مۆڕاڵی ژاپۆن و پاشەكشێی پرۆسەی پەروەردەی كوردستان

رەمەزان شێخانی 23/07/2019


سیستمی پەروەردە لە هەر وڵاتێكدا بە بەردی بناغەی درووستكردنی كۆمەڵگە دادەنرێت و باشترین و نمونەترین رێگەیە بۆ پاراستن و پێشخستنی ئەو كۆمەڵگەیە و دەستەبەركردنی ژیانێكی شایستە بۆ تاكەكانی كۆمەڵگە.
پەروەردەو فێركردن بناغەی درووستكردنی نەوەكانی داهاتووە و پێویستە پەروەردەكە بەشێوەیەك بێت نەوەی نوێ بتوانێت بەرپرسیاریەتی قۆناغ و گواستنەوەی پەیامی بەرپرسیاریەتی بە باشترین شێوە لە ئەستۆ بگرێت و ئەو ئەركانەی لەسەر شانیەتی بیگەینێتە نەوەكانی دوای خۆی.
ساڵی 2018 حكومەتی ژاپۆن بڕیاری دەركرد كە پێویستە پرۆگرامی مۆڕاڵ" رەوشت" وەكو پرۆگرامێك لەخۆێندنگاكاندا بخوێندرێت هۆكاركەشەیان بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە پەیوەندی هەیە لەنێوان دابەزینی ئاستی رەوشت لەلای خۆێندكارانی قۆناغی بنەرەتی و بەرزبونەوەی ئاستی تاوان لەو وڵاتەدا.
پرۆگرامی ئەخلاق فێركردنی ووردتیرن ووردەكاری لەخۆدەگرێت بۆ فێركردنی خوێندكارانی قۆناغی سەرەتایی وەكو شێوازی رێكردن ، ئاستی دەنگ هەڵبڕین لەكاتی ئاخاوتندا ،پلە و ئاستی خۆچەماندنەوەی تاك لەكاتی سڵاوكردندا كە ئەو خۆچەماندنەوەیەی بەگوێرەی ئاست و تەمەن و پێگەی كۆمەڵایەتی كەسەكە جیاواز دەبێت تا بگاتە شێوازی هەڵبژاردنی ووشە لەكاتی ئاخاوتندا لەگەڵ بەرامبەرو هەڵبژاردنی ووشەی رێزدارو جوان لەكاتی قسەكردن و گفتوگۆكردندا.
ئامانجی ئەو پرۆگرامە زیندووكردنەوەی بەها جوانەكانە لەنێو كۆمەڵگەی ژاپۆنیدا و هانی قوتابیان بدرێت بێلایەنانە بیر بكەنەوە هاوكات بێزاركردن و توندوتیژی لە قوتابخانەكاندا كەمبكرێتەوە تا رێگە لە بڵاوبونەوەی تاوان بگێردرێت و هەنگاویكیشە بۆ دابەزاندن و كەمكردنەوەی رێژی تاوان.
ئەمە سەرەتایە مەبەست لێی رۆچوونە بۆ نێو وتارەكەم یاخوود بڵێین خستنە رووی رێگەیەكە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەیەكی ساغڵەم و پێگەیشتوو تا بتوانین بیكەینە سەرەتایەك لە سیستمی پەرەوەردەی وڵاتەكەی خۆماندا.
ساڵانە دەبینین و دەبیستین باس لە دابەزینی ئاستی پەرەوەردەیی دەكرێت لە قوتابخانەكاندا لێرەو لەوێ گوێمان لێدەبێت رێژەی دەرچوون بە گوێرەی پێویست نیە و پێویستی بە چارەسەر هەیە.
لە سیستمی پەروەردەو فێركردن لە هەرێمی كوردستان بۆ قۆناغی بنەڕەتی سیستمێكی ئیلزامیە و دەبێت منداڵ كە تەمەنی گەیشتە شەش ساڵ بخرێتە بەر خوێندن كە ئەوەش خاڵێكی جوانی پرۆسەكەیە كە خوێندن بەبێ جیاوازی بۆ هەموو تاكەكانی كۆمەڵگە دەستەبەر دەكرێت لە پاڵ ئەوەشدا خوێندن لە هەرێمی كوردستان بە خۆڕاییە و هەموو كەرەستەكانی خوێندن لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە دابێن دەكرێت بۆ قوتابیان ئیتر لە بینای قوتابخانەوە بگرە تا دەگاتە مامۆستا و كتێب و كەرەستە پێویستەكان كە ئەوەش دڵخۆشكەرەو ئەركی سەرشانی كەس وكاری قوتابیان و خوێندكاران سووك دەكات.
 باشە كەوایە بۆچی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن لە ئاستی پێویستدا نیە و بەدەست كۆمەڵێك كێشە و گیروگرفتەوە دەناڵێنێت؟ كە بە بۆچوونی خۆم بۆ ئەم خاڵانە دەگەرێتەوە.
1- قەیرانی دارایی چەند ساڵی رابردوو پاشكەوت كردنی موچەی مامۆستایان و فەرمانبەران یەكێكە لەو كێشانە و دەتوانین بڵێین كاریگەری خراپی كردوەتە سەر پرۆسەكە.
2- تێكەڵكردنی چەند دەوامێك لە بینای خوێنداندا دەبێتە كۆسپ و لەمپەر لەبەردەم گەیاندنی پەیامی پەروەردە لە قوتابخانەكاندا بەتایبەتی لەو قوتابخانانەی كە 3 دەوامی تێدا دەكرێت.
3- نەبوونی هۆكارەكردنی فێركردن وەكو پێویست لە قوتابخانەكاندا لەوانە هۆكاری فێركردنی بابەتەكانی زانست ، جوگرافیا، بیركاری ، كوردی وعەرەبی ونەبونی ئامێری نوێی تەكنەلۆژی پێویست لە قوتابخانە وخوێندنگاكاندا.
4- بایەخ نەدان بە كردنەوەی خولی راهێنان و ئامادەكردنی مامۆستایان لە وەرزی هاویندا تا بە ئاگابن لە رەوتی پرۆسەی پەروەردەو پێشكەوتنی بە گوێرەی سەردەمەكە.
5- بەشداری پێكردنی قوتابیان لە تاقیكردنەوەی نیشتیمانی " بەكالۆریا" بەبێ لەبەرچاو گرتنی ئاستی قوتابیەكە كە ئەو قوتابیە سوور دەزانێت لە هەموو بابەتەكانیش دەرنەچوبێت بەشداری پرۆسەكە دەكات و خۆی ماندوو نەكات و پشتی لێكردوەتەوە و زۆر جار گوێمان لێبوە قوتابی پۆلی نۆ دەڵێت هەمومان بەشداری دەكەین و ئیتر پرسیارەكانیش هەڵبژاردنە دەتوانین لە كاتی تاقیكردنەوەكاندا خۆمان بەرێوەبەرین كە من بە پێویست و گرنگی دەزانم سیستمی بەشداریكردن لە تاقیكردنەوەی نیشتیمانی هاوشێوەی ساڵانی رابردووی لێبكرێت تا قوتابی بایەخی زیاتر بەخوێندن بدات و هەست بەبەرپرسیاریەتی بكات و ترسی بەشداری نەكردنی لە تاقیكردنەوە هەبێت.
6- سەبارەت بە قۆناغە ناكۆتاییەكان لە ئێستادا بەگوێرەی سیستمی نوێی پەروەردە لە هەرێمی كوردستان هەر قوتابیەك لە هەموو وانەكان لە خوولی یەكەم و خوولی دووەمیش دەرنەچێت مافی دووبارە بەشداری كردن و ئەنجامدانی تاقیكردنەوەی هەیە لە خوولی دووەم كە ئەوە ئەركی سەرشانی كارگێری قوتابخانەكان و مامۆستایانیشی قورس كردوە چونكە پێویستە كارگێری قوتابخانە نمرەی ئەو قوتابیە كەوتوانە لە تۆماری گشتی تۆمارنەكات و چاوەروانی ئەنجامی تاقیكردنەوەی خوولی دووەم بكات هاوكات ئەركی سەرشانی مامۆستایانیش قورس دەكات كە دەبێت دوو جۆر پرسیار بۆ خوولی دووەمی وەرزی یەكەم و خوولی دووەمی وەرزی دووەم دابنێت و هاوكات پێویستە ئەو قوتابیە دوو جۆر تاقیكردنەوە لەیەك بابەتدا بكات كە بریتیە لە خوولی دووەمی وەرزی یەكەم و خوولی دووەمی وەرزی دووەم و هیچ جۆرە پیرۆزیكی بۆ تاقیكردنەوەكان نەهێشتوەتەوە چونكە خوێندكار جۆرێك لە بێدەربەستی لەلا درووستبوە وگەوێ بە تاقیكردنەوەكان نادات بەڵام ئەگەر ئەو خوێندكارە بزانێت لەتاقیكردنەوە 3 وانە بكەوێت بە كەوتوی ئەو ساڵە ئەژمار دەكرێت زیاتر بایەخ بە تاقیكردنەوەكان دەدات.
7-پێویستە قوتابخانە و خوێندنگەكان بەدەر بكرێت لە سیستمی بچراندنی كارەبا هەر هیچ نەبێت لەكاتی دەوامی قوتابخانەكاندا تا مامۆستایان بتوانن سوود لە هۆیەكانی فێركردن ببین و بتوانن لەكاتی پرۆسەكە بەكاری بهێنن نەك بەهۆی بچرانی كارەباوە هۆیەكانی فێركردن سوودی خۆی نەبێت
8-بایەخی زیاتر بە بابەتەكانی وەرزش و هونەر بدرێت تا قوتابیان كەمێك لە رێگەی ئەو وانانەوە پشوو وەرگرن و چالاكی جەستەیی و مێشكیان زیاد بكات 
9-دابینكردنی خۆراكی قوتابخانەیی لەلایەن وەزارەتی پەوەردەو هەر هیچ نەبێت بۆ هەردوو بازنەی یەك ودوو واتە لە پۆلی یەكی بنەرەتی تا پۆلی شەش چونكە ئاشكرایە هەندێك لە خێزانەكان ئاستی گوزەرانیان باش نیەو ورەنگە هەندێك جار قوتابی پارەی وای پێنەبێت بتوانێت لە فرۆشگای قوتابخانە شتێك بكڕێت و بیخوات
10- هاوشێوەی ژاپۆن پرۆگرامی مۆراڵ " ڕەوشت" بكرێتە پرۆگرامێكی سەرەكی و لەقۆناغی بنەرەتییدا بخوێندرێت و تا قوتابیان هەر لەمنداڵیەوە فێری ئادابی رێزو سڵاوكردن و ئاخاوتن و تەنانەت نان خواردن و سیستمی هاتو وچۆ و چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ موڵكی گشتیداببن 
لەكۆتاییدا دەڵێم پرۆسەی پەروەردەو فێركردن پرۆسەیەكی ژیانی و ژیاریە وپێویستی بونیات نانی كۆمەڵگەو وڵاتە با هەموان لەخەمی سەرخستنی پرۆسەكەدا بین وكار بكەین بە پەروەردەیەكی جوان و بەرەوشتی بەرزی كوردەواری بتوانین كۆمەڵگەكەمان بونیات بنێین و بەرەو ئایندەیەكی جوان هەنگاو هەڵنێین