وەزیرێكی هەرێم زانیاری نوێ لەبارەی 200 ملیار دینارەكە ئاشكرا دەكات

ئابوری 09/09/2021

چاودێر
وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئاشكرایكرد، ناردنی 200 ملیار دینارەكە، وەك سولفەیە و تا 31ی كانوونی یەكەمی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت، دەشڵێت " یەكلاكردنەوەی پشكی هەرێم، پێویستی بەتەواوكردنی ئەو كارانە هەیە، كە لەنێوان چاودێری دارایی هەردوولادا بەردەوامە".
دارا رەشید وەزیری پلاندانان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، رایگەیاند، ناردنی 200 ملیارە دینارەكە لەبەغداوە بەهۆی هەڵبژاردنەكانەوە، هیچ مەترسییەكی لەسەر نییە.
وتیشی " ئەو 200بڕە پارەیە، وەك سولفەیە و تا 31ی كانوونی یەكەمی 2021 بەردەوام دەبێت، چونكە یەكلاكردنەوەی پشكی هەرێم لەبودجە، پێویستی بەتەواوكردنی ئەو كارانەی لەنێوان چاودێری دارایی هەردوولادا هەیە و بەردەوامە ".
رونیشیكردەوە،"هەرچەندە وەك حكومەت پڕۆژەیاسای بودجەی 2021ی هەرێممان ئامادە كردبوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەشە بودجەی هەرێم لەبەغداوە نەهات و ئەوەی هات وەك سولفە دێت، بۆیە نەمانتوانی یاسای بودجەمان هەبێت".
وەزیرەكەی حكومەتی هەرێم، ئەوەشی خستەڕوو،"ئەوەی ئامادە كراوە هەوڵ دەدرێت لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2022دا سوودی لێ وەربگیرێت و كاری لەسەر بكرێت"‌.