باندێكی گەورەی دراوی ساختە دەستگیركران.. هۆشداری بەهاووڵاتیان دەدرێت

ئابوری 18/03/2021

چاودێر
لەسنووری قەزای كۆیە، باندێكی ساختەكاری دراوی بیانی دەستگیرکران، كە چەندین كاڵا و شمەكیان لەهاووڵاتیان كڕیوە و لەبەرامبەردا دۆلاری ساختەیان پێداون.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی كۆیە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ی ئاداری ٢٠٢١، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، دەستگیركردنی چەند كەسێكی راگەیاند، كە بەدۆلاری ساختە كاڵا و شمەكیان لەهاووڵاتیان كڕیوە و دوای ئاشكرابوونیان لەكاتی دەستگیركردنیشیاندا، دۆلاری ساختەیان پێگیراوە و رووبەڕووی یاسا كراونەتەوە.
هاوكات ئاسایشی كۆیە، ئاشكرایكرد، شەوی 20 لەسەر 21ی مانگی رابردوو، سێ كەس لەشاری هەولێرەوە هاتوونەتە كۆیە و لەپێنج دوكانی كڕین و فرۆشتنی مۆبایلدا، بە 100 دۆلاری ساختە مۆبایلیان كڕیوە و دواتر ئاشكرابووە كە دۆلارەكان ساختەن، بۆیە لەرێی كامێراكانی چاودێری و تیمەكانی لێكۆڵینەوە توانراوە كەسەكان بناسرێنەوە و یەكێكیان دەستگیركراوە و دووانیان دەستگیرنەكراون.
ئەوەشیان خستەڕوو، رۆژی 27ی 2ی 2021 دوو كەسی تر لەگوندێكی سنووری كۆیە بەبیانوی كڕینی ئاژەڵ سەردانی گوندەكەیان كردووە و بەبڕی 900 دۆلاری ئەمریكی ئاژەڵیان كڕیوە، دواتر دەركەوتوە دۆلارەكان ساختە بوون و لەكۆتایی مانگی 1ی ئەمساڵەوە، تائێستا دەستیان بەسەر بڕی دوو هەزارو 300 دۆلاری ساختەدا گرتووە، ئەوەش ئاماژەیە بۆ زیادبوونی پارەی ساختە و داوا لەهاووڵاتیان و كاسبكاران دەكەن ئاگاداری خۆیان بن.