وتار

سەروەت تۆفیق

باشی و خراپیەكانی مەركەزیەت و لامەركەزیەتی ئیداری

07/05/2020

ئامادەكردنی: سەروەت تۆفیق 

    بیرۆكەی سەرهەڵدانی یاسایی ئیداریی دەگەڕێتەوە بۆ دوایی شۆڕشی فەڕەنسا ساڵی (1789). واتە دەسەڵاتەكانی فەرمانڕەوایەتیكردن پێشتر لە فەڕەنسا هەمووی لە دەستی پاشادا كۆكرابوونەوە و بەشێوەیەكی مەركەزی هەموو كاروبارەكان لەژێر دەستی خۆیدابوون، هەروەها دەوڵەتیش ملكەچ نەبوو بۆ لێپرسینەوە، یان چاودێریكردن  قەزایی. 
پێناسەی یاسای كارگێری:"لقێك لە لقەكانی یاسای گشتی، كۆمەڵێك رێسای یاسایی لە خۆی دەگرێت، كە تەحەكوم بە (ئیدارەی گشتی)یەوە دەكات، لە رووی رێكخستن و چالاكی و چاودێریكردنەوە"، مەدلولی گشتی بۆ یاسای كارگێڕی:"بە كۆمەڵە قاعیدەیەكی قانوونی دادەنرێت، كە تەحكوم بە چالاكی ئیدارەی گشتییەوە دەكات، كە جیاوازتر نییە لەو قواعیدانەی كە تەحكوم بە چالاكی تاكەكانەوە دەكات، لە بازنەی یاسای تایبەتدا".
واتە لە رێگەی پشكنینی یاسای هەر وڵاتێكەوە جۆری سیستمی بەڕێوەبردنی سیاسی، ئابووری، كۆمەڵایەتی، ئاستی تێگەیشتن و فكری ئەو وڵات و كۆمەڵگەیەت بۆ دەردەكەوێت. دواتر تێدەگەین كە كام رێگەیەیان بۆ ئیدارەدان و خۆبەرێوەبەری هەڵبژاردووە. جا ئەو خۆبەرێوەبەرییە سیستمەكەی مەركەزی بێت، یان لا مەركەزی.
لەم پەیپەرەدا زیاتر سیستمی مەركەزی و لامەركەزی، پێناسە و چەمك، لایەنی یاسایی و سیاسی و هۆكارو پاڵنەر بۆ جێبەجێكردنی و لایەنی باشە و خراپەی هەر یەكەیان بەجیا دەخەینەڕوو. لەبەرچاوگرتنی ئەوەی كە تائێستا هەرێمی كوردستان دەستووری نییە، بەڵكو تائێستا بە رەشنووسی ماوەتەوە. بۆیە دەبێت لە دوای دەستوور پەنا ببرێتەبەر یاسای ئاسایی (تەشریع)، ئەوانیش یاسای شارەوانییەكان ژمارە (6 ی ساڵی 1993)، هەروەها هەردوو یاسای ژمارە (3ی ساڵی 2009) یاسایی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان _ عێراق، هەروەها یاسای ژمارە (4 ی ساڵی 2009) هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنەكانی پارێزگاكان و قەزاو ناحیەكان لە هەرێمی كوردستان _ عێراق. 
لە لایەكی ترەوە لامەركەزی ئیداری زۆر جیاوازە لە دوو ئیدارەیی، چونكە بە لامەركەزی كردنی دامودەزگا مەركەزییەكان و دابەشكردنی دەسەڵات لەنێوان پایتەخت و یەكە ئیدارییەكاندا پڕۆسەیە و پێویستی بەوەیە بخرێتە ناو پلانی نیشتمانی بە لامەركەزی كردنی سیستەمی ئیداری وڵاتەوە و سەقفی زەمەنی بۆ قۆناغەكانی جێبەجێكردنی ئەو پلانە نیشتمانییە دابنرێت، تاكو لامەركەزیەت دێتەپێش و بەناو دەقەكانی دەستور و یاسا و بڕیار و رێنماییەكاندا تێدەپەڕێت، بۆ ئەوەی دواتر جێ دەستی خۆی بەسەر كۆی پڕۆسەی بە لامەركەزی كردنەوە بەجێبهێڵێت. واتە باسەكە لە شۆڕبوونەوەی دەسەڵاتەكانە، نەك دوو دەسەڵاتی یاسادانان و دوو ئەنجوومەنی وەزیران دوو دەسەڵاتی یاسادانان. چوارچێوەی یاسایی ئەو وڵاتانەی دەستیانداوەتە پرۆسەی بە لامەركەزیكردنی پەیكەری سیستمی ئیداری هاوشێوە نین، هەیانە سەرەتا لا مەركەزیەتیان لە یاسای ئاسایدا رێكخستووە، بەڵام دواتر لەبەر رۆشنایی ئەزموون و دەقە یاساییەكاندا دەستوریان بۆ هەمواركردۆتەوە. یاخود هەیانە لە پڕۆسەی بەجێگەیاندنی لامەركەزیەتدا لە سەرەتادا لامەركەزیەت لە دەستوردا دەق نوسكراوەو دواتر لەبەر رۆشنایی دەقە دەستوررییەكاندا یاسایەك، یان زیاتر دەردەچوێنن، كە بەشێوەیەكی دوورو درێژ چۆتە ناو وردەكارییەكانی سیستمی لامەركەزییەوە.یان هەیانە تەنها یاسا و تەشریع دەبێتە بربڕەی پشتی دیزاینكردنی سیستمی لامەركەزی، بە هۆكاری ئەوەی لەناو دەستوردا باسی لامەركەزیەت نەكراوە.
چوارچێوەی یاسایی لامەركەزیەت لە هەرێمی كوردستان سەر بە شێوازی سێیەمە، بۆ دیزاینكردنی سیستمی لامەركەزی تەنها پشت بە (تەشریع و یاساكان) بەستراوە، بەڵام ئەمە بەهۆی ئەوەوە نییە لە دەستورەكەیدا باسی بنەما و پڕەنسیپەكانی لامەركەزیەت نەكرابێت، بەڵكو لەبەر ئەوەیە تائێستا هەرێمی كوردستان خاوەنی دەستور نییە. بۆیە بەپێی میتۆدی (كارین) لە پێوانەكردنی لامەركەزیەتدا و بەپێوەری دیاریكردنی ئەو سەرچاوە یاساییەی كە لامەركەزیەتی تێدا دەق نوسكراوە، گەر رێكخستنی لامەركەزیەت بە دەستور بوو، ئەوا لامەركەزیەت بەهێزە. گەر رێكخستنی لامەركەزیەت بە یاسای ئاسایی بوو، ئەوا ئاستی لامەركەزیەت مام ناوەندە. گەر رێكخستنی لامەركەزیەت بە بڕیاڕو رێنمایی بوو، ئەوا ئاستی لامەركەزیەت لاوازە.


هۆكارە كاریگەرەكان لە دیاریكردنی جۆری رێكخستنی ئیداری
هەندێك لە فقیهەكان پێیانوایە لەبەرئەوەی رێكخستنی ئیداری لە دەوڵەتێكەوە بۆ دەوڵەتێكی دیكە جیاوازە، تەنانەت لەنێو دەوڵەتێكیشدا لە هەرێمێكەوە بۆ هەرێمێكی دیكە جیاوازە، ئەوا ئەم بابەتە ئەگەر بەڵگەبێت لەسەر هەر شێك بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە شێوازی رێكخستنی ئیداری دەكرێت كاریگەر بێت بە كۆمەڵە هۆكارێك، كە ئەوانیش بریتین لە:
1.هۆكارە جوگرافی و سروشتییەكان: ئەم هۆكارە كاریگەری دروست دەكەن، لەسەر جۆری رێكخستنی ئیداری كارپێكراو لە دەوڵەتدا، واتە هەر لە رووبەری دەوڵەت و بونیاتی بەرزو نزمییەكانیدا، كە كاریگەری بەرچاو دادەنێن لەسەر دیاریكردنی جۆری رێكخستنی ئیداری. بە نمونە رووبەری دەوڵەت گەر هاتوو بچووك بوو، ئەوا ئاڕاستەكە زیاتر بەو ئاقارەدا دەڕوات كە كار بە رێكخستنی ئیدارەی مەركەزی بكرێت. بە پێچەوانەشەوە گەر هاتوو رووبەری دەوڵەتەكە گەورەو بەرفراوان بوون. ئەوا كار بە هەردوو سیستەمەی ئیداری مەركەزی و لا مەركەزی بكرێت. ئەمەش دەكەوێتە سەر بارودۆخی سیاسی، كۆمەڵایەتی، ئابووری بەربڵاوی دەوڵەت .
هەروەها بوونی بەرزی و نزمیش بەهەمانشێوە كاریگەری لەسەر جۆری ریكخستنی ئیداری دەبێت. كە ناوچە شاخاوییەكان زیاتر ئارەزوویان بە لای رێكخستنی نامەركەزیدا دەڕوات، چونكە ناوچەكەیان سەخت و شاخاوییە، بە پێچەوانەشەوە ناوچە بیابانەكان زیاتر ئارەزوویان بە لای كۆكردنەوەی هەردوو رێكخستنی ئیداری مەركەزی و لامەركەزیدا دەڕوات، لەبەر ئەوەی ناوچەكانیان ژمارەی دانیشتوانیان كەم و زۆرتر هاتوچۆ دەكەن.
2.هۆكارە سیاسییەكان: رێكخستنی ئیداری لە هەر وڵاتێك بە گوێرەی ئایدۆلۆژی رژێمی سیاسی ئەو وڵاتە و سروشتی رژێمی حوكمڕانی بەربڵاو لەو وڵاتەدا دیاری دەكرێت. 
بۆنمونە لە یەكێتی سۆڤیەتی جاران مەركەزیەتی دیموكراتی باڵادەست بوو، بەسەریدا كە هانی بەشداری میللی دەدا شانبەشانی پارێزگاریكردنی لە چاودێریكردنی مەركەزی تەواو و ئاڕاستەكردنی مەركەزی بۆ سیاسەتە گشتییەكان، بەڵام گەر هاتوو فیكری دەوڵەتەكە لەسەر بنەمای ئازادی دیموكراتی دامەزرابوو، ئەوا رەنگدانەوەی دەبێت بەسەر جۆری رێكخستی ئیداری كارپێكراو لە وڵاتدا.
3.هۆكارە تەكنەلۆژییەكان : شێوازە تەكنەلۆژییەكان كاریگەری دادەنێت لەسەر دیاریكردنی رێكخستنی ئیداری, واتە ئامڕازە پێشكەوتووەكانی تەكنەلۆژیا بووەتە هۆی جۆرێك لە تەواوكاری رێكخستن. بۆنموونە پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا دەبێتە هۆی كۆكردنەوەی چەند وەزارەتێك لە یەك وەزارەتدا. روونتر بڵێین ئەم شێوازە رووكردنە مەركەزیەتە، چونكە كۆمپوتەر و ئینتەرنێت بووەتە هۆی لاوازكردنی نامەركەزیەتی دەركردنی بڕیارەكان. لە لایەكی ترەوە ئەم شێوازە لە ئامڕازەكانی گەیاندندا بۆتە هۆی دەستكاری كردنی قەبارەی یەكە سەرەكییەكان لە ئیدارەی مەحلیدا، كە دەكرێت هۆكارێك بێت بۆ ئەو دەستكاری كردنانەی كە لە زۆرێك لە سیستمە محەلییەكاندا روویداوە و كراوە. ئەوەش لە رێگەی دامەزراندنی سەندیكاكان كە هەر یەكەیان ژمارەیەك لە گرووپی محەلی بچووك لە خۆ دەگرێت. بۆ ئیدارەدانی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێویستیان پێیەتی.

• مەركەزیەتی ئیداری :
بە وێنەیەك لە وێنەكانی رێكخستنی ئیداری دادەنرێت، بە واتای یەكخستن و بەش بەش نەكردن، بەڵام لە بواری رێكخستنی ئیداریدا. واتە بریتییە لە كۆكردنەوەی سەرجەم وەزیفە ئیدارییەكان لە دەستی حكومەتی مەركەزیدا لە پایتەخت، بەبێ ئەوەی كە نوێنەرانی حكومەت لە ناوچە جیاوازەكان لەگەلیدا بەشداربن .(1)
سێنترالیزم: بە واتایی ناوەندێتی (مەركەزییەت). بە مانایەكی تر ناوەندێتی چڕ دەبێتەوە لە كۆكردنەوەی دەسەڵات لە دەستی حكومەتی مەركەزیدا. 

•رەگەزەكانی مەركەزی ئیداری:
1.كۆكردنەوەی ئەو تایبەتمەندییانەی كە پەیوەنییان بە وەزیفەی ئیدارییەوە هەیە لە دەسەڵاتی مەركەزدا: چڕكردنەوەی دەسەڵاتەكانی ئاسایش و پۆلیس: ئەم وەزیفانەی پارێزگاریكردنی ئاسایش لەنێو تەواوی دەوڵەتدا بەردەوام لە هەرە گرنگترین وەزیفەكانی دەوڵەت بووە، مادام ئەم دەسەڵاتانە دابەشكراون لەنێوان تاكەكان، یان دامەزراوەكانی دیكەی جگە لە دەوڵەت، ئەوا بیرۆكەی دەوڵەت، وەك یەكەیەكی یاسایی و سیاسی تەواوكار دەچێتە حوكمی مەحاڵەوە.
چڕكردنەوەی تایبەتمەندییە هونەرییەكان: وەك دەسەڵاتەكانی پلاندانان و توێژینەوەی هونەری و پێویست بۆ ئامادەكاری پرۆژەی بڕیارە جیاوازەكان، كە پەیوەندیدارن بە مومارەسەكردنی وەزیفەی ئیداری.
چڕكردنەوەی دەسەڵاتی تێڕوانینی كۆتایی بۆ دەسەڵاتی دامەزراندن لە وەزیفە گشتییەكاندا:  بەو ئیعتبارەی كە ئەو فەرمانبەرانەی هەڵدەستن بە كاروبارەكانی ئەم وەزیفانە كۆمەڵێك یاریدەدەری سەرۆكایەتین .
1.مەركەزیەت واتایی چڕكرنەوەی وەزیفە نییە لە لوتكەدا، بەڵكو رێگە دەدات بەشۆڕبوونەوەی هەندێك رواڵەتی ئەم وەزیفەیە لە لوتكەی هەرمی ئیدارییەوە بەرەو بنكەكەی، هەروەها یەكەكانی دەزگای ئیداری دەتوانن مومارەسەی بەشێك لەو وەزیفەیە بكەن، لە چوارچێوەی دەسەڵاەتەكانیاندا بەو مەرجەی لەنێوان خۆیاندا ملكەچ بن، بۆ بیرۆكەی پاشكۆیەتی ئیداری بۆ ئەو یەكەی لەسەرووی خۆی دێت. مەبەستیش لە دەسەڵاتی سەرۆكایەتی، ئەوەیە كە هەموو پلەیەك لە پلەكانی دەزگای ئیداری لەسەریەوە سەرۆكێكی باڵا هەیە، بەدوای ئەویشدا ئەو فەرمانبەرانە دێن، كە لەو پلەیەدا كاردەكەن. 

باشیەكانی مەركەزیەتی ئیداری:
1.پەیڕەوكردنی ئیدارەی مەركەزی وا دەكات، كە ئیدارەكان یەكگرتووبن لەناو دەوڵەت و جێگیری پایەبەرزی حكومەتی مەركەزییە.
2.ئاسان پەیوەندی یەكێتی ئیدارە و رێككەوتنیان لەگەڵ یەكێتی هەڵسوكەوت و چالاكییە ئیدارییەكان لە دامودەزگا جیاجیاكان.
3.وەرگرتنی ئیدارەی مەركەزی ئەو شێوازە ئیدارییە تەنهایەیە كە گونجاوە بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییە نیشتمانیەكان، ئەوانەی كە ئامانجیان خزمەتگوزارییە لە چوارچێوەیەكی فراوان بۆ هەموو تاكەكانی كۆمەڵگا بە هەمان مەرج و هەمان وێنەی رێكخراو.
4.یەكێتی بڕیارەكان. واتە رێگری لە ناچوونیەكی بڕیارەكان دەكات . 
5.دادپەروەری لە دابەشكردنی پێویستی .
6.ئاسانكاری دەكات، بۆ چاودێری و رێوشوێنەكانی .

 خراپییەكانی مەركەزیەتی ئیداری :
1.دەبێتە هۆی رێگری و لەناوبردنی رۆحیەتی منافەسە و پێشكەشكردنی باشترین، سیفەتی سیستەمێكی جامدی دروست دەكات، لەگەڵ ئەوەشدا شێوازەكانی راگۆڕینەوە ناهێڵێت. 
2.سەرقاڵكردنی سەركردایەتی لە دەسەڵاتی مەركەزی لە كردارە سەرەتاییەكان لەسەر حسابی بابەتە گرنگ و سەرەكییەكان.
3.بڕیارەكان بەپێی گونجاندن لەگەڵ هەرێمەكان و بارودۆخی هەرێمەكان و ناوچەكان نادات، كە ئەمەش وا دەكات سەركەوتوونەبێت لە بەدیهێنانی ئامانجەكان.
4.خاوی لە ئەنجامەگەیاندنی كاروبارەكان، لە ئەنجامی هەبوونی رۆتینی ئیداری.
5.دەكرێت خراپ دەسەڵاتەكان بەكاربهێندرێت، بۆ مەرامی تایبەتی لە دەست سەركردەكان .
6.دەربرین و رێگەیەكی نا دیموكراسییە.
7.رەچاوی بارودۆخی هەموو ناوچەكان ناكات. 
8.جیاوازی لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری گشتی ئیدارە و زیادبوونی خەرجی. 

نامەركەزیەتی (ناسەنتڕاڵ)ی ئیداری :
•لامەركەزیەت وەك چەمك: 
لامەركەزیەت بنەماكانی بەڕێوەبردنی سەردەمیانەیەی زۆربەی دەوڵەتانی هاوچەرخە، لە هەردوو شێوەی دەوڵەتی سادەو فیدراڵشیدا بەشێوەو میكانیزمی جیواز پەیڕەو دەكرێت. باوترین پێناسەی لامەركەزییەت لە زانستی بەڕێوەبردندا بریتییە: لە داڕشتنی هەیكەلی بەڕێوەبردن بەشێوەیەكی ئاسۆیی، تا ئەو رادەیەی دەگاتە بچوكترین یەكەی ئیداری.
لامەركەزییەت چەمكێكە و لەخۆیدا سێ رەهەندی (كارگێڕی، دارایی، سیاسی) كۆكردۆتەوە، بە هەرسێكیان چەمكی لامەركەزی پێكدەهێنن، بەڵام توێژەران بە مەبەستی توێكاری و شیتەڵكردن، هەر رەهەندێك لەو سێ رەهەندە بەشێوەیەكی جیاو سەربەخۆ دەردەخەن، بە جۆرێك لە هەندێك توێژینەوەكاندا، وەك سێ جۆری جیاواز دەیناسێنن.
لامەركەزی ئیداری: بریتییە لە دابەشكردنی دەسەڵاتە كارگێرییەكان لەنێوان حكومەتی ناوەند و یەكە كارگێڕییەكان، بە ئامانجی ئەوەی بتوانرێت بە ئاسانترین شێواز و كەمترین رۆتین كاروبارەكانی هاووڵاتیان رای بكرێت، لە كاتێكدا لامەركەزییەتی دارایی دەسەڵاتی یەكە كارگێڕییەكانە بۆ خەرجكردنی بەشێك لە داهاتە ناوخۆییەكانیان و بەشێكی تر لەو داهاتە نیشتمانییەی كە بۆ پەرەپێدانی ئەو ناوچانە تەرخان دەكرێت.
لامەركەزی سیاسی: بریتییە لە رووە دیموكراسییەكەی لامەركەزیەت، كە خۆی لە هەڵبژاردنی نوێنەران و فەرمانڕەوایانی یەكە ئیدارییەكاندا دەبیتێتەوە. لەلایەن هاووڵاتیانی یەكە ئیدارییەكانەوە، بەو مەرجەی ئەنجومەنە خۆجێیە هەڵبژێردراوەكان توانای گۆڕینی دەنگی هاووڵاتیانی هەبێت، بۆ پێشكەشكردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری و گەشەپێدانی ناوچەیی.
تێكەڵییەك هەیە لەنێوان رەهەندی سیاسی و یەكە ئیدارییەكان و فیدراڵیەتی ناوچەو هەرێمەكاندا، خاڵی هاوبەشی نێوانیان زۆرە، بەڵام جیاوازی سەرەكی نێوانیان لەوەدایە كە لامەركەزی سیاسی لە یەكە ئیدارییەكاندا پیادە دەكرێت و لە دەستوری وڵاتدا ناو لەیەكە ئیدارییەكان نانرێت، لەكاتێكدا فیدڕاڵیەتی هەرێمەكان یەكەیەكی دەستورین، لەبەرئەوەی ناویان لەناو دەستوردا دەهێنرێت. 

بەشێوەیەكی گشتی پاساو پاڵنەرەكان بۆ لامەركەزی :
1.لە زۆربەی دەوڵەتاندا ناوچەی دیاریكراو هەیە، كە دانیشتوانەكەی پەیوەندی تایبەت پێكەیان دەبەستێتەوە، كە خۆی لە بەرژەوەندی هاوبەشی ئەو دانیشتوانەدا دەبینێتەوە.
2.زۆربوونی گەشەی چالاكییەكانی دەوڵەت، ئیتر لە ئیدارەدانی حكومەتدا بێت، یان لەبواری ئابووری، كۆمەڵایەتی ، ... هتد .
3.سەرهەڵدانی بیرۆكەی كاركردن بە پیلاندانان لە تەواوی بوارەكاندا، هەروەها ئیمكانیەتی سوود وەرگرتن لەم پلاندانانە لە بواری ئابووری، كۆمەڵایەتی، كە دەوڵەتی نوێ هەوڵی چڕوپڕی بۆ كۆنتڕۆڵكردنی و ركابەری تاكەكان لەوبارەیەوە.
4.زیادبوون و ئاڵۆزبوون و فرەچەشنی وەزیفەكانی دەوڵەت، بەشێوەیەك كە بووەتە هۆی مەحاڵبوونی چڕكردنەوەی چالاكی حكومی لە مەركەز، یان لە پایتەخت. ئەمە سەرەڕای ئەو كۆسپ و تەگەرانەی كە ئەم چڕكردنەوەی دەسەڵاتە لە مەركەز دروستی دەكات، لەسەر رێگەی ژیانی دیموكراتیەت و پلانەكانی گەشەپێدانی ئابووری و كۆمەڵایەتی . 


لامەركەزیەتی سیاسی:  بریتییە لە دۆخێكی دەستوری كە لەسەر بنەمایی دابەشكردنی وەزیفە جیاوازەكانی حكومەت (جێبەجێكردن، تەشریعی، قەزایی) دادەمەزرێت لەنێوان حكومەتی مەركەزی و  حكومەتە هاوشێوەكانی لە ناوچەكان، یان هەرێمەكان، یان ولایەكان، لەلایەن خۆشیانەوە لێكۆڵەرانی یاسای دەستوری دەڵێن سیستمی ئیتیحادی مەركەزی (فیدڕاڵی)، هەروەها ئەو وڵاتانەش كە بەم سیستمە كاردەكەن، ناودەبرێن بە وڵاتانی (مركبە) وەك (ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، سویسرا، ئەڵمانیا، كەنەدا).ئەو دۆخە لەگەڵ قەبارەی دەوڵەتانەی دەوڵەتە گەورەكاندا دەگونجێت، یان ئەو دەوڵەتانەی كە فرە نەتەوەن، یاخود ئەو دەوڵەتانەی كە جیاوازی ئاشكرایان هەیە، لە زمان و كولتورو نەریتی دانیشتوانەكەیدا .
دابەشكردنی ئەو سێ دەسەڵاتە لە یەكێتییەكی فیدراڵیدا بە گوێرەی دەستور دەبێت، هەروەك دامەزراوەیەكی باڵاش هەیە، بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەو ناكۆكیانەی كە لەنێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمەكاندا روو دەدەن.
لامەركەزیەتی مەسڵەحی(مەرفەقی):  شێوازێكە لە رێكخستنی دابەشكردنی وەزیفی ئیداریی، بەگوێرەی ئەم شێوازە وەزیفەی ئیداری دابەش دەكرێت لەنێوان دەسەڵاتی مەركەزی و دامەزراوە سەربەخۆكاندا كە دەسەڵاتەكانیان لەسەر بنەمایی بابەتی دیاریكراوەو مومارەسەی ئەو دەسەڵاتانە دەكەن، لەسەر ئاستی دەوڵەت. كە ئەمەش ناسراوە بە دامەزراوە گشتییەكان و هەڵدەستێت بە مومارەسەكردنی تایبەتمەدی دیاریكراو لەسەر بنەمایی وەزیفی. ئەم شێوازە شێوازێكی نوێیە و بە مەبەستی ئیدارەدانی ئەو دامەزراوە گشتیانە لەسەر بنەما بازگانیەكان دامەزراوە.
بەڵام دەربارەی نامەركەزیەتی ئیدارەی هەرێمی، ئەوا ئەم جۆرە كار دەكات لەسەر ژمارەك لە كەسێتی ئیداری گشتی شانبەشانی دەوڵەت، كە هەریەكەیان زیمەی دارایی سەربەخۆو قەوارەی یاسایی تایبەتیان هەیە. ئەسڵ لە پێكهێنانی ئەم كەسێتییە ئیدارییە محەلیانەدا ئەوەیە، كە لەلایەن ئەو ئەنجومەنانە بەڕێوە ببرێت، كەلێی پێكدێن و هەموو ئەندامەكانی، یان زۆرینەیان لە لایەن گەلەوە هەڵبژێردراون.

باشیەكانی لامەركەزی :
1.راسپاردنی  ئیدارە مەحلییەكان، بەرێوەبەرایەتییەكان لە بڕیارە گرنگەكان و سەرقاڵ نەكردنی بە ئاڵۆزیە لاوەكییەكان.
2.خێرایی لە شیكاری كێشەكان و بڕیاریاردانەكان.
3.بڕیاردانەكان باشتر و پێویست لەسەر بابەتەكان دەكات.
4.راهێنانی سەركردەكان و ئیدارە مەحلییەكان و بەڕێوبەرایەتییەكان لەئاستی كەمتر لەوەی لە سیستمی مەركەزیدا هەیە.
5.هاوسەنگی دەسەڵاتەكان و ئاستەكانی بە ئامانجگەیاندووە، كە یەكێكە لە گرنگترین مەبدەكان.
6.متمانەی هاووڵاتیان بە دەنگدان و بەشداری لە پرۆسەی دیموكراتی زیاد دەكات، بەوپێیەی هاووڵاتی راستەوخۆ بەرهەمەكەی وەردەگرێت، بەپێچەوانەشەوە راستە. 

خراپییەكانی لامەركەزی :
1. كاریگەری لەسەر دەسەڵاتی ناوەندی دەبێت. 
2. دژیەكی لە بڕیارەكاندا دروست دەكات، لەنێوان دەسەڵاتی ناوەندو هەیئاتە محەلیەكان. 
3. ئارەزووی سیاسەتی خۆجێی بۆ سەربەخۆی زیاترو نەگەڕانەوە بۆ دەسەڵاتی ناوەند. 
4. كاریگەری لەسەر لاوازكردنی سیاسەتی وڵات و لە رێگەی تێپەڕاندنی  بەڕێوەبردنی سیاسەتی هەرێمەكان و ناوەند.
5. قورسی لە پەیوەندیی ئاسۆیی و ستونی، چونكە بەڕێوەبەرایەتییەكان جیاوازن و سەربەخۆن، بۆیە لاواز دەبن لە گەیاندنی زانیارییەكان بەسەرووخۆیان. 
6. گرنگی نەدانی بەڕێوبەر بۆ ئەو راوێژكاریانەی كە پێشكەش دەكرێن لەلایەن شارەزایان. 
7. قورسی چاودێری و لاوازی پەیوەندی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی باڵا بەتایبەتی لە لقەكان و شوێنە جیاوازەكان .
8. رەهەندەكانی لامەركەزیەت لە هەموو یەكە ئیدارییەكانی وڵاتدا بە یەك ئاست هەنگاو نانێت.  

سەرچاوەكان :
1.بنەما گشتییەكان لە یاسای كارگێریدا. (د. زانا رەئوف، د. دانا عەبدولكەریم ) وەرگێڕانی _  عەبدولقادر صالح _  چاپی یەكەم ساڵی 2017 _ (چایخانەی كارۆ) .
2.بنەماكانی یاسای دەستوری و گەشەكردنی سیستەمی سیاسی لە عێراق_(حمید حنون خالد) وەرگێرانی  _ یادگار عەبدولكریم حسین _ چاپی یەكەم ساڵی 2016 _ (چاپخانەی كارۆ) .
3.پشكنینی چێوەی یاسایی لامەركەزیەت لە هەرێمی كوردستاندا _ (ئا. پەیمانگەی كوردی بۆ هەڵبژاردن) _ شوباتی ساڵی 2017 .
4.پەیپەری چارەسەری یاسایی بۆ قەیرانی سیستمی كارگێڕی لە هەرێمی كوردستاندا _ ( ئا. ئەندامانی لیژنەی ئامادەكاری پەیپەر لە پەیمانگەی كوردی بۆ هەڵبژاردن) _ كانونی یەكەمی ساڵی 2015 .
5.http:// kenanaonline.com/users/ahmedkordy/posts/249590 
6.المركزیە واالامركزیە فی اتخاد القرار و علاقتها بالادا‌و الوڤیفی _ (خالد بن فیحان المندیل)_ اشراف د. خالد بن محمد العیبان _ سنە 2004. دراسە میدانیە علی الاصلاحیە بمدینەالریاض .
7.دلیللك المبسط اللامركزیە فی الاردن _ د. احمەد فایز العجارمە _ سنە 2016 .
8.یاسای ژمارە (3)ی ساڵی 2009 یاسایی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان _ عێراق .
9.یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2009 هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنەكانی پارێزگاكان و قەزاو ناحیەكان لە هەرێمی كوردستان _ عێراق .
10.یاسای شارەوانییەكان ( ژمارە 6 ی ساڵی 1993) .
11.پڕۆژەی پیادەكردنی سیستمی لامەركەزی بۆ پارێزگای سلێمانی _ (ئا. رێكەوت زەكی) .
12.فەرهەنگی رامیاری _ (ئا. گەیلان عەباس) .

وتاری زیاتر

چەند سەرنجێک لەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق

سەروەت تۆفیق

لیبیا لە شەڕی ناوخۆییەوە، بۆ شەڕی نێودەوڵەتی

سەروەت تۆفیق

دەستوور چۆن وەڵامی داواکاری بە هەرێم بوونی بەسرە دەداتەوە؟

سەروەت تۆفیق

ئایا هەرێمی كوردستان بە پێی یاسا لە بارودۆخی لە ناكاودایە ؟!

سەروەت تۆفیق

کەرەنتینە؛ کتێب و بیرکردنەوە ... ؟!

سەروەت تۆفیق

كێشە ئابووری و سیاسییەكانی ڤەنزوێلا

سەروەت تۆفیق

بەرهەم كەڵهوڕی

كلتوری دژه‌ ( ڕۆشنبیری ڕه‌خنه‌گر )

د. سیروان حەسەن

داھات و مووچە لە نێوان ھەرێم و بەغدا .....

نسار مستەفا

25ی نۆڤەمبەرو بریاری1325

دێرین عزەدین

٢٥ی نۆڤەمبەر

ئاری عەلی غەریب

ئومێدی گۆڕانکاریی هەیە؟

رزگار حاجی حەمید

كودەتاكەی عەبدولكەریم قاسم

دێرین عزەدین

‏گەلێک ژن بکوژێت، گەل نییە ‏ژن کوشتن، ژین کوشتنە

سەید عەتا

ئەوەندە ئازاری مەدەن سبەینێ زیاتر بیری دەکەن

مامۆستا بورهان

بەداخەوە بۆنی دوکەڵ دێت

رزگار حاجی حەمید

كودەتاكەی ڕەشید عالی گەیلانی

نسار شیخ مستەفا

موچە ، هێزی بێ‌ هێزەكان

بەرهەم كەڵهوڕی

فەلسەفەی دەوڵەتداریی

د.سیروان حەسەن

یاسای قەرزكردن سەرەتای داڕوخان‌و دابەشبونی عیراق..

دێرین عزەدین

‫ئەوەی لەپەرلەمانی عێراق‬⁩ ڕوی دا

فەهمی بورهان

ئەوان ڕێزی ڕیشی سپیمان ناگرن!

م. بورهان

ئایا رێڕەوی ھەموو رووداوەکان بەرەو یەک جۆگەلەیە؟

سامان سنجاوی

شەوی پیلانی بەغداو خەوی حکومەتی هەرێم

داهۆ سالم

فایلی كورد، لە ترەمپەوە بۆ بایدن

رزگار حاجی حەمید

كودەتاكەی بەكر سدقی

د.سیروان حەسەن

مەترسیەکانی ڤاکسینی کۆرۆنا لە سەر ئایندەی مرۆڤایەتی ...

مامۆستا بورهان

دۆڕانی ترەمپ و لێکەوتەکانی