دین و دەوڵەت

رۆشنبیری 20/04/2021



نوسینی: حەمەسەعید حەسەن

کە وشەی عەلمانی لە دونیای ئیسلامدا سەری هەڵدا، بە هەڵە، بە مانای دژەدین لێک درایەوە. عەلمانی وشەیەکی ئەوەندە بەدبەخت بوو، ئەوانەیشی خۆیان بە عەلمانی دەزانی، بەد لێی حاڵیی دەبوون. تەنانەت (بیرمەند)ێکی وەکوو موحەممەد عابید ئەلجابیری، داوای کردبوو وشەی عەلمانی لە قامووسی فیکریی عەرەبی فڕێ بدرێتە دەرەوە! زۆرینە پێیان وایە، ناکرێت مەلا یان قەشە عەلمانی بێت، بەڵام عەلمانیبوون دوورکەوتنەوە نییە لە دین، دوورخستنەوەی دینە لە دەوڵەت. دەشێت ئینسان هاوزەمان پێشەوایەکی ئایینی بێت و عەلمانییش بێت، وەک عیززەدینی حوسەینیی کوردستانی و گریگوار حەددادی لوبنانی.

ئەگەر پێوەندیی دەوڵەت بە دینێکی دیاریکراوەوە پتەوبوو، ئەگەر دەوڵەت و دین لە خزمەتی یەکتریدا بوون، ئەگەر دینێک دەوڵەتی بەڕێوە دەبرد، ئەوە دەوڵەتێکی دینییە، بەڵام ئەگەر دەوڵەت و دین لە یەکدی جیابوون و ‌هیچیان دەستیان وەرنەدەدایە، کاروباری ئەوی ترەوە، ئەوە دەوڵەتێکی عەلمانییە. جۆرێکی تریش لە دەوڵەت هەیە، کە هەرچەندە خۆی وەک بێدین دەناسێنێت و بەگژ هەموو دینێکدا دەچێتەوە، بەڵام چونکە هێندە بە وشکی و بە توندی وابەستەی بێدینی دەبێت، بێدینییەکەی وەک جۆرێک لە دینی لێ دێت، سۆڤییەتی جاران وەک نموونە.

دەوڵەتی عەلمانی نە لەبن هەژموونی هیچ دینێکدایە، نە گوشار دەخاتە سەر هیج دینێک، دەوڵەت و دین هەردووکیان سەربەخۆن. لە سایەی دەوڵەتی عەلمانیدا، دین هی زۆرینە بێت، یان هی کەمینە، هەمان بایەخ و هەمان ئازادی و هەمان ڕێزی هەیە، بەڵام چونکە کۆمەڵ هاوزەمان گۆڕەپانی هاوبەشی دین و دەوڵەتیشە، دابینکردنی ژینگەیەکی تەواو یەکسان، کارێکی ئاسان نییە، بۆیە زۆر لەو دەوڵەتانەی، خۆیان وەک عەلمانی دەناسێنن، ڕاستییەکەی نیمچە عەلمانیین، بەبێ ئەوەی دینی بن. عەلمانیبوونی تەواو ئەوە نییە، دینی زۆرینە لە خوێندنگە گشتییەکاندا بخوێنرێت و دینی کەمینە نا. لە ئەورووپا دەوڵەت عەلمانی بێت، یان نیمچە عەلمانی، دینداری، گوڕینی دین و لادینی ئازادن.

عەلمانیبوون هەر جیاکردنەوەی دەوڵەت نییە لە دین، جیاکردنەوەی دەوڵەتە لە کۆمەڵی مەدەنییش، بە جۆرێک هاووەڵاتی وەک تاکێکی کۆمەڵی مەدەنی، هەموو مافێکی پارێزراو بێت و هیچ کۆسپێک لەبەردەم چالاکییە دینییەکانیدا قوت نەکرێتەوە. ئەو دەوڵەتەی دەست وەردەداتە هەموو گۆشەیەکی کۆمەڵەوە، ئازادیی کۆت و پێوەند دەکات و ڕێز لە مافی مرۆڤ ناگرێت، با (دینی)یش نەبێت، بەڵام عەلمانی نییە، تۆتالیتارییە. ئازادیی دینداری یەکێکە لە مافەکانی ئینسان، کاتێک دابین دەبێت کە دەوڵەت دەست وەرنەداتە کاروباری کۆمەڵی مەدەنییەوە.

دەوڵەتی نوێ بۆیە عەلمانییە، چونکە پێویستی بەوە نییە، دین بخاتە خزمەتی خۆیەوە. ناتوانین ئەو دەوڵەتە بە عەلمانی لە قەڵەم بدەین کە لە هەموو تەنگژەیەکدا هانا بۆ پیاوانی ئایین دەبات. دەوڵەت کە کۆمەڵگەی مەدەنی ناخاتە بن هەژموونی خۆیەوە، ئەوە بە مانایە نییە کە کۆمەڵ فەرامۆش دەکات، ئاخر ئەرکی دەوڵەتە، پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵ بکات. دەوڵەتی عەلمانی وەک چۆن ئازادیی دینداری زامن دەکات، هەر وایش بوار بۆ کۆمەڵی مەدەنی دەڕەخسێنێت، ئازادانە چالاکی بنوێنێت.

عەلمانیبوون، مەسەلەیەکی سیاسییە، نەک دینی، دەوڵەت ناتوانێت خۆی بە مۆدێرن بزانێت، ئەگەر دین لە سیاسەت جیا نەکاتەوە. ئەوە ئەرکی دەوڵەتی نوێیە، وەک یەکێک لە بوارەکانی کۆمەڵی مەدەنی سەرنجی دین بدات. دین خۆی دەستپێشخەری ناکات، ئەوە عەلمانیبوونە، لە دەوڵەتی جیا بکاتەوە، ئەوە ئاسایییە دین لە دژی کەمکردنەوەی هەژموونی خۆی بوەستێتەوە، بۆیە دەوڵەت ناچارە، بۆ سەپاندنی عەلمانیبوون، بڕێک لە گوشار وەگەڕ بخات، فەرەنسا تا بە گژ کەنیسەدا نەچووەوە، نەیتوانی عەلمانیبوون بچەسپێنێت.

لە فەرەنسا ئەوە دەوڵەت بوو عەلمانیبوونی سەپاند، بەبێ ئەوەی مۆڵەت لە کەنیسە وەربگرێت، بەڵام لە دونیای ئیسلامدا، ئەوە دەوڵەتە ناخوازێت عەلمانیبوون بچەسپێنێت، ئاخر بۆ بە شەرعی ناساندنی خۆی، بەد سوود لە دین وەردەگرێت و بە کۆمەکی ئایین هەژموونی خۆی دەسەپێنێت. لە دونیای ئیسلامدا، دەوڵەت لە دەرگای مۆدێرنێتەی داوە، بەڵام بوێریی ئەوە شک نابات بچێتە ژوورەوە، ئاخر وەژوورکەوتن، حەوجەی بە جیاکردنەوەی ئۆلە لە دەوڵەت. لە دونیای ئیسلامدا هەر دەسەڵات بەد سوود لە ئیسلام وەرناگرێت، ئۆپۆزیسیۆنیش بۆ ئەوەی عەوام لە خۆی خڕ بکاتەوە و ڕەوایی بە داخوازییەکانی بدات، هانا بۆ دین دەبات، ئاخر چاوی هەر لە دەسەڵاتی سیاسییە. خەباتی موعارەزەی ئیسلامی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی دینییە، نەک بۆ یەکسانی و دادپەروەری، نەک بۆ ئازادییەک تاک لەوەدا سەرپشک بێت، دیندار دەبێت، یان لادین.

جیاوازیی نێوان عەلمانی و ئیسلامی ئەوەیە، یەکەمیان لە هەوڵی ئەوەدایە، دین لەژێر چەپۆکی سیاسەت قوتار بکات، بەڵام دووەمیان لە هەوڵی بە سیاسیکردنی دیندایە. سیکۆلاریزم ئایدۆلۆجیایەک نییە، بە گژ دیندا بچێتەوە، کۆمەڵێک تەقەلا و هەڵسوکەوتە بۆ جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت، بۆ ئازادکردنی دین لە زیندانی سیاسەت، بۆ ڕزگارکردنی کۆمەڵی مەدەنی، لە ستەمی دەوڵەت و لە سانسۆری دینی. فەندەمەنتالیزم وەک هەموو ئایدۆلۆجیا تۆتالیتارییەکانی دیکە، ئامێرێک نییە بۆ جیاکردنەوەی کایە جیاوازەکان لە یەکدی، ئامێرێکە بۆ تواندنەوەی هەموو کایەکان لە یەک کوورەدا، ئاخر بڕوای بە فرەیی نییە، بڕوای بەوە نییە، دەوڵەت و دین و کۆمەڵی مەدەنی، سێ بواری لە یەکدی جیاواز و سەربەخۆ بن.

ئەوە هەڵەیە پێمان وابێت، عەلمانیبوون بۆ کریستیانیزم گونجاوە، بەڵام بۆ ئیسلام دەست نادات، نا ڕاستییەکەی هەموو دینێک تا بتوانێت، ڕێ لە عەلمانیبوون دەگرێت، کەنیسە دوو سەد ساڵێک خۆی بە دەستەوە نەدا، بەرگرییەکی کرد، زۆر شێلگیرانەتر لەوەی هەنووکە ئیسلام لە دژی عەلمانیبوون دەیکات. ئەوە ئەم یان ئەو دین نییە، بڕیار لەسەر چارەنووسی عەلمانیبوون دەدات، ئاخر بە عەلمانیکردنی دەوڵەت، پرسێکی سیاسییە و کاری دەوڵەتی مۆدێرنە. دەوڵەتی مۆدێرن بەبێ  ئەوەی پرس بە پەرستگە یان بە کۆمەڵ بکات، عەلمانیبوون دەسەپێنێت، خۆ دەوڵەتی عەلمانی، لە ئەنجامی گشتپرسییەوە لە دایک نابێت. سیکولاریزم جیاکردنەوەی دینە لە دەوڵەت، جیاکردنەوەی دین نییە لە کۆمەڵ، دین لە کۆمەڵدا نەک هەر هەمان پایەی خۆی دەمێنێت، بەڵکوو ڕێز لێ گیراوتریش دەبێت، چونکە لە سایەی عەلمانیبووندا، دەوڵەت ناتوانێت خراپ سوود لە دین وەربگرێت و لە قازانجی خۆی بیخاتە گەڕ.

لە سایەی دەوڵەتی عەلمانیدا، ئایین بوارێکی فراوانی بۆ دەڕەخسێت، تا برەو بە چالاکییە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانی بدات. دوورخستنەوەی دین لە دەوڵەت، بە قازانجی دین دەشکێتەوە، ئاخر عەلمانیبوون، ئازادکردنی گەردنی دینە لە کۆتی سیاسەت و ڕێ خۆشکردنە بۆ گەڕانەوەی دین بۆ هەوارە ڕەسەنە دێرینەکەی خۆی، کە دونیای ڕۆحیی ئینسانە. عەلمانیبوون کۆمەڵ لە ئایین ڕزگار ناکات، ئایین لە بن هەژموونی دەوڵەت ڕزگار دەکات. تەها حوسەین دەڵێت: (چونکە لە ئیسلامدا نە کەنیسە هەیە، نە کەهەنووت، نە چینێک هەیە بەرژەوەندیی لەوەدا بێت، کۆمەڵ بکەوێتە بن هەژموونی دینەوە، بۆیە جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت، لای موسوڵمانان ئاسانترە وەک لەلای مەسیحییەکان.)

لە کاتێکدا حیزبە ئیسلامییەکانی دونیای عەرەب دەیانگوت: (عەلمانیبوون کە لە خۆرئاواوە هاوردە کراوە، ناکۆکە لەگەڵ ڕۆحی ئیسلامدا،) حیزبی ڕەفاهی تورکی کە وەکوو کرۆک ئیسلامی بوو، داوای عەلمانیبوونی ڕاستەقینەی دەکرد، بۆ ئەوەی دەوڵەت دەست وەرنەداتە کاروباری دینەوە. سیاسەتی تورکیا بەرانبەر ئەرمەن و کورد و یۆنانی، ئەوە لە گوماندا ناهێڵێتەوە کە سیستەمی فەرمانڕەوایی لەو وەڵاتە لە سەد ساڵی ڕابردوودا، هەرچەندە دینی نەبووە، بەڵام عەلمانییش نەبووە، ئاخر ناکرێت خۆت بە عەلمانی بزانیت و بە چاوێكی یەکسان سەرنجی هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و دینییەکان نەدەیت، ناکرێت خۆت بە عەلمانی بزانیت و گەلانی غەیرە تورک و غەیرە موسوڵمان قەلاچۆ بکەیت. حیزبی ڕەفاهی تورکی لەبری مۆدێرنێتەی خۆرئاوایی، دروشمی مۆدێرنێتەی ئیسلامیی بڵند دەکردەوە و پێی ئاسایی بوو، فرەژەنی قەدەغە بێت و نێر و مێ لە بەشەمیراتدا یەکسان بن، بەڵام دژی سینەما و خوێندنی تێکەڵاو دەوەستایەوە!

ئەو سەروەختانەی ئەورووپا بە تیشکی خۆری ڕێنیسانس، هێدی هێدی ڕۆشن دەبووەوە، دونیای ئیسلام لەبن هەژموونی شەوەزەنگی خەلافەتی عوسمانیدا، قووڵ خەوی لێ کەوتبوو. بۆچی عەلمانیبوون لە دونیای ئیسلامدا هێندە درەنگ سەری هەڵدا؟ یەکێک لە هۆکارەکان، جۆرج تەرابیشی گوتەنی ئەوەبوو، (چونکە ڕۆشنبیرانی دونیای ئیسلام نەیانتوانی سەریان لە عەمامە ڕزگار بکەن،) چونکە (عەقڵ)یان نەخستە گەڕ و لە سنووری بازنەی (نەقڵ)دا گیریان خوارد. جابیری دەیگوت: (عەلمانیبوون، جیاکردنەوەی کەنیسەیە لە دەوڵەت، چونکە کەنیسە لای ئیسلام نییە، کەواتە ئیسلام حەوجەی بە عەلمانیبوون نییە.) جابیری خوێنەری فریو دەدا، ئاخر عەلمانیبوون جیاکردنەوەی کەنیسە نییە لە دەوڵەت، جیاکردنەوەی دینە لە دەوڵەت، ئاخر کەنیسە، دین نییە، شوێنە، شوێنی خواپەرستی! کەنیسە ئەوپەڕی بەشێکە لە دین، نەک هەموو دین.

جابیری ئەگەر مەبەستی فریودانی خوێنەر نەبووایە دەیگوت: عەلمانیبوون بریتییە لە جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت، ئیسلامیش دینە، بۆیە پێویستە لە دەوڵەت جیا بکرێتەوە. جابیری پێناسەی عەلمانیبوون دەزانێت، بەڵام بۆیە بە جیاکردنەوەی کەنیسە لە دەوڵەتی پێناسە دەکات، تا بەو ئەنجامە بگات، چونکە لە ئیسلامدا کەنیسە نییە، کەواتە عەلمانیبوون بۆ ئیسلام گونجاو نییە. ڕاستە لە ئیسلامدا کەنیسە نییە، بەڵام دەسەڵاتی دینی هەیە، بەڵام پیاوانی ئایین هەن کە خۆیان بە پردی نێوان خوا و خواپەرست دەزانن، کە لای شیعە تەنانەت خۆیان بە (مەعصووم)یش دەزانن! ئەرگومێنتی ئیسلامییە توندڕۆکان کە دەڵێن: (ئیسلام دین و دەوڵەتە، لێک جیا نابنەوە،) گەلێک لە پاساوەکەی جابیری بەهێزترە، هەرچەندە نە لە قورئاندا، نە لە فەرموودەدا، دەوڵەت نەهاتووە. عەلمانیبوون ڕەتکردنەوەی دین نییە، ئەوەیە نە دین دەست وەردەداتە سیاسەتەوە، نە سیاسەت دەست وەردەداتە دینەوە. عەلمانیبوون دژی دین نییە، دژی بە سیاسیکردنی دین و بە دینیکردنی سیاسەتە. لە دونیای ئیسلامدا، دەسەڵات کە هیچ جۆرە شەرعییەتێکی نەما، بۆ شاردنەوەی عەیب و عارەکانی بەرگی ئایین دەپۆشێت.

*

(*) جورج طرابیشی، هرطقات عن الدیمقراطیة والعلمانیة و الحداثة والممانعة العربیة، دار الساقي ٢٠٠٦ بیروت.