لیبیا لە شەڕی ناوخۆییەوە، بۆ شەڕی نێودەوڵەتی

سەروەت تۆفیق 21/07/2020

دەوڵەتی لیبیا دەکەوێتە کیشوەری ئەفەریقاوە، دراوسێی دەوڵەتانی (میسر، جەزائیر، تونس، سودان، چاد، نێجیریا) و رووبەرێکی فراوانی دەکەوێتە سەر کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاست. ڕووبەرەکەی (1759540) کم دووجایە. ژمارەی دانیشتوانی (6419925) کەسە بەپێی ساڵی (2009). یەکێکە لە وڵاتانی هەناردەکاری نەوت و غاز و یەدەگی نەوتی (46٫4) ملیار بەرمیلە. ئەم وڵاتە پێش جەنگی جیهانی یەکەم لە ژێر هەیمەنە و دەسەڵاتی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانیدا بووە. تا ئەوکاتەی دەوڵەتی ئیتاڵیا لە (1911/11/29) کەشتییە جەنگییەکانی شارەکانی (درنە، تەرابلوس، تەبرق، خەمس)ی بۆردوومان کرد. تا لەو ڕێگەیەوە بگات بە سەرچاوە وزە دەوڵەمەندەکانی لیبیا و دەستخستنی بازاڕی نوێ بۆ کاڵاکانی. ئەمەش دەستپێکی جەنگ دژ بە عوسمانییەکان بوو لە لیبیا. تا لە ساڵی (1912) عوسمانییەکان لە وڵاتی لیبیا شکستیان هێناو کشانەوە.
لە دوای ڕووداوەکانی بەهاری عەرەبی کە لیبیا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی کە خەڵکەکەی دژ بە دیکتاتۆریەت و زوڵم و زۆرداری ڕاپەرین و توانیان لە ساڵی (2011) (قەزافی) پاش (42) ساڵ لە حوکم بیهێنە خوارەوە. لەوکاتەوە تائێستاشی لەگەڵدا بێ ئەو وڵاتە سەقامگیری و ئارامی بەخۆیەوە نەبینیوە. بەتایبەت دوای ئەوەی کە شۆڕشگێرانی ئەو وڵاتە بوون بە دوو بەشەوە لەنێوان هێزەکانی (فائز سەراج) و (موشیر خەلیفە هەفتەر).   
لە ئێستادا جەنگە لۆکاڵیەکە، خەریکە دەبێتە جەنگێکی نێودەوڵەتی. بە دیاریکراوی دوای ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوو هێزەکانی (بەرەی نیشتیمانی بۆ ڕزگاری لیبیا) بە سەرۆکایەتی (موشیر خەلیفە هەفتەر) توانی بەسەر (حکومەتی ویفاقی نیشتمانی)دا سەربکەوێ بە سەرۆکایەتی (فائز سەراج) کە حکومەتێک بوو لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە شەرعیەتی دەستووری بەدەستهێناوە و تائێستاش ئەو حکومەتە وجودی هەیە. بەڵام توانی سێ یەکی خاکی لیبیا و سنورەکان و زۆربەی کێڵگە نەوتییەکان بخاتە ژێر دەسەڵاتی قەڵەمڕەوی خۆیەوە، نزیکیش بوو شاری (تەرابلوس) بگرێت. بەتایبەتی دوای هاوکارییەکانی دەوڵەتی (میسر) کە لە ساڵی (2014)وە لێکتێگەیشتن و نزیکبوونەوەی زیاتریان دروستبوو. چونکە میسر ئارەزووی ئەوە ناکات حکومەتێکی (ئیخوانی) دراوسێی بێ. بۆ ئەم مەبەستەش (موشیر خەلیفە هەفتەر) واخۆی نیشان دەدات کە دژی ئیخوانەکان بێ. بۆیە بۆ هاوسەنگی هێز دەوڵەتە دۆستەکانی (فائز سەراج) هەر زوو کەوتنە خۆیان بۆ یارمەتیدانی وەک دەوڵەتانی (تورکیا، قەتەر) تا ئەو حکومەتە نەڕووخێت کە زۆرێک لە دەوڵەتان دانیان پێداناوە و توانیان هێزی پێبدەنەوە. دوای ئەو سەرکەوتنانەی بەرەی دژ بە (خەلیفە هەفتەر) و پاشەکشەکردنی بۆ ناوچەکانی شاری (سرت)ی سەردەریایی دەوڵەمەند بەنەتی دراوسێی دەوڵەتی میسر، بە ڕەسمی داوای چوونە ناوەوەی دەوڵەتی میسری بۆ ناو خاکی لیبیا کرد. بۆئەوەی بەرژەوەندییەکانیان بپارێزێت و هاوسەنگی هێزی بۆ بگەڕێننەوە. 
دیارە پشتیوانانی میسر بریتیین لە دەوڵەتانی (سعودیە،ئیمارات، فەڕەنسا، رووسیا، بە دەنگێکی نزمیش جەزائیر). دەوڵەتی میسر لە ڕووی سەربازی و عەسکەرییەوە وڵاتێکی پڕ چەکە یەکێکە لە وڵاتە بەهێزەکانی عەرەبی و جیهانی.
لە بەرامبەردا هێزەکانی (فائز سەراج - حکومەتی ویفاقی نیشتمانی) به هاوکاری ڕاستەوخۆی دەوڵەتی تورکیا و بەپشتیوانی مادی دەوڵەتی قەتەر بە ئامانجی بەدەستهێنانی فراوانخوازی زیاتر و بەدیهێنانی خەونی ئیمپڕاتۆریەتی (عوسمانی _ئەردۆگان)ی کە لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا لێکتێگەیشتنێکیان لەنێوانیاندا واژۆ کرد تا هێزی عەسکەری بە فڕۆکە و شارەزایانی سەربازی و جەنگییەوە یارمەتی حکومەتی سەراج بدات. ، لە لایەکی ترەوە دەوڵەتی قەتەریش بە ئامانجی هاوکاری(ئیخوانەکان)ی ئەو وڵاتە و بەهێزبوونی زیاتریان، بە تایبەت کە دراوسێی وڵاتانی (میسر و تونس)ە ژمارەیەکی زۆر (ئیخوانەکان) لەو دوو وڵاتە بوونیان هەیە. جیالەوەی هەردوو وڵات و بە دیاری کراوی تورکیا دەیەوێ سەرچاوەی وزە و بازاڕی نوێ بدۆزێتەوە تا داهاتی خۆی بەهێزتر بکات. لە میدیاکانەوە بڵاوکرایەوە تورکیا لەم پێناوەدا زیاتر لە (3500) چەکداری توندڕەوی بە کرێگیراوی لە سوریاوە گواستۆتەوە بۆ لیبیا لەوانە بەنموونە گروپە توندڕەوەکانی وەک (جیش الاسلام، فیلق الرحمن، احرار الشرقیە، فیلق شام، سلێمان شا، ... هتد) تا هاوکاری پلانەکەی بکەن. جگە لەوەی کە خودی دەوڵەتی تورکیاش یەکێکە لە وڵاتە بەهێزەکان لە ڕووی سەربازی و عەسکەریەوە و ئەندامێکی گرنگی (ناتۆ)یە.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئاخۆ شەڕی ڕاستەوخۆی نێوان دوو دەوڵەت بە ڕاستەوخۆ لە تاکتیک و ستراتیژیەتی جەنگی نوێدا ڕوودەدات؟ یان نەخێر. گەر لایەنێکیش هێرش بکات، لایەنەکەی تر هێمن تر و بەئاگاتر دەردەکەوێ، چونکە لەم زەمەنەدا وەک دەبینین و دەیخوێنینەوە وڵاتان گەر هێرشی ڕاستەوخۆیان بکرێتە سەر بێدەنگی و هێمنی زیاتر هەڵدەبژێرن وەک وەڵامدانەوە، چونکە هەر جووڵەیەک دەکڕێ جەنگێکی گەورە و ڕووبەرێکی گەورە داگیربکات، بەتایبەتی لەم سەردەمی بەرژەوەندیخوازیی و بازاڕ فراوانیەی لە جیهانیدا هەیە. بەنموونە چەندینجار ئیسرائیل هێرشی کردۆتە سەر سوریا و بێ وەڵام بووە، گەر ئەمە لە لاوازی لایەنێک خوێندنەوەی بۆبکرێ، ئاخۆ کە ئێران ڕاستەوخۆ لە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکای لە عێراقدا چی؟ کە بەشێکی زۆر لە چاودێرانی سیاسی بڕوایان وابوو کە ئەگەری هەڵگیرساندنی شەڕ لە ئانووساتدایە، چونکە ئەمەریکا لە بیانووە لە ئێران، کەچی بینیمان ئەمەریکا بێ وەڵامدانەوەی عەسکەری ڕاستەوخۆ بوو.
یاخود وڵاتانی خۆرئاوا خۆشحاڵ نین بەوەی کە هێزە ئیسلامییە توندڕەوەکان لە شوێنێکدا کۆبوونەتەوە و بەردەوام لە جەنگ و گواستنەوەدان تا هەرکات بیانەوێ بەجۆرێک لە جۆرەکان هێرشیان بکەنە سەر، ئیدی پێویست بە تێچووی زۆر نەکات بۆ لەناو بردنیان؟ 
یاخود ڕووسیا هەڵوێست و کرداری فعلی چی دەبێ لەو شەڕە پێشبینی کراوەی نێوان (تورکیا و میسر) کە جیهان چاوەڕێی دەکات، کە تا ڕادەیەک (هەفتەر) بە دۆستی خۆی دادەنێ، چونکە بەشێک لە چاودێران پێیانوایە کە بەبێ هەڵکردنی گڵۆپی سەوز بۆ لایەنەکان یاری بەم ئاگرە ناکرێ؟

یان ئاخۆ نەتەوەیەکگرتووەکان و بەتایبەت تر ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان دۆخی لیبیا وەک سوریا لێ دەکەن و ناگەنە رێککەوتن و هەر خەریکی ڤیتۆ کردنی بڕیارەکان دەبن؟ یان ئەو کۆنگرە و بانگێشتنامانەی بۆ ئاگربەست ئەنجام دەدرێن بە کوێ دەگات و کاریگەری چی هەبووە؟ یاخود دەکرێ ئەو وڵاتە بۆ سیستمی بەڕێوەبردنی وڵات لە دۆخی ئاشتیدا سوود لە کۆنفیدڕاڵی وەربگرن، یان بۆ دوو وڵاتی نوێ دابەش ببن(کە ئەگەرێکی زۆر لاوازە)؟ یاخود ئەگەری سەپاندنی سزا دەکرێ بۆ لایەنە بەشداربووەکانی شەڕ، بە بیانووی تەداخولکردنە لاوازەکانیان؟ یان لە ئەگەری شەڕی درێژخایەن گۆڕەپانی شەڕەکە بۆ جەنگێکی گەورەتر و بەشداری کردنی دەوڵەتانی تر نابێتە هۆی جەنگێکی نوێی جیهانی؟ یان ئەم شەڕە نابێتە هۆی سەرقاڵکردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، فرسەتدان بەو دەوڵەتانەی کە ناکۆکی یەکن بکەونە بەر پەرلاماردانی سەربازی لە لایەن یەکتریەوە ؟ یاخود بازرگانی جیهانی لە ئاوەکانی دەریای ناوەڕاستدا پەکی ناکەوت لە حاڵەتی روودانی شەڕدا لە دەریا، کە هەردوو وڵات چەندین کەشتیگەلی سەربازی پڕ لە چەکەیان هەیە؟ یاخود لە حاڵەتی ڕوودانی جەنگدا نرخی نەوت بەرزبوونەوەی نوێ تۆمار ناکات؟ یاخود ئایا کە (تورکیا) بەشدارییەکی راستەوخۆی هەیە لە لیبیا، لە حاڵەتی جەنگی نێوان ئەو دوو وڵاتە (هاپەیمانی ناتۆ) پشتیوانی دەکەن، چونکە یەکێکە لە ئەندامەکانی ئەو هاوپەیمانییە؟ ئەم پرسیارە بۆ دەوڵەتی میسریش راستە ئاخۆ (جامیعەی عەرەبی) پشتیوانی ئەندامەکەیان دەکەن؟ یاخود دەوڵەتی تورکیا و میسر بە چ مەرجێک دەکشێنەوە و دەیانەوێ لە بەرامبەردا چیان دەست بکەوێت؟یان نەخێر ئەم جارەش (موشیر خەلیفە هەفتەر) وەک شەڕەکەی لیبیا بەرامبەر دەوڵەتی (چاد) لە سەردەمی (قەزافی)دا دەشکێت و دواتر ڕادەکات بۆ وڵاتی ئیتاڵیا، یان وڵاتێکی تری ئەوروپا وەک پەنابەر؟ یان نەخێر. هێزی ئاشتی پارێزی نێودەوڵەتی دەچێتە ئەو وڵاتە و کۆتایی بە شەڕی چەندین ساڵەیان دەهێنن؟ تا شەڕە ناوخۆییەکە نەبێتە شەڕێکی نێودەوڵەتی.