تا كەی پارێزگاری كەركوك دانانێن؟

رەمەزان شێخانی 30/07/2019



ئاشكرایە پرۆسەی ریفراندۆم بووە هۆی كۆكردنەوە و یەكخستنی دوژمنان و نەیارانی كورد لە دژی كورد، بەتایبەت لە كەركوك و ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، ئەوەش وایكرد پلانێكی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی و نێوخۆیی لێبكەوێتەوە و گەورەترین گەلەكۆمەكە لە كوردو حزبە كوردستانیەكان بكرێت و رووداوەكانی 16ی ئوكتۆبەری لێبكەوێتەوە كە بەهۆی ئەو پیلانە نێودەوڵەتیەوە بەناچاری و بەمەبەستی پاراستنی شارەكەو خەڵكی ئەو شارە لە ماڵوێرانی و كاولكاری هێزی پێشمەرگە لەتەواوی ئەو ناوچانەی كە بە ناوچەی مادەی 140 دەناسرێت بكشێتەوەو زیاتر لە نێوەی خاكی كوردستان لە دەستبدرێت كە بەخوێنی هەزارەها رۆڵەی قارەمان و سەركردەی گیان باز ئازاد كرابوو.
 من لێرەدا نامەوێت قسە لەسەر هۆكار و دەرئەنجامەكانی ئەو كارەساتە مێژوویە بكەم و ئەو دەهێڵمەوە بۆ خەڵكی شارەزای بواری سەربازی .
پاش رووداوەكانی 16 ئوكتوبەر تاكی كورد لە كەركوك و خورماتوو داقوق و خانەقین و موسڵ و شەنگال و سەرجەم ناوچە كوردستانیەكانی دیكەی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، هەستیان بە شكستێكی دەروونی و خەمۆكی دەكەن لەبەرامبەردا عەرەب و توركمانی ئەو ناوچانە لووت بەرز و لەخۆبایی بونە بەرامبەر بە كوردانی ئەو ناوچانە. 
رووداوەكەی 16ی ئوكتوبەر بە نسكۆیەكی گەورەی كوردی دەزانم لەو ناوچانە، بەڵام دەنگدەرە ئازاو بەجەرگەكانی كورد لەوناوچانە توانیان لە دەنگدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لاپەرەیەكی پرشنگدار بۆ كورد و بەتایبەتی بۆ یەكێتی تۆمار بكەن و شكستەكە بكەن بەسەركەوتن چونكە هەندێك لەحزبە سیاسیەكان ئەستۆی شكستەكەیان بەتەنها دەخەنە سەرشانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەكاتێكدا خۆیان بە برا گەورەو هێزی یەكەمی كوردستان دەزانن.
كەركوكیەكان لەو پرۆسەی هەڵبژاردنەدا توانیان شەش كورسی پەرلەمانی بۆ كاندیدەكانی یەكێتی مسۆگەر بكەن و ببنە براوی یەكەمی هەڵبژاردنەكە بەوەش جارێكی دیكە سەلماندیان كە كەركوك كوردستانیەو كورد خاوەنی راستەقینەی ئەو شارەیە.
ئێستاش كاتی ئەوە هاتوە حزبە كوردستانیەكان بەتایبەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە براوەی یەكەمی ئەو شارەیە بەزوترین كات پەلە بكات لە دانانی پارێزگاری كەركوك و پاداشتی دڵسۆزی كەركوكیەكان بداتەوە چونكە لە ئێستادا ئەو شارە دوچاری دووبارە پرۆسەی بە عەرەب كردن لەلایەك و هێرشی تێرۆریستانی داعش  و سوتاندنی دەغڵ و دان و ماڵ و گوندی كورد لەلایەن عەرەبە شۆڤێنیەكان دەبێتەوە، كوردانی ئەو شارە دووچاری دڵەراوكێ و بێ ئارامی بونەتەوە.
پێویستە پرسی كەركوك بكرێتە سەروی هەموو پرسەكان و هەرچی زووە بەتایبەت پاش ئەوەی یەكێتی و پارتی رێككەوتن لەسەر كاندیدێك بۆ ئەو شارە چیتر پێویست بە دواخستنی پرسەكە ناكات و پۆستەكە مافێكی سیاسی و بەركەوتەی هەڵبژاردنە بە زووترین كات وادەیەك بۆ كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دابنرێت و هەرچی زووە دەنگ بۆ پارێزگار بدەن و شارەكەو خەڵكەكەشی لە دڵەڕاوكێ و نیگەرانی رزگار بكەن.
چونكە بە ئەنجام نەدانی ئەو كارە پێدەچێت چیتر درووشمە ئاڵ و واڵاكان فریای هەردوو حزب نەكەوێت و قودس و دڵ بۆ هەمیشە لەدەستبدرێت و دەنگدەرانی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بە دەنگەكانیان سزای هەردوو حزب بدەن و مێژووش رەحم بە كەس ناكات.