عێراق دەكرێتە مەیدانی ململانێکانی ئیسرائیل و ئێران

رەمەزان شێخانی 27/08/2019



لەماوەی 5 ساڵی رابردوودا زنجیرەیەك پێكدادانی راستەوخۆ لەنێوان سوپای ئیسرائیل و هێزەكانی ئێران لە سوریا رویداوە فرۆكە جەنگیەكانی ئیسرائیل زیاتر لە 120 هێرشیان كردوەتە سەر كاروانی ئەو چەكانەی كە ئێران بۆ حزبوڵڵای لوبنانی ناردوە.
سەرەتای ساڵی 2018 گرژی و ئاڵۆزیەكانی پەرەی سەندو فرۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل هێرشی كردە سەر دامەزراوەیەكی ئێران بۆ درووستكردنی فرۆكەی بێفرۆكەوان لە قوڵایی بیابانەكانی سوریا. لەو هێرشەدا هەشت ئەفسەری ئێرانی كوژران كە یەكێك لە ئەفسەرەكان ناوی مەهدی دەهقان بوو فەرماندەی یەكەی فرۆكە بێفرۆكەوانەكان بوو.
لەبەرامبەردا ئێران بەڵێنی دا تۆڵەیەكی توند لە ئیسرائیل بكاتەوە ، ئەو پەرەسەندانە لە ئێستا پەلی هاویشتوە بۆ عیراق و لوبنان ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا پشتیوانی لە هێرشە ئاسمانیەكانی ئیسرائیل دەكات بۆ سەر بارەگای ئەو میلیشیا چەكداریانەی كە ئێران پشتیوانی سەربازیان دەكات و رووسیا تەنها راوێژ پێشكەش بەهەردوو لا دەكات بەمەبەستی خۆ لادان لە فراوانتركردنی گۆرەپانی پێكدادانەكان.
ئێران لە سوریا بەهۆی هێرشە ئاسمانیەكانی ئیسرائیلەوە زیانی گیانی و ماددی زۆری پێگەیشتوە لەبەر ئەوە بریاری داوە بەمەبەستی خۆ چەسپاندنی لەناوچەكەدا ناوەندی هەوڵەكانی بەرەو عیراق گواستوەتەوە بەڵام بەگوێرەی رۆژنامەكانی خۆرئاوا ئیسرائیل شوێنی جموجۆڵەكانی ئێران كەوتوەولە عیراق و ئامانج لە هەنگاوەكەی ئیسرائیل رێگە گرتنە لە ئێران بۆ دامەزراندنی بنكەی موشەكی بالیستی لەعیراق كە بتوانێت لەناو خاكی عیراقەوە هێرش بكاتە سەر ئیسرائیل 
ئامانجێكی دیكەی ئیسرائیل رێگە رتنە لە ئێران تا بتوانێت چەك و جبەخانەی سەربازی وموشەك لەخاكی عیراقەوە بگەێنێتە جبەخانەكانی حزبوڵڵای لوبنانی لە بەیروت.
ئیسرائیل بە پشتیوانی و هاوكاری ئەمریكا و هاوپەیمانان بەردەوامە لەهێرشەكانی بۆ سەر گرووپە چەكدارەكانی سەر بەئێران لە عیراق و سوریا و لوبنان  
پرسیارەكە ئەوەیە ئایە ئێرانیەكان تا كەی دان بەخۆیاندا دەگرن و وەڵامی هێرشەكانی ئیسرائیل نادەنەوە لە رێگەی بەكارهێنانی یەكێك لەو گرووپانەی كە پشتیوانیان دەكات.
وتەبێژی حكومەتی ئێران لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە هێرشە ئاسمانیەكانی ئیسرائیل لە لوبنان رایگەیاند: گەلانی ئەو وڵاتانە خەریكە ئارامییان نامێنێت و كۆتایی پێدێت.
هاوكات قاسم سولێمانی سەرۆكی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانی رایگەیاند پەلامارەكانی ئیسرائیل شێتانەیە و ئیسرائیل دواهەناسەیەتی وەكو ئاماژەیەك بۆ لەناوبردنی ئیسرائیل. 
هەروەها یسرائیا كاتس وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند: ئێمە لە هاوپەیمانێتێكدا كاردەكەین كە ئەمریكا سەرۆكایەتی دەكات و بەمەبەستی زامنكردنی ئازادی دەریاوانی لە خۆرهەڵاتی ناوەراست و بەتایبەتیش لە كەنداو 
وتیشی ئێران ناتوانێت وەڵامی هێرشەكانی ئیسرائیل بداتەوە وتوانای ئێرانیەكان زۆر سنور دارە نەك لەبەر ئەوەی توانایان نیە نەخێر بەڵكوو ئەوان باش دەزانن ئیسرائیل زۆر جددیە لە هێرشەكانی.
هاوكات وەزیری دەرەوەی ئەمریكا پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ بەرژەوەندیەكانی ئیران دەربری و رایگەیاندوە ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگری لەخۆی بكات لەبەرامبەر هەڕەشەكانی ئێران
ئاماژەكان بەو ئاراستەیەدا دەچن كە ئیسرائیل بەردەوام بێت لە هێرشەكانی بەتایبەت پاش ئەوەی بنیامین نەتانیاهۆ رایگەیاند بەرژەوەندیەكانی ئێران دەكەینە ئامانج لەهەر شوێنێك بێت و لەهیچ شوێنێك ئێران پارێزبەندی نیە.
لە ئێستادا عیراق وەك بەشێك لە گۆرەپانی ئەو ململانیە سەختەی نێوان ئێران و ئیسرائیل دەبینرێت و پێدەچێت هێرش و پەلامارەكان بۆ سەر گرووپەكانی حەشدی شەعبی زیاتر بێت و لەم نێوەندادا حكومەتی عیراق كەوتوەتە حاڵەت و دۆخێكەوە كە ئیرەیی پێنەبرێت و لەنێوان بەرداشی ئەمریكاو ئێران خۆی بۆ یەكلای نەبێتەوە هەرچەندە پێشتر عادل عەبدولمەهدی بریاری هەڵۆشاندنەوەی حەشدی شەعبی دەركرد بەڵام پێدەچێت بریارەكەی تەنها لە چوارچیوەی ئۆفیسەكەی نەچێتە دەرەوەو هیچ گرووپێك حیساب بۆ ئەو بریارە نەكات و پاشانیش گەل و حكومەتی عیراق باجێكی قورس بدات