نرخی نەوت 70 دۆلاری تێپەڕاند و 40 رۆژە مووچە دابەشنەكراوە

ئابوری 03/06/2021

چاودێر
نرخی نەوت لەبازاڕەكانی جیهان 70 دۆلاری تێپەڕاند، و هێشتا چارەنووسی مووچەی مانگی ئایاری مووچەخۆرانی هەرێم بەلێبڕینی 21% نادیارە و رەخنەی توند لەحكومەتی هەرێم دەگیرێت. 
ئاژانسەكانی هەواڵی جیهان ئەمڕۆ پێنجشەممە، بڵاویانكردەوە، نرخی هەر بەرمیلێك نەوتی برێنت گەیشتوەتە 71 دۆلار 53 سەنت و نرخی بەرمیلێك نەوتی ئەمریكیش گەیشتوەتە 69 دۆلارو 29 سەنت.
هاوكات هێشتا لەهەرێمی كوردستان، مووچەی مانگی ئایار بەلێبڕینی 21% كۆتایی نەهاتووە و دیارنیش نییە هەفتەی داهاتوو مووچەی چی وەزارەت و شوێنێك دابەشدەكرێت ؟.
مووچەخۆرانی هەرێم، پێیانوایە بیانووەكانی حكومەتی هەرێم بۆ بەسستی دابەشكردنی مووچە بەلێبرینەوەش لەشوێنی خۆیدا نییە و جێگەی بڕوایان نییە.
پێشتر بەرپرسانی حكومەتی هەرێم، لەزاری سەرۆكی حكومەت و یاریدەرەكەی بۆ كاروباری دارایی و وتەبێژی حكومەت و بەشێك لەپارلەمانتارانی پارتی، بەڵێنی ئەوەیاندا هەموو 25ی مانگێك مووچە دابەشدەكرێت، بەڵام تەنیا قسەی سەر شاشەكان و میدیاكان بوو.
نزیكەی 40 رۆژە، زۆربەی فەرمانبەران و مامۆستایان مووچەیان وەرنەگرتووە و نرخی نەوت و دۆلار و بەنزین و پێداویستی رۆژانەی خەڵك بەردەوامە لەبەرزبوونەوە.
.