دۆخی تەندروستی ئەو کەسانە چۆنە کە ڤاکسینیان وەرگرتوە؟

تەندروستی 18/04/2021


بەرێوەبەری خۆپاراستنی سلێمانی رایگەیاند، تاكو ئێستا لە شاری سلێمانیدا نزیكەی ٨ هەزار كەس خۆیان كوتاوە هیچ كێشەیەكی تەندروستیان نەبوە.
د. ڕزگار عەلی، بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی بە دەنگی ئەمەریكای راگەیاندوە، بەشێكی هاوڵاتیان بە ترسێكەوە لە بەكارهێنانی پێكوتە دەڕوانن، بەڵام بە وتەی كاربەدەستانی تەندرووستی، هەتاكو ئێستا لە شاری سلێمانیدا نزیكەی ٨ هەزار كەس خۆیان كوتاوە و هیچ كێشەیەكی ئەوتۆ درووستنەبووە.
 ئاماژەی بەوەشكردوە، لە ئێستادا چەند ڤاكسینێكی جیاواز كە كۆمپانیاكانی ئەمەریكا و بەریتانیا و ڕووسیا بەرهەمیان هێناوە لە جیهاندا بەكاردەهێنرێن و بۆ نموونە ڤاكسینێكی وەكو ئەسترازەنێكا رەنگە تاكو ئێستا لە جیهاندا ٤٠ ملیۆن كەس بەكاریانهێنابێت.
د. ڕزگار عەلی ،ئەوەشی رونكردەوە، تاكو ئەمڕۆ هیچ كێشەیەكی ئەوتۆمان نەبووە،  سەرەتای وەك خشتەی جیهان كە دەستیانپێكرد پێكوتەكە بۆ پزیشك و كارمەندی تەندرووستییە، بەڵام ئێمە لەگەڵ ئەوەشدا هاوكاری هاوڵاتیانمان كردووە و شانبەشانی كارمەند و پزیشكان كە ژمارەیان ١٤ هەزار كەسە هاوڵاتیانیشمان كوتاوە.

بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندرووستی سلێمانی دەشڵێت" كە شەپۆلی نوێی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستاندا زیاتر جۆری گۆڕاوی نوێی ڤایرۆسەكەیە، كە گۆڕانكارییەكی كەمی لە خۆیدا كردووە، بەڵام ڕێگاكانی خۆپاراستن و چارەسەر وەك خۆیان دەمێننەوە"

د. ڕزگار عەلی، باسی  لەوەشكردوە،تاكو ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا زیاد لە ١٣٠ هەزار كەس وەك تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراون كە زیاد لە ٣،٨٠٠ كەسیان گیانیان لەدەستداوە و لە ئێستاشدا زیاد لە ١٧ هەزار كەس تووشبووی ڤایرۆسەكەن.