ناكۆكیەكانی سەرۆك ترامپ!!

مەلا بەختیار 13/10/2019



هەموو كوردێك، گوێ‌ قوڵاغی سەرۆكی ئەمریكایە، لەم كاتەدا كە رۆژئاوا، ئاگر باران دەكرێ‌. لەم هەفتەیەدا، رۆژانە بڕیاری ناكۆك و دژ بەیەك دەدات. وەكو:
سەرەتا، بڕیاری دا، سوپای ئەمریكا بكشێتەوەو لەگەڵ توركیاشدا رێك كەوتبون، بۆ قوڵایی (30-كم) بۆ ناو خاكی سوریا، هێرش بكەن. جارێ‌ با بپرسین: ئەمریكا چۆن دەتوانێ‌ لەگەڵ وڵاتێك بۆ داگیركردنی وڵاتێكی تر رێك بكەوێ‌؟ ئەمە دژی یاسای نێودەوڵەتیە. پاشان، ئایە، ئەمریكا نەیدەزانی (30-كم) قوڵایی، هەڕەشەی راستەقینەیە لە سەر رۆژئاوای كوردستان. هەروا، ئایا ترامپ، لە مەرامی راستەقینەی توركیا ورد نەبۆتەوە كە، دەیەوێ‌ كوردی ئازادیخواز سەركوت بكات.. هەتا رادەی تاوان؟
بەهەموو پەیمانی (ناتۆ) لەسەرەتای حەفتاكانەوە بۆ ئێستا، توركیایان لە قوبرس پێ‌ دەرناكرێ‌.. ئەسكەندەرونەی بەپێی رێكەوتنی (لۆزان 1923)وە قوت داوە. یەك سەدەیە لە باكوری كوردستان، سەركوت كردن‌و نەسەلماندنی لایەنی كەمی مافی سیاسی دەسەپێنرێ‌.
دوای سێ‌ رۆژ، كە ترامپ كاردانەوە فراوانەكەی دژی هاتنی سوپای توركیا زانی، دەڵێ‌: ئەم شەڕە بێهودەیە دەبێ‌ كۆتایی بێت.
سەرۆكی ئەمریكا،  باسی شەڕی بێهودە دەكات. هەروەكو نەزانێ‌، هەمیشە حكومەتەكان بەرپرسیاری شەڕەكانن. داگیركەرن. سەركوتكەری دیموكراسین. گەلان گوناحیان  نەبوە و نییە. هەموو گەلێك ناچار نەبێ‌، پەنا بۆ چەكی بەرگری لەخۆكردن نابات.
جەنابی سەرۆك! شەڕی بێهودە، بەچەك و پارە دەكرێ‌. چەك و پارە حكومەتەكان هەیانە. نەك گەلانی ئازادیخواز. چەكو پارەی سوپای توركیاش، ئاشكرایە كە لە (70) ساڵی رابوردودا، ئەمریكا دابینیان دەكات بۆ توركیا.
دوو رۆژە، سەرۆك ترامپ دەفەرموێ‌: توركیا هێشتا هێڵی سوری تێنەپەڕاندووە. سەیرە!
كام هێڵی سور؟ هێڵی سوری رێگەدان بە توركیا (30-كم) بەقوڵایی بێتە ناو سوریاو رۆژئاوا. هێڵی سوری هێرشی تۆپ و تانك و فڕۆكەی مەرگ چێن؟!
جەنابی سەرۆك، جەنابت جەنگەكە بەبێهودە دەزانیت. كەچی (30-كم) بۆ قوڵایی رێگەت داوە توركیا هێرش بكات!! كە هێرشیشی كردووە، دەفەرموی كە هێڵی سوری (جارێ‌!!) تێ‌ نەپەڕاندووە. دیارە بەڕونی دەتەوێ‌ بڵێی: هەتا قوڵایی (30-كم) توركیا حەڵاڵە بكوژێ‌ و بنێژێ‌ و كاول بكات.
دوا قسەش ئەوەیە، سەرۆك تراپ فەرمویەتی: سێ‌ بژاردەمان لەبەردەستە: 1-ئاشتەوایی 2-گەمارۆی ئابوری 3- ناردنی هێز.
ئەم سێ‌ بژاردەیە، بەناچاری هەڵبژێردراون. پرسیار ئەوەیە، كەی؟
ئاوارە (100) هەزار تێ‌ پەڕین. شار و دێهات كاول دەكرێن. سەدان كوژراو و بریندار هەن. ترامپ دیارە، ئەو كارەساتانە بە ئاسایی دەزانێ‌ و پێی وایە، جارێ‌ هێڵی سوریان تێ‌ نەپەڕاندووە.
ئەگەر ئەم هەموو كوشتار و ماڵوێرانییە هێڵی سور نییە، ئەی بۆچی دوێنێ‌ (11/10/2019) كاتێك رێژنەیەك تۆپ نزیكی سەربازگەی ئەمریكا لەسەری كانی كەوتن، دەست بەجێ‌ ترامپ وتی: یەك سەربازمان بكوژرێ‌ بەتوندی بەرپەرچ دەدەینەوە.
جەنابی سەرۆك!
سەربازەكانی ئەمریكا، نێردەری یەزدان نین و شەڕڤان و هاوڵاتی كوردیش، وەچەی شەیتان نین.. تكایە، خوێنڕشتنی بێ‌ گوناحان، تاوانە، ماڵوێران كردن تاوانە. سەركوتكردنی ئازادی گەلێكیش.. تاوانی تاوانەكانە!.