دەستەواژەی سەرۆک مامجەلال بۆچی ؟!

بارزان شێخ عوسمان 03/10/2019


 سەرۆک مامجەلالی مەزن بەر لەوەی ئەرکی سەرۆکایەتی دەوڵەتی عێراقیشی پێ بسپێردرێت ، ھەر کەسایەتیی و کارێزمایەکی  ناسراو بوە  و پێگەیەکی سەنگینی ھەبوە لە ئاستی عێراقیی و ئیقلیمیی و جیھانیشدا .ئەم رابەرە مەزنە لە کۆنەوە و لە سەرەتای ھاتنە ناو کۆڕی خەبات ھەر بە مامجەلال ناوبانگی دەرکردبو.وەک جەنابیشیان لە گفتوگۆیەکی رادیۆیدا لەگەڵ رادیۆی دەنگی مەڵبەندی رێکخستنی سلێمانی لە ساڵی ٢٠٠٢ دا فەرموی ئەو نازناوی مامجەلالە ھەر لە مناڵییەوە پێی بەخشراوە کە خۆی چیرۆکەکەی گێڕاوەتەوە .  لە سەرەتای چونە ریزەکانی (پ د ک ) یشەوە ھەر بە  مامجەلال  بانگ ئەکرا و ناسراو بو (کێ بو ھات بۆ سلێمانی ...مامجەلال تاڵەبانی ، کێ یە وەفدی بارزانی ...مامجەلال تاڵەبانی ،چایەکم خوارد بە داخەوە  ..مامجەلال وا بە شاخەوە ) ئەوە ھەندێک لە دروشمەکانی ساڵانی شەستی سەدەی رابردو بون کە لە رێ پێوان و بۆنە شادو جەماوەرییەکان ئەوترانەوە،{مەبەستمان  ناوی مامجەلالە }.ئیتر مامجەلال بوە ئەو ناوە کە ئەم رابەرە مەزنەی لە جیھانیشدا پێ ئەناسرا تەنانەت لە کۆڕ و کۆنفرانسە نێو دەوڵەتیی و جیھانییەکانیشدا کە بانگ کراوە بۆپێشکەشکردنی وتار و توێژینەوە  بە نوێنەرایەتی گەلی کوردستان و عێراق و ئۆپۆزیسیۆنی عێراق ،یان ھەر خۆی وەک سیاسەتمەدارێکی بە ناوبانگ  بانگھێشت کراوە بۆ کۆنفرانس و کۆبونەوە جیھانییەکان ،دوای ناوە گشتییەکەی بێژەرەکە یان (عریف الحفل)ەکە،یاخود ئەو کەسەی کۆنگرەو کۆبونەوەکەی بەڕێوە بردوە مامجەلالەکەیشی لە نێوان کەوانەیەکدا  وتوەتەوە، ئەوەش بەڵگەی پەیوەست بونی   ناو و نازناوی مامجەلال  دوپات دەکاتەوە بەو رابەرە مەزنەوە و بوەتەناوێکی لێکدراو  .ئەو کاتەی کە پۆستی سەرۆکایەتیی عێراق ھاتە بەردەرگای ئەم رابەرە دیموکراتخواز و پێشکەوتن خواز و خۆنەویستە شەرەفی وەرگرتنی ئەو پۆستەی پێ سپێردرا   ئیتر نازناوی سەرۆکیشی ھاتە پاڵ کە بوە سەرۆک    مامجەلال.(جاک سترۆ) وەزیری پێشوتری دەرەوەی بریتانیا لە پرێس کۆنفرانسێکی ھاوبەشدا کە ناوی بەڕێزیانی ھێنا  بە سەرۆک مامجەلالی ناوبرد ،خۆشم لەدو  کۆنفرانسی سۆشیالیست ئینتەر ناسیۆنال لە( پاریس و ئەسینا)  کە وەک تیمی رۆژنامەیی  لەگەڵ جەنابیاندا بوم کاتێک بانگھێشت ئەکرا بۆ سەرۆکایەتیکردنی کۆنگرەکە و پێشکەشکردنی وتارەکەی  و بەرێوەبردنی کۆنگرەکە وەک جێگری سەرۆکی رێکخراوەکە، بە سەرۆک مامجەلال ناوی ئەھێنرا .


وا بزانم دوای ئەوەی لە کەناڵی کوردسات ، تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان ،رۆژنامەی کوردستانی نوێ ،ألإنصات المرکزی ،پیوکەی میدیا   دواتریش لە کەرکوک تیڤی و بادینان سات چەسپا ،لە دوای رەوان شاد  دکتۆر ئەحمەد چەلەبی، یەکەم سەرکردەو رابەری سیاسیی  کەدەستەواژەی سەرۆک مامجەلالی  بەکارھێنا بە زمانی کوردیی  جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی بو ،کە زۆر لە جێگەی خۆیدا بو زۆر ژیرانە و بە ئاگاییەوە ئەو دەستەواژەیەی بەکارھێنا سەرکردەی ھێزە سیاسییەکانی تر و  عەرەبییەکان  کردیانە نەریت ، دواتریش  راگەیاندنی پ د ک بەو جۆرە ناوی ئەھێنا ،لام وابێت تائێستاش کوردستان تی ڤی  ھەر لەسەر ئەو نەریتەیە  . راستە لە زۆر کەناڵی دەرەوەی کوردستان ناوی بەڕێزیان بەسەرۆک جلال تاڵەبانی ناو دەبەن بەڵام  لە ئاخاوتنەکانیادا ناتوانن خۆیان لە( مامجەلال) ەکە دور بخەنەوە ھەمو عەرەب و بیانییەکانی تریش کە باسی بەڕێزیان ئەکەن  مامجەلالەکەی لەکەوانەیەکدا دوبارە ئەکەنەوە .

رەنگە ھەندێک بڵێن مامی گەورە تا ٢٠١٤ سەرۆک کۆمار بوە  ،ئیدی بۆچی ھەر بە سەرۆک  ناو بھێنرێت؟! .  

بەڵێ  مامی خۆمان  پێشتر    سکرتێری گشتیی (ی.ن .ک) بوە  بۆیە ھەر بە ھەڤاڵ مامجەلال ناوی ئەھات ، بەڵام دواتر کە بوە سەرۆک ئیتر ئەوە وەک شایستەیەکی پرۆتۆکۆلیی و دیپلۆماتیک ناسنامەیەکە و دوای کۆتایی سەرۆکایەتییەکەشی  بۆ ھەتایە ئەمێنێتەوە (سەرۆک جۆرج واشنتن ،سەرۆک کەنەدی ،سەرۆک ماوسیتۆنگ،سەرۆک کلینتن )تەنانەت ئەوانەیشی کە سەرۆکی پارتێک بن دوای تەواوبونی ماوەکەشیان  ناوی سەرۆکەکە ھەر ئەمێنێت .بۆیە رەوای ھەق نییە ئەو مافە لە سەرۆک مامجەلال  بسەنرێتەوە ،وەک ھەندێک کەناڵی میدیا تەنانەت سێبەرەکانی ی ن ک و ئەوانەی پارەدارکردنیان لەلایەن لێپرسراوانی ی. ن .ک ەوەیە لەدوای کۆتای ھاتنی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی نەک ھەر (مامجەلال)ەکە بەڵکو سەرۆکەکەشیان لێکردۆتەوە .تا ئێستاش لە میسر ھەر ئەنوسرێت (الملک فاروق الرئیس جمال عبدالناصر  ،الرئیس السادات ....)لە وڵاتانی تری جیھانیشدا بە ھەمان شێوە  . کەچی بەداخەوە ئەوانەی لای خۆمان،بە ھۆی  نەشارەزاییە یان بە ئەنقەستە خەریکە   (سەرۆک)ەکە و (مامجەلال)ەکەش  ئەسڕنەوە .ساڵی ٢٠٠٥  لە ھاوینە ھەواری دوکان  ھونەرمەندی ناسراو کاک مستەفا ئەحمەد  (تەمەنی درێژ بێت )عەرزی سەرۆک مامجەلالی کرد "قوربان بەچی بانگی جەنابت بکەین سەیدرەئیس فەخامەت سەرۆک مامجەلال "..بەڕێزیان فەرموی:" هەرچی ئەڵێن , مامجەلالەکەتان لەبیر نەچێت  ". کەواتە بە پێویست ئەزانرێت دەستەواژەی سەرۆک مامجەلال وەک خۆی بمێنێت کە مافێکی بەڕێزیانە ھەم وەک ناوی سەرۆک لەروی پرۆتۆکۆلییەکەوە ھەم ناوی مامجەلالەکە وەک ئەو ناوە سیاسیی و جەماوەریی و جیھانییەی کە پێی ناسراوە ،بۆچی سەرۆک و پادشا و گەورە لێپرسراوەکانی جیھان بە گرنگییەوە بە ناوی مامجەلالەکە باسی ئەو  زاتە بکەن، کەچی لای خۆمان ھەم سەرۆکەکەی لێ بکرێتەوە ھەم ئەو ناوەی کە لە دێرین زەمانەوە پێی ناسراوە . بەبڕوای من ئەگەر وانەکرێت ئەوا زوڵمێکی تریش ئەخرێتە سەر ئەو زوڵمانەی کە لەم زاتە مەزنە ئەکرێت,وەك چۆن وەکو سەرۆک کۆمارێك مەراسیمێكی نێودەوڵەتیی بۆ رێك نەخرا لەکاتی بەڕێكردنی نەعشی پیرۆزی بۆ زێدی خۆی بەو شێوەیەی کە لەم رۆژانەدا لە پاریسی پایتەخت بۆ سەرۆک شیراك بەڕێوە چو .