە بۆ ماوەی سێ ھەفتە و بە شێوەیەکی بەردەوام ڕۆژانە سێ بۆ پێنج جار تۆزی (فەواڕ)ی دەرمانی ڤۆلفاستی بۆ ئازاری ددانی بەکارھێنابو، کە ھاتە لام بە بێھێزیی و سەرسوڕانێکی زۆر و ڕشانەوەیەکی بەردەوام و سەرئێشە و ئازارێکی زۆری ماسولکەکانی ھەبوو".

ئاماژەی بەوەش کردووە، دوای پشکنینی پێویستی کلینیکی و تاقیگەیی، کەسەکە توشی پەککەوتنی لەناکاو و کتوپڕی ھەردو گورچیلەی بوو، پاشان دوای ناردنی بۆ پزیشکێکی تایبەتمەندیی ئەم بوارە، ھۆکارەکەی بۆ زۆر بەکارھێنانی ڤۆلفاست گەڕاندەوە، کە نەخۆشەکە بە شێوازێکی نازانستیی و بڕێکی زۆر و بێ گەڕانەوە بۆ پرسکردن بە پزیشک دەرمانەکەی بەکارھێنابوو.

ئەو پزیشکە دەڵێت، "تکایە ئەم دەرمانە دەرمانێکی بەربڵاوە و بەکارھێنەری زۆرە، دەرمانێکی کاریگەرە بۆ ئازارشکاندن، بەڵام بەبێ ڕاوێژ بە پزیشک و دەرمانساز، بەکاری مەھێنە".

ڤۆلفاست چییە؟
ناوە زانستییەکەی (دایکلۆفیانک پۆتاسیۆم)ە، لە گروپی دەرمانە ئازارشکێنە دژەھەوکەرەکانە و لە زاراوە پزیشکییەکەئ (گروپی NSAID)ە.
دیارتریین لێکەوتە نەرێنییەکانی ڤۆڵفاست:
برین و ھەوکردن یان خوێنبەربونی گەدە و دوازدەگرێ.

گەڕاندنەوەی ئاوی زیادە بۆ ناو لەش و ئاوسانی لەش بە تایبەت لەوانەی سستبونی دڵ و گورچیلەیان ھەیە.

پەککەوتنی گورچیلەکان و چەندین لێکەوتەی تر.


ئەو کەسانە کێن کە نابێت بە ھیچ جۆرێک ڤۆڵفاست بەکاربێنن؟
ھەمو ئەو کەسانەی کە پەککەوتنی گورچیلەیان ھەیە

زۆربەی ھەرەزۆری ئەو کەسانەی کە پەککەوتنی درێژخایەنی ماسوولکەکانی دڵیان ھەیە.
زۆربەی ئەو کەسانەی جەڵتەی دڵیان ھەیە.

زۆربەی ئەو کەسانەی کە پەککەوتنی جگەری تووند و درێژخایەنیان ھەیە.

ئەو کەسانەی کە برینی گەدە و دوانزەگرێیان ھەیە بەتایبەت ئەگەر حاڵەتەکە نوێ بێت (ئێستا یان لە ماوەیەکی کورتی ڕابردو).

بەشێکی بەرچاوی ئەو نەخۆشانەی کە نەخۆشیی (ڕەبۆ)یان ھەیە.

بە شێوەیەکی گشتیی کەسانی بەتەمەن و خانمانی دووگیان، دەبێت لە بەکارھێنانی ڤۆڵفاست دوربن تەنھا لە ڕێگەی ڕاوێژ بە پزیشک دەبێت وەریگرن یان نا.