ئەوانەی‌ قۆڵۆنیان هەیە چی بخۆن و چی‌ نەخۆن؟ د. زانا ئەحمەد ڕێنماییان دەكات

تەندروستی 01/08/2021


چاودێر:
قۆڵۆن یەكێكە لەهەر نەخۆشییە بەربڵاوەكان لەناوخەڵكیدا، هەندێ جار بەجۆرێكە كەسی توشبووناڕەحەت و بێزار دەكات، خواردنیش بەیەكێك لەهۆكارە سەرەكییەكانی توشبوون بەنەخۆشییە دادەنرێت،لەوباریەوە پسپۆڕان ئاماژەبەوەدەكەن باشترین  چارەسەر بۆ ئەم نەخۆشییە خواردنی تەندروست و خۆپارێزییە لەو خواردنانەی كەدەبنە هۆی دروستبونی قۆلۆن.

د. زانا ئەحمەد،پزیشكی پسپۆڕی هەناو، دەڵێت" كۆنیشانەی‌ قۆڵۆنی‌ شڵەژاو- Irritable Bowel Syndrome یان وەك ئەوەی‌ لەناو خەڵكیدا پێی‌ دەوترێ (قۆڵۆن) نەخۆشییەكی‌ زۆر بەربڵاوە و ئەوەندە نەخۆشەكان ناڕەحەت دەكا، كار دەكاتە سەر ڕاپەڕاندنی‌ كاروباری‌ ڕۆژانەشیان باشترین چارەسەریی‌ ئەم نەخۆشییە بریتییە لە خۆپارێزی‌، كە ئەمەش لە ڕێی‌ خواردنی‌ تەندروستەوە دەبێت، تووشبووانی‌ ئەو نەخۆشییە دەپرسن "باشە چی بخۆین و چی نەخۆین؟"، ئەو خۆراكانەی  دەبێت بخورێت بریتین لە:


- ئاو: تا پێتان دەكرێ زۆر بیخۆنەوە، بە جۆرێك كەمتر نەبێ لە ڕۆژیی 8 پەرداخ.
- ژەمەكان: هەر سێ ژەمە سەرەكییەكە بخۆن. وا باشە ئەو ژەمانە لە هەمان كاتی‌ هەموو ڕۆژێكدا بخۆن، پاشان دەبێ خواردنیش زۆر بە لەسەرخۆیی بخورێت.
یاپراخ و خۆراكی‌ قوتووبەندە و گەرم كراوەش لە پەرەپێدەرانی‌ نەخۆشییەكەن، خۆتانیان لێ بەدوور بگرن، خۆراكی‌ چەوریش لە هەندێك نەخۆشدا نیشانەكان زیاد دەكات.
- چا و قاوە: ڕۆڵێكی‌ زۆریان هەیە لە دروست بوونی‌ نیشانەكانی‌ نەخۆشییەكەدا، بۆیە نابێ ڕۆژیی 3 كوپ زیاتریان لێبخۆنەوە، خۆ ئەگەر بتوانن بەتەواوی‌ دەستبەرداریان بن و بیانگۆڕن بە چای‌ گیایی‌، زۆر باشە، ئەو چایانە نەك پەرە بە نیشانەكانی‌ نەخۆشییەكە نادەن، بەڵكو ڕۆڵێكی‌ بەرچاویشیان هەیە لە نەهێشتنیاندا، بەتایبەت چایی (ڕازیانە) و پونگە (نەعناع)
- دانەوێڵەكان: گەنم و جۆ و لەمانەوە نان و سەموون لە گرینگترین هۆكانی‌ پەرەسەندنی‌ نەخۆشییەكەن، بەتایبەت ئەگەر كەپەكیان لێ نەكرابێتەوە (نانی‌ بۆر)، بۆیە مەیانخۆن. ئەگەر هەر دەیخۆن  سپی بخۆن، بەڵام خواردنی‌ گەنمە شامی‌ و برنج ئاساییە.
- سەوزە و میوە: زۆر جار چارە نەبوونی‌ نەخۆشییەكە بەهۆی‌ سەوزە و میوە خواردنەوەیە، چونكە ئەمانە ئەوەندە بە خواردنی‌ تەندروست دادەنرێن، كەم كەس بڕوا  دەكات بەوەی‌ ئازارەكانی‌ سكی‌ بەهۆی‌ خواردنی‌ ئەمانەوە بێت،هەمووشیان وا نین  لە كاتێكدا (نیسك، فاسۆلیا، قەڕنابیت، سیر، پیاز، قارچك، كەلەرم، سێو، شووتی‌، گێلاس، هەرمێ) نابێ بخورێن، ئەوانی‌ تر و بەتایبەت (گێزەر، خەیار، پەتاتە، تەماتە، باینجان، سپێناخ، كەرەوز، كاهوو، مۆز، ترێ، كیوی، لیمۆ، لالەنگی‌، پرتەقاڵ، توو) دەتوانرێ بخورێن. خواردنی‌ تەڕەپیاز (بەپێچەوانەی‌ پیازەوە) شتێكی‌ ئاساییە و میوە بە وشككراوەیی مەخۆن و ڕۆژیی سێ دانە میوەش زیاتر مەخۆن.
- مەی‌ و خواردنەوە گازییەكان: ڕۆڵی بەرچاویان هەیە لە دروست كردنی‌ نیشانەكان. لێیان بەدوور بن، لە ئازاری‌ قۆڵۆن بەدوور دەبن.
- شەكرە دەستكردەكان: بەتایبەت لە بنێشت و خواردن و خواردنەوەكانی‌ تایبەت بە خۆلاواز كردنەوە و شەكرەداران هەن، بۆیە نابێ ئەمانە بخورێن.
- چەرەز: فستق مەخۆن و بادەم بخۆن.
- هەنگوین، چلوورە، مۆتا، كێك، پسكیت، پاقڵاوە و شیرینی‌ لەو خواردنانەن كە نابێ بخورێن.
- داو و دەرمان: بەتایبەت هەندێك دەنكی‌ تایبەت بە هەو كردن و ئازارشكێنی، نیشانەكانی‌ نەخۆشییەكە دەردەخەن، بۆیە نابێ تا زۆر پێویست نەبن بخورێن، بەڵام (پاراسیتۆل) ئەو كێشەیەی‌ نییە.
- وەرزش: ڕۆڵی بەرچاوی‌ هەیە لە زیاد كردنی‌ جووڵەی‌ ڕیخۆڵەكان و كەم كردنەوەی‌ فشاری‌ دەروونی‌، كە هەردووكیان بەكارن لە نەهێشتنی‌ نیشانەكانی‌ ئەم نەخۆشییە، بەڵام ئەو كەسانەی‌ كە تووشی نەخۆشییەكە هاتوون و پێشتر زۆر چالاك نەبوون، دەبێ وردە وردە دەست بە وەرزش بكەن، نەك ئەوەی‌ یەكسەر دەست بۆ هی‌ قورس ببەن.
 لەكۆتاییدا ئەو پزیشكە ئاماژەبەوەدەكات، مەرج نییە هەموو نەخۆشەكان كێشەیان لەگەڵ یەكە بە یەكەی‌ ئەو خواردنانەدا هەبێ، بەڵكو هەر یەكە و كێشەیان لەگەڵ چەند دانەیەكیاندا هەیە، دەبێ خۆیان لەگەڵ تێپەڕینی‌ كاتدا بۆ خۆیانی‌ بدۆزنەوە كە ئەوە كامەیە ناڕەحەتیان دەكات و دەستی‌ لێبەر بدەن.