چەند سەرنجێک لەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق

سەروەت تۆفیق 05/08/2020



- سەرۆک وەزیرانی کابینەی نوێی عێراق (مستەفا کازمی) بەرواری (6-6-2021) بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق خستە بەردەم ئەنجومەنی نوێنەران. واتە هەڵبژاردن بۆ خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. هەرچەندە "داواکارییەکەی لە ڕووی شکڵیەوە دەستوری نییە". بەڵام وەک یەکێک لە جێبەجێکردنی داواکارییەکانی خۆپیشاندەرانی بەردەوامی چەند مانگی ڕابردووی عێراقیەکان و بەڵێنەکەی خودی (کازمی) بۆ دیاریکردنی ڕۆژێک بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە بردە سەر. ئەمەش وەک یەکەم سەرکردەی عێراقی لە ئێستاوە لە ڕێگەی کارکردنەکانی و هەندێکجاریش شۆکانییەوە هەڵمەتی خۆی دەست پێکردووە. بە نییەتی ئەوەی لەم ماوەیەدا زۆرترین کاربکات تا دەنگدەر بۆ خۆی کۆبکاتەوە. بۆ دوبارە هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆک وەزیران. بە تایبەتی کە ئەمریکییەکانیش پشتیوانی دەکەن. واتە کار و کردەوەکانی ئاماژەن بۆ سەر لە نوێ خۆکاندیدکردنەوەی. بەو مانایەی تەنها بۆ دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردن نەهاتۆتە سەر سەحنەی شانۆی سیاسی و حکومداریەتی.
- ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە دۆخێکی موحریجدایە گەر بەهەڵوەشاندنەوەی خۆی رازی نەبێ. ئەوا ئەو کوتلە و کەسایەتییەی کە ناڕەزایەتی دەردەبرێ، ئەوا گومانی تێدا نییە دەبێ چاوەڕوانی تۆڵەی دەنگدەران لە ڕۆژی هەڵبژاردن بکات. گەر ڕازیش بێ ئەوا لەم کاتەدا زەحمەتە هیچ حزب و کوتلەیەکی پەرلەمانی ئارەزووی ئەو تاقیکردنەوە قورسەی هەبێ. لەبەر ئەوەی لە کاتێکدایە کەمترین تاکی عێراقی لە حکومڕانان ڕازین. بەهۆی نەبوون و کەمی خزمەتگوزاری و گەندەڵی، به هەدەردانی سامانی گشتی، ... هتد. جیا لە تێچوونە ماددیەکەی.
- داواکردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە چەندە بۆ دەربازبوونە لە قەیران ئەوەندە بۆ یەکلایکردنەوەی کێشە و دەستێوەردانی دەوڵەتانی ئیقلیمییە. هەرچەندە داواکردنەکەش زۆرتر لە لایەن مەزهەب شیعەکانیشەوەبێ. بەڵام پێ ناچێ چانسی جارانیان لە دەسەڵاتی ڕەها بۆ حکومکردنی عێراق هەبێ، بەهۆی ناکۆکی نێو ماڵی خۆیانە و  ئامادەبوونی جدی ئەمریکا لە عێراق، بۆیە وەک دەبیندرێ حاڵیان لە کورد و سوننە باشتر نییە.
- عێراق بەپێی پڕۆژە یاسای نوێی هەڵبژاردنەکان، کە خوێندنەوەی بۆکراوە و جارێ دەرنەچووە و نەبووە بە یاسا و لە رۆژنامەیەی فەرمی بڵاونەکراوەتەوە. ئەوا ئەم جارە هەڵبژاردنەکان فرە بازنە دەبێ. ئەمەش زیاتر خزمەتی حزبە گەورە و خاوەن نفوسەکان دەکات. تەنها مەگەر حزبە بچووکەکان هانا بۆ کەسایەتی زۆر بەهێز و ناسراو ببەن تا خۆی کاندید بکات. چونکە راستە لە سەر بنەمای تاک دەنگ دەدرێ و لیستی حزبی نامێنێ، بەڵام دواجار زۆرترین تاکی عێراقی بیرکردنەوەی نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی کە هەیمەنی حزبی و مەزهەبی تێبپەڕێنێ. تا کەسێکی تەکنۆکراتی بێ لایەنی خاوەن نفوسی شەهادەداری مێشک کارا و کراوە هەڵبژێرێ و بە دووربێ لە دەمارگیری مەزهەبی و حزبی.
- یەکێک لە کێشەکانی ئەم هەڵبژاردنە ئەوە دەبێ، لەبەر تەواو نەبوونی ڕێژەی یاسایی کە (9) ئەندامە لە (مەحکەمەی فیدڕاڵی عێراق). ناتوانێ لە ئێستادا ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی عێراق ڕابگەیەنێ و کێشە نادەستوریەکان ببینێ. بۆیە پێویست دەکات پێش هەڵبژاردنەکان ئەو کێشەیە چارە بکرێت، دواتر هەڵبژاردنی پێش وەختە ئەنجامبدرێ.
- هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ عێراقییەکان کاتێ جێ دەگرێ و دەبێتە دڵخوازی بۆیان، کە دووربێ لە دەستێوەردان و تەزوویرکردن، یان هەوڵ بۆ تەزوویرکردن لە لایەن هێزە سیاسییە عێراقیەکانەوە. ئەمەش کەشێکی دیموکراسی و هێمنی دەوێ. کە لە ئێستای عێراقدا ئەو کەشە نەڕەخساوە و بیرکردنەوەکان دابەشبوون لە ڕووی مەزهەبی و نەتەوەیی و بگرە لە ناو خۆشیاندا کێشەی زۆر هەیە. لەبەر ئەم  ناهۆمۆجینیەی کە لە پێکهێنانی عێراقدا هەیە زیاتر تەرکیز لە سەر  گونجاندن و تەوافق سازی بۆتە دیفاکتۆ بۆ بەڕێوەبردن. کە هەر یەکە و ڕەنگ و نەتەوە و زمانێکە. بۆیە ئەم مۆدێلی بازنە بچوکانە بۆ وڵاتێکی یەک نەتەوە و یەک مەزهەب و دەوڵەتی سادە و تاک باشتر و گونجاوترە. نەک دەوڵەتێکی پڕ لە کێشە و قەیرانی جیاجیا.
- لەبەر نەشارەزای و مامەڵە نەکردن لەگەڵ بچوکتر لە فرە بازنەی، بەو مانایەی هەر قەزایەک نوێنەری خۆی دیاری بکات. بەو ڕێژەیەی کە بەری دەکەوێ. واتە هەر (100000) دەنگدەرێک و کاندیکی بەردەکەوێ، ئەمە تەنها بۆ دیارکردنی کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانە، چونکە دواتر بەپێی دەنگدەری کارا و بەشدار دەنگەکان بۆ هەر کاندیدێکی دەرچوو دیاری دەکرێ. ئەمەش ئاستەنگ و کێشەی زۆرتری لێدەکەوێتەوە و بگرە لە عێراقی پڕ چەک و  نامۆبوون بە یەکتری قبوڵکردن و بگرە دیموکراسیش، ئەگەری پێکدادانی نێوان کەسایەتییەکان ئەگەری روودانی دوور نابێ. جیا لەو ناوچانەی کە جێناکۆکی نێوان هەرێم و دەوڵەتی ئیتحادییە. جیا لەوەی کە تائێستا عێراق و هەرێمی کوردستانیش راهاتبوون لەسەر یەک بازنەی، یان بازنەی تاڕادەیەک گەورە کە لەسەر ئاستی پارێزگاکان بووە.
- بەپێی پڕۆژە یاسای نوێی هەڵبژاردنی عێراق، پێویستە تەمەنی کاندید (25) ساڵ و بۆ سەرەوە بێ، بڕوانامەکەی لە (دبلۆم) کەمتر نەبێ، تاوانێکی ئابوروومەندانەی نەکردبێ وەک (دزی کردن، بازگانیکردن بە تلیاک، کاری تیرۆر، ... ). جیا لەوانە هەر کاندیدێک پێویستە (300) واژۆ کۆبکاتەوە. وەک پشتگیرییەک بۆ جدیەتی داواکەی و ناسراوێتی خۆی بسەلمێنێ. بۆیە ئەم مەرجانە وا دەکات کە زۆرترین کەس بەهۆی ئەوەی لیستی تاک دەبێ نەک لیستی حزبی خۆی کاندید بکا. ئەمەش لەوانەیە هەندێک کاندید دەربچێ کە شارەزایی لە سیاسەت و یاسا و بابەتگەلێکی پێویستی هەنوکەیدا نەبێ. چونکە وەک چاودێران دەڵێن کەمنین ئەوانەی دەنگدەرن، کەچی هێشتا توانای تێگەیشتنیان ماویەتی بۆ دەستنیشان کردنی کاندیدی بەتواناترین لە ناو کاندیدەکاندا. چونکە دواجار کاندیدەکان بە دەنگی دەنگدەر دەچنە ئەنجومەنی نوێنەران. بۆیە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ئاستی تێگەیشتن و پێگەیشتنی دەنگدەرەوە هەیە بۆ دەستنیشانکردنی کام کاندیدە. بۆیە هەندێک وڵات تەمەنی دەنگدەری بە (21) ساڵ دیاری کردووە.
راستە دەنگدەری عێراقی نائومێد دەبێ، چونکە کوتلەی براوە و گەورەی نێو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەندێک جار ناتوانێ سەرۆک وەزیران دیاری بکات و ڕای بسپێرێ بۆ پێکهێنانی حکومەت، وەک چۆن (مستەفا کازمی) خاوەنی هیچ کوتلەیەک نەبوو، بەڵام دیاریکراو حکومەتی پێکهێنا. بە پشتیوانی ئەمریکا. بەڵام ئەوەش راستە لە بەر ناڕەزایەتی شەقام و خۆپیشاندەران نەبووایە، لەوانەبوو هەر زوو ئەنجومەنی نوێنەران متمانەیان لێ بسەندایەتەوە. بۆیە لەم هەڵبژاردنەدا وەک چاودێران دەڵێن (کازمی) هەوڵی پێکهێنانی کوتلەیەک هەر دەدات. تا دواتر لە نێو ئەنجومەنی نوێنەران بتوانێ لەگەڵ کوتلە براوەکانی تردا هاوپەیمانی ببەستێت. بۆیە دەکرێ کوردیش لە حاڵەتی پێکهێنانی لیستێک لە لایەن (کازمی)یەوە هەوڵبدات بەشداربێ، چونکە گرنگە لەو پارێزگا و قەزایانەی کە کوردنشین نین لیستە کوردییەکان کورسی بهێنن، کە دواجار هیچ نەبێ کورسییەکی کورد زیاد دەکات. وەک چۆن بینیمان کوردێک لەسەر لیستێکی بەدەر لە کورد خۆی کاندید کرد و دەرچوو، بە واقعیش سودی بۆ کورد هەبوو نەک پێچەوانەکەی کە لە کاتی خۆیدا دەوترا. بەهیوای ئەوەی کورد سیاسەت بکات و سود لە دەرفەتەکان بۆ خۆی وەربگرێ.
- لە بڕگەی (1)ی مادەی (64)ی دەستوری عێراقی ساڵی (2005) هاتووە " ئەنجومەنی نوێنەران بە زۆرینەی رەهای ژمارەی ئەندامەکانی هەڵدەوەشێتەوە. ئەویش لە سەر بنەمای داوای دوو لە سەر سێی ئەندامەکانی، یاخود لە سەر بنەمای داوایەک لە لایەن سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بە رەزامەندی سەرۆک کۆمار، هەروەها رێگەپێدراو نییە کە ئەنجومەن هەڵبوەشێتەوە لە کاتی لێپرسینەوە کردن لە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران"
بڕگەی(2) لە مادەی (64)ی دەستوردا هاتووە "سەرۆک کۆمار لە کاتی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی دەکات لە وڵاتدا لە ماوەیەک کە تێپەڕ نەکات لە (60) ڕۆژ لە بەرواری هەڵوەشاندنەوەکە و ئەنجومەنی وەزیرانیش لەم کاتەدا بە دەست لەکار کێشراوە دادەنرێت و بەردەوام دەبێت لە ڕاپەڕاندنی کاروبارەکانی ڕۆژانەی"
- لە بڕگەی (2) مادەی (56)ی دەستوردا هاتووە " هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران پێش (45) ڕۆژ لە بەرواری کۆتایی هاتنی خولی پێشوو بەڕێوە دەچێ.