دیموکراسی لە نێوان مۆدێرنێتەو پۆست مۆدێرنێتە

رۆشنبیری 26/08/2021

نوسینی: شەماڵ بارەوانی

بەشی دووەم و کۆتایی

ئەو نوسەرانەی بەڕێز مەلا بەختیار پێیان دەڵێت "بەزۆری بەلای کۆپی گەرایی فەلسەفیدا، دایان دەشکاند. بۆچونە سیاسیەکانیشیان رەتکردنەوەی حزبەکان و پۆست دەسەڵات بوو.(٣).ئەوانەی بەناوی پۆست مۆدێرنە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە ئیتر "حیکایەتەگەورەکانی فێرگە فەلسەفی و سیاسی و سیستەمەکان(٤)کۆتاییان پێ هاتووەو چیتر ئەو پرۆژەمۆدێرنەیەی کە یۆرگن هابرماس دەڵێت تەواو نەبووە، بەناتەواوی کۆتایی پێ هات و پۆست مۆدێرنێتە شوێنی گرتەوە، وەلێ مەلا بەختیار پێمان،دەڵێت"(١٥)ساڵی رەبەقە(٢٠١٤)وایگوت، ئێستا دەکات(٢١)ساڵ،حیکایەتە گەورەکانی نەتەوە، کوردایەتی، دیموکراسی،دەسەڵاتدارێتی مۆدێرنێتە،
لەناو نەچون، بەڵکو..چەشنی  رۆشنگەری رۆژئاوا بەتایبەتمەندی رۆژهەڵاتییەوە، ماوەتەوەو پرۆسەی نوێگەری، بویسترێ و نەویسترێ،لەبەرامبەر سەلەفیەت و ئەندێشەکانی چەقگەرایی سەدەکانی ناوەڕاستدا، لەبزاوتی مێژوویدایه، راستە بزوتنەوەکە هەڵدەچێ  دادەچێ، بەڵام هەرگیز بەتەواوەتی رۆناچێ.. ئێستا ئەو تەمو مژە خەریکە دەڕەوێتەوە کە چەندین دەیە پۆست مۆدێرنەکان وایان بڵاو دەکردەوە. کەگوایە مۆدێرنەتە ،نەک سەراپای جیهان ناتەنێتەوە ، بەڵکو لەخودی رۆژئاواشدا ،دووچاری قەیرانی مەرگاوی بۆتەوە.(٤-٥).
مەلا بەختیار پێی وایە سەرەڕای ئەوەی کە "نوێگەری، هەمیشە پێویستی بە نۆژەن کردنەوەیە.هەمیشە پێویستی بەڕەخنەیە(٥)و ڕاسترین رێگە ئەوەیه کە خوێندنەوەیەکی بابەتی رەخنەگرانەمان بۆ مۆدێرنێتە هەبێ. کەموکوڕیەکانی دیاریبکەین. لەهەڵەکانی خۆلابدەین. لایەنە گەش و پۆزەتیفیەکانی سودلێوەربگرین(١٥٥).وەکو "مۆدێرنێتەکانی ئەوروپا،پێیانوایە راستە مۆدێرنێتە کەموکوڕی هەیەو دەسەڵاتیش گرفتی هەیە، بەڵام لەرێگەی رەخنەی ئازادی و فشار رای گشتیەوە، قابیلی چارەسەرکردن و پێشخستنن، نەک هەروەک پۆست مۆدێرنێتەکان سەراپا مۆدێرنێتەکان رەتبکرێتەوە.(٢١٥)."رەتکردنەوەی مۆدێرنێتە بۆ پۆست مۆدێرنێتە، رێک فەرامۆش کردن، یان بێبایەخکردن و هەڵگەڕانەوەیه لەمێژوو. بەڵکو لەئێستاش.(٢٢٧). ئاخر ئەوە هەڵگەڕانەوە نەبێ لەمێژوو چی هەڵگەڕانەوەیەوە، ئەو پۆستانە"پێیانوابێ(خۆماڵیبوون خورافیاتە)(وەسفگەرا)و(ئیفلیجە)و(ساویلکە)و(بێکەڵکە)(٢٣٠) . ئاخر وەک ئەوەی پۆست مۆدێرنێتەکان دەیخوازن "ئەگەر مێژووی گەلان (خۆماڵیەت)و (کولتور)و پرسیاری (چی) لێدەرهاوێین، چی لەو مێژووەدا دەمێنێتەوە(٢٢٩).ئینجا
" ئەوەی هێشتا دەزانێ مودێرنێتە قۆناغێکه تەواو نەبووە، ئەرکەکانی نەهاتوونەتەدی. بەتایبەتی لەناو گەلانی دواکەوتوودا، بەردەوام دەبێ بۆ خزمەتی بنچینە گەشەکانی مۆدێرنێتەو بۆ رزگارکردنی ئەقڵی مرۆڤ، ئازادی ئەقڵانیەت،دژایەتی نەریتە دێرینەو دەستکەوتەکانی دیکەی مۆدێرنێتە. بەبێ ئەوەی پێویست بکات چاو لەکەموکوڕیەکانی بپۆشێ(٣١٦)سەرەرای هەر کەم و کوڕیەک و  هابرماس وتەنی "مۆدێرنێتە دەورانی تەواو نەبووەو دووچاری ئاستەنگ و کەموکوڕیش هاتبێت ، پێویستی بە خوێندنەوەو رەخنەی نوێ، خیتابی فیکری و فەلسەفی نوێ و چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانە(٣٢٦)و دواجار ئەڵتەرناتیفی مۆدێرنەتەیش، هەر مۆدێرنەتە خۆیەتی و
لەوڵامی ئەمە مەلا بەختیار پێمان دەڵێت مۆدێرنێتە وەک پرۆسە هەربەردەوامە، "هەڵبەت لەودەورانەدورودرێژەی مێژووی هاوچەرخدا، جگە لەلایەنە گەش و سەرکەوتنەکان ،لایەنی خامۆش و شەرمەزاریش سەریان هەڵداوە(٣١٣)وەلێ 
"سەرەڕای کەمو کوڕیەکانی ،سەرەڕای قەیرانەکانی، وێڕای کەموکوڕییەکانی و سەرباری تەنگوچەڵەمەکۆمەڵایەتی و سیاسی و نەخۆشیەکانی هەیه،لەوەش زیاتر لەهەزارەی سێهەمدا، لەسەر ئاستی جیهانیشدا لەگەڵ چەمکی دیموکراسیدا وەکو دوو چەمکی گەردونگرایی بەرجەستەبوون(٥)و "شارێبازی هزری و فەلسەفی  گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی بەرەچاوکردنی کوردەواری، بۆ رۆژهەڵات و کوردستانیش تەنها تێزی مۆدێرنێتەیە، تێزەکانی تر، کەم و زیانیان زۆرترە.زیانەکانیش زیاتر دەکەونە خزمەتی ئەندێشەکانی سەدەکانی ناوەڕاست(٨).
بەڕێز مەلابەختیار لە
دیموکراسی لەنێوان مۆدێرنێتەو پۆست مۆدێرنێتەدا"
لەکۆمەڵێک ڕوو ڕەهەندەوە، رەخنەی رەهەندی و پۆست مۆدێرنەکان دەکات و وڵامیان دەداتەوە،لەبارەی کۆمەڵێک پرس و لەسەر کۆمەڵێک چەمکەوە، سەرەتا لەبارەی چەمکی ئازادی تاک و فەلسەفەی جیاوازی پێماندەڵێت"
پۆست مۆدێرنەکان داهێنەری فەلسەفەی جیاوازی نین، ئەوەتەی دیموکراسی وەکوسیستەم و لە سیستەمیشدا، وەکو دەسەڵاتی عەلمانی و مەدەنی باسکراوە، فەلسەفەی جیاوازیش هێنراوەتە ئارا.(٣٠٧).
بۆیە بەهیچ چەشنێک  فەزل و چاکەو منەتی شانازی داهێنانی فەلسەفەی جیاوازی بەر پۆستەکان ناکەوێت و 
بۆدەهەی کۆتایی سەدەی بیستەمیش ناگەڕێتەوە،
بەڵکو" ئەوشانازییه لەسەرەتای شۆڕشی دیموکراسیەوە، خەباتی هەمەلایەنەی بۆکراوە، خەباتی ئازادی ئابووری، ئازادی ژیان،ئازادی سیاسی،ئازادی فەلسەفەو بیروباوەڕ،ئەوەتەی قسە لەسەر دیموکراسی وەکو دەسەڵات کراوە، قسە لەسەر ئازادیش کراە(٣٠٨).ئینجا بەڕێزیان بۆ سەلماندنی قسەکەی کومەڵێک بەڵگەو ئەرگویمێنت دێنێت لەنموونەی(جان لاک)و (مۆنتسکیو)و(ئادەم سمیس) (شۆڕشی گەورەی فەرەنسا)و ..تاد.کە هەموو "ئەو ڕاستیانە وەکو پێشینەی کلاسیکی داڕشتنی بناغەی ئازادی بیروڕاجیاوازەکان دەخاتەڕوو(٣٠٩)و باس لەوەدەکات کەلەسەدەی نۆزدەو، بەتایبەتی لەسەدەی بیستدا، بەسەدان فەیلەسوف و ئەندێشەمەند، پێش پۆست مۆدێرنەکان باسی فەلسەفەی جیاوازی بیروڕاکانیان داهێناوە(٣٠٩)
ئینجا لەبارەی پۆست مۆدێرنەتەو دژایەتی سەنتەریزمی رۆژئاواییش، پێمان دەڵێت "دیسان شانازیەکەی بۆ پۆستەکان ناگەڕێتەو، بەڵکو زۆر پێش ئەوان، لەناو بەشێکێ زۆر لەفەلسەفە،ئایدیۆلۆژیەت و ئایینەکانی دیکەدا قسەی لەسەرکراوە،لەناو کۆنفۆشیۆسە ئۆروپاییەکاندا،لەناوهیندیەکان و ئیسلامیەکان و ئۆرۆپاییەکاندا، مشتومڕی وا بەردەوامەو گەرمە، لەناوچەپەکانی قاڕەکانی ئۆروپا،لەنا نوێگەرییەکانی دونیا سەبارەت  بەسەنترالیزمی ئۆروپایی و سەربەخۆیی کولتورەکان لەکۆنەوە ناکۆکی هەبووەو هەیە"٣١٠).
لەوڵامی ئەمەیش کەمۆدێرنەتە بە بەرهەمهێنەری نازیزم و فاشیزم و بۆلشەفیزمە، بەڕێزیان پێمان دەڵێت"جارێ کاتێک پۆست مۆدێرنێتە سەری هەڵدا کەجارێکی دیکە نازیزم و فاشیزم مەترسی سەرهەڵدانیان نەمابوو. بۆلشەویزمیش دوپاتبونەوەی لەئۆروپاو لەدنیاشدا، ئەگەرێکی زۆر لاوازبوو(٣١٢).و
پێمان دەڵێت " بنچینەی گرنگی مۆدێرنێتە،ناگەڕێتەوە ئەم یان ئەو سیستەم،یاخود فلان یان فیسار ئایدیۆلۆژیەت،  بەڵکو سەرچاوەی بیرکردنەوەو رۆنانی تیۆری مۆدێرنەتە بۆخودی مروڤ دەگەڕێتەوە. مرۆڤ وەکو پێکهاتە. وەکو بیرکردنەوە. مرۆڤ وەکو هۆشیاری راستەقینە. وەکو هۆگری بەردەوامی نوێگەری.(٣١٢). کەواتا رەواو ماقوڵ نییە،بەهۆی کۆمەڵێک دیاردەو دەرکەوتە نیگەتیڤەکانی وەک نازیزم و فاشیزم و بۆلشەویزم،کۆمەڵێک کاری قێزەون و شەرمەزاریانەو سەرشێتانەو هەڵەی نالۆژیکیانەی هتیلەرو ستالین و فرانکۆ .لەسەر مۆدێرنەتە حیساب بکەین و بیخەیتەئەستۆی مودێرنەتە، کە لەئەساسدا،هەموویان لادان بوونە لەخودی جەوهەرو پەیامی مۆدێرنەتە،ئاخر لۆژیکی ئەمە لەکوێدایە تۆوەک پۆست مۆدێرنەتەیەک، بێیت و بەوان ئایدیۆلۆژیا فاشیست ونازیزم وبۆلشەویزمانە، لەمۆدێرنەتە بدەیت. لەکاتێکدا جەوهەری مۆدێرنەتە، ڕەتکردنەوەی ڕەگەزپەرستی و ڕاسیزم و تۆتالیتاریزم و فاشییەتەو ،مۆدێرنەتە ناواخن و پرنسیپ و کرۆکەکەی مرۆڤ دۆستی و پەرەسەندنی عەقڵانیەت و زانست و ژیاندۆستی و ، ئازادی و لیبڕاڵییەتە،
مەلا بەختیار پێمان دەڵێت"مۆدێرنەتەش فیکرو فەلسەفەیەک نییە هەتا بتوانرێ لەسەر ئەو فیکرو فەلسەفەیە دادگایی بکرێ و ئۆباڵی کارەساتەکانی بخرێتە ئەستۆ. مۆدێرنێتە دەورانێکە لەئازادی ئەقڵەوە بۆ ئازادی بیروڕا، فەلسەفەی جیاواز، رێباز جیاوازو داهێنانە دونیاییە نوێکانە دژی نەریتەکۆن و بەسەرچوەکان ، دەگرێتەوە.(٣١٥).
مودێرنەتە،جێ هێشتنی قۆناغی سەدەکانی ناوەڕاست و تێک و پێک شکاندنی چەمەکە داڕزیوەکانیەتی. ڕزگارکردنی مرۆڤە لەنەریتەزاڵەکانی ئەو قۆناغە تاریکەی ژیان، ئایە بە بێ مۆدێرنەتە، دەکرا، ئابووریەکی نوێ، ژیانێکی کۆمەڵایەتی نوێی ،پێشەکەوتنی نوێ، بخوڵقێت و بێتەبوون؟ دەکرا هەموو نەریتە پیرۆزەکانی کەنیسەو میتافیزیکیەت ئایدیالیزم، هەژمونی ڕەهاو موتڵەق و تۆقێنەریان لەسەر بیرو هۆش و ئەقڵی مرۆڤ نەمێنێت و مرۆڤ لەو تۆقانەی ئایدیالیزم و کەنیسەو میتافزیکا، قورتاری بێت و ببێت بە مرۆڤێکی ئازاد؟ بە بێ مۆدێرنەتە، ئەو شارستانیەتە نوێچەشنەی رۆژئاوا دەخوڵقا؟
مرۆڤ دەکرا بەسەنتەرو چەقی بیرکردنەوە؟ ئەرێ هەر ئەو رۆشنگەری و مۆدێرنەتەیە نەبوون، کودەتایەکی سەرکەوتویان کرد، بەسەر نەریت و کەلەپورو بیرەتاریکەکانی سەدەکانی ناوەڕاست؟ ئایە کێ بوو مرۆڤی لەو زیندانەی سەدەکانی ناوەڕاست ڕزگارکردبوو، ئەو زیندانەی کە ئەقڵ، رۆح و جەستەی مرۆڤیان زیندانی کردبوو، بگرە ئەقڵی مرۆڤیان بۆ خودی مرۆڤ کردبوو بە زیندانی رۆحی بۆمرۆڤ و مرۆڤیان کردبوو بە دوژمن خودی خۆی، دوژمنی ئازادیەکانی، دوژمنی بیرکردەنەوە، دوژمنی زانست، و مرۆڤ و بوونی مرۆڤیان تێک پێک شکاندن بوو  و بیرو هۆشی مرۆڤیان بەکۆمەڵێک بیری خورافی وتێگەیشتنی میتۆلۆژی و سادەی نازانستی و دژە لۆژیکی کەنەسی و ئایینی لەقاڵب داوو و داگیرکردبوو! ئەرێ کێ بوو ئەقڵی مرۆڤی لەستەمی هەژمونگەری ئاین رزگار کرد؟ هەرڕۆشنگەری و مۆدێرنەتەنەبوو؟
لەکۆتاییدا بەڕێز مەلا بەختیار لە
"دیموکراسی لەنێوان مۆدێرنێتەو پۆست مۆدێرنێتەدا" پێمان دەڵێت"مۆدێرنێتە هەر ئەو ئایدیۆلۆژیەتە نەگریسانەی(نازیزم و فاشیزم)نییە کە پۆستەکان لەگەڵ (بۆلشەویزم-ئەویش بەهەڵە)کردویاننەتە سۆنگەی نابوتکردنی مۆدێرنێتە،بەڵکو هەزاران دەستکەوتە، پێشکەوتنە، چارەنوسی  هەرەکاریگەری گەلانە. ئەگەر مۆدێرنێتە نەبوایە ئێستا مەگەر وڵاتانی عەرەب بەحوشترو ئێمەش بەئێسترو هیندو ئەفریقیاش بە فیل هاتوچۆمان بکردبایه(٣٥٣)."مۆدێرنێتە یەکێکە لەقۆناغە پرشنگدارەکانی بەشەریەت..بیرو پەیوەندی دزێوی سەدەکانی ناوەڕاستی، لەبەشێکی زۆری وڵاتاندا، خستە مۆزەخانەی نەفرەتەوە. بەتایبەتی دەسەڵاتەکانی ئایینی مەسیحی و ئیسلامی.(٢٢٦).
" مۆدێرنەتە، واتە تەقینەوەی وزەکانی بیرکردنەوە؛هەڵوەشاندنی نەریتە بەسەرچوەکانی مەزەب وکۆمەڵ، هەروەها دۆزینەوەی رێسا گرنگ و کاریگەریەکانی ژیان و هەست و نەست، داهێنانی گوتن و گوتاری ئەقڵانی و دونیایی لەبەرامبەر گوتن و گوتاری ئەودیوی دنیاو...لەبەرەبەیانی سەدەی شانزەیەمەوە  هەتا ئێستای سەدەی بیست و یەکەم ، لەهەر شوێن و لەناو هەرگەلێکدا، نەریتی کۆنینە دابی دێرینەی بێکەڵک مابێ، مۆدێرنەتەچەکێکی  کاریگەری دژایەتیکردنیانە.لەوساوە، هەموو بیرێکی نوێ لەناو گەلان ، نەتەوەکان، سیستەمەکان، چینەکان، کەسەکان دژی بیرکردنەوەی کۆن خوڵقابێ، شانازیەکەی بۆ دەورانی مۆدێرنێتە گەڕاوەتەوەو دەگەڕێتەوە(٣١٣) و گرفتی گەورەی مۆدێرنێتە بڕواهێنان نەبووە بەحەکایەتە گەورەکان و بڕواگەورەکانی جیهان، وەک پۆست مۆدێرنێتەکان باسی لێوەدەکەن،"هەڵبەتە، ڕاستە،مامەڵەی خراپ لەگەڵ حیکایەتە گەورەکاندا کراوەو هەوڵیشدراوە یەک ئاڕاستەی مێژوویی بۆ چارەنووسی مرۆڤایەتی بسەپێندرێ.ئەم هەوڵانە زیانی زۆریشیان گەیاندووە، کارەساتی گەورەشیان لێکەوتۆتەوە(٣٣-٣٣٣).وەلێ لەگەڵ ئەمەیشدا
"بەڕاستی بڕواگەورەکانی مۆدێرنێتە بۆ بەشەریەت، بڕوای گەورەی جیهان هەژێن بوون.
لەوەتەی مرۆڤ خوڵقاوە هەتا ئەمڕۆش، بەشەریەت لەسایەی دەستکەوتە گەورەکانی مۆدێرنێتە دەحەسێتەوەو.هیچ نەتەوەیەک، گەلێک،دەوڵەتێک، بەبێ پرۆژەی گەورە،بەبێ حیکایەتی گەورە،بەبێ وەرچەرخانە گەورەکانی ژیان، نەیتوانیووە گۆڕانی گەورەی ئازادی ئەقڵ، حیکایەتی گەورەی پیشەسازی،حیکایەتی جیاردنەوەی دین و دەوڵەت، حیکایەتی رۆشنگەری، مەدەنیەت، ئەقڵانی، زانست و زانیاری،رزگاری دیموکراسی و رەخنەی ریشەیی لەبیروڕاکانی سەدەکانی ناوەڕاست ، بێنێتەدی. (٣٣١-٣٣٢)و "رۆشنگەری،مەدەنیەت،علمانیەت،ئەقڵانیەت،دەوڵەتی نەتەوەیی، سیستەمی دیموکراسی،ئازادی ئەقڵ ،پیشەسازی،تەکنیک،میکانیک و پشت بەستن بە جیهانی فەلسەفه دانراوەکان و بیرکردنەوەی دونیاگەرایی..تاد، هەموو ئەوانە ناونیشانی جۆراوجۆری دەسکەوتە گەورەکانی مۆدێرنیزمن(٣٢٠). 

بۆ خوێندنەوەی بەشی یەکەم کلیک لێرە بکە: