دوای سكانداڵەكەی مەلا هەڵۆ

رەمەزان شێخانی 14/08/2019


هونەری گۆرانی ووتن یەكێكە لە هونەرە هەرە زیندوەكانی هەر میللەت و نەتەوەیەك چونكە گۆرانی وتن گرنگی تایبەتی هەیە لە ژیانی مرۆڤدا و ئامرازێكە بۆ درووستكرددنی پەیوەندی لەنێوان تاكەكانی كۆمەڵدا ، گۆرانی وەكو دەوترێت خۆراكی گیان و ئارام بەخشیشە بۆ مێشك و دەروون هەروەك ئامرازێكە بۆ رێكخستنی رەفتاری تاكەكان وپێویستیە سۆزداریەكانی مرۆڤیش پردەكاتەوە. 
میلەتە ژێر دەستەكان هەوڵیان داوە لە رێگەی گۆرانی و سروودەوە مافە رەواكانی خۆیان بە گوێی میللەتتاندا بدەن و جەماوەری خۆیان جۆشداوە بۆ داكۆكی كردن لە خۆیان و بەدەستهێنانی مافەكانیان. هونەرمەندی كوردیش زۆرە كە لەرێگەی گۆرانی و سروودەكانیانەوە خزمەتی گەورەیان بە دۆزی گەلی كورد كردوەو ئەو خەباتی ئەوان هیچی كەمتر نەبوە لە خەباتی چەكداری و بەرخودان.
مرۆڤ بە سروشتی خۆی سۆزدارەو باری سۆزداری كاریگەری گەورەی لەسەر درووستكردوەو دەكات و زۆر جاریش لە رێگەی گۆرانی وتنەوە توانیویەتی ناخ و دەروون و باری سۆزداری خۆی ئارام بكاتەوە. 
سەرباری ئەو خاڵانەش هونەرو گۆرانی وتن باشترین و پێشكەوتوترین رێگەیەی بۆناساندنی كلتورو هونەری هەرنەتەوەیەكی بە تەواوی نەتەوەكانی دیكەی جیهان و زۆر جار هونەرمەندانی كورد توانیویانە لە رێگەی بەرهەم هێنانی فلیمێك یان گۆرانی و سروودێك گەلی كورد بە وڵاتانی دەرەوە بناسێنن.
گەر لە رووی ئابوریشەوە بروانینە هونەری گۆرانی وتن ئەوە ئامرازێكی باشە بۆ باشتركردنی ئابوری وڵات چونكە دەتوانرێت لە رێگەی گۆرانیەوە داهاتێكی باش بۆ وڵات كۆبكرێتەوە و زۆر جار لە رێگەی ئەنجامدانی چەند كۆنسێرتێكەوە توانراوە پارەیەكی باش كۆبكرێتەوە بۆ كاری خێرخوازی بەكاربهێنرێت و رۆڵی گەورەشی هەیە لە بواری رۆشنبیری و سیاسیشدا.
هونەر رۆڵی بەرچاو هەیە بۆ دەرخستنی تواناكان و كەمكردنەوەی رێژەی بێكاری و ئامرازێكیشە بۆ فراوانتركردنی گیانی هاوڵاتی بوون و دیموكراسیەت .
چەند رۆژێك پێش ئێستا خانمە هونەرمەندی كورد " ماریا هەورامی " كلیپێكی گۆرانی بڵاوكردەوە كە بەشێوەیە لایڤ لە شاری سلێمانی تۆمار و بڵاوكرایەوە و لەو كلیپەدا خانمە هونەرمەند جل و بەرگێكی كوردی رەسەنی لەبەركردبوو  كە ئەو پۆشاكە هەمیشە سمبولی خەبات و بەرخودان و جێگەی شانازی هەموو تاكێكی كوردە جگە لەو كەسانەی كە كلكایەتی و خۆفرۆش و جاشی ئەم وڵات و ئەو وڵاتن لەگەڵ گۆرانیكەدا كۆمەڵیك گەنجی خوێن گەرمی ئەم شارە بەهەڵپەركێ و بە ژەنینی ئامێرە مۆزیكیەكان بەشداری كلیپەكەیان كردو دەتوانین بڵێین كلیپێكی سەردەمیانە و هونەریانەی زۆر جوانیان پێشكەش كرد كە جێگەی دەستخۆشیە و بەشێك لە گۆرانیەكەی ماریا خان بە شێوەزاری رەسەنی هەورامی پێشكەش كرا. 
پاش بڵاوبونەوەی ئەو كلیپە مامۆستایەكی ئاینی دوور لەهەموو بەهایەكی مرۆڤایەتی و ئاینیش هێرشێكی توندی كردە سەر ئەو خانمە گۆرانی بێژەو بەكەمتر لە سۆزانی وەسفی كرد كە بەڕاستی جێگەی تێڕامان و هەڵوەستە كردنە چۆن دەبێت مامۆستایەكی ئاینی بەو شێوەیە تۆمەت بداتە خانمە گۆرانی بێژیەكی كورد كە لە كلیپەكەیدا نە بە جلی ڕوتەوە سەمای كردوە نە سەمای راپ و نە سامپای  نەكردوە نە جلەكانیشی پێچەوانەی كلتورو داب و نەریتی كوردی بوە 
باشە ئەو مامۆستا ئاینیە كاتێك تێرۆریستانی داعش پەلاماری شەنگال یان داوە هەزاران ژن و كچی كوردیان بۆخۆیان برد دوور لە هەموو بەهایەكی ئاینی و مرۆڤایەتی بۆچی نقەی لێوە نەهات؟ باشە ئەو مامۆستایە بۆچی تێرۆریستانی داعشی تەكفیرنەكرد كاتێك ئەو تێرۆریستانە پێشمەرگە دیلەكانیان گۆشاو گۆش سەربڕی؟
پێویستە هەرچی زووە ئەو مامۆستایە لەلایەن وەزارەتی ئەو قافەوە بەتوندترین شێوە سزابدرێت چونكەو مینبەری مزگەوتی بۆ دژایەتی ئازادی تاك و بواری هونەری كوردی بەكارهێناوە 
هەروەك نابێت سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان بیدەنگبێت بەرامبەر بەو مەلایە كە دیارە ئامانجێكی دیاری كراوی هەیە لەو هێرشە نارەوایە كە هێرش كردنە سەر ئەو خانمە هونەرمەندە هێرش كردنە بۆ سەر تەواوی هونەرمەندان و سوكایەتیكردنیشە بە هونەر و ئەدەبی كوردی كە ئامانجی ئەو جۆرە وتارانە گێرانەوەی میللەتی كوردە بۆ سەردەمە تاریكەكان 
دەبوو ئەو مامۆستایە بیری لەوە بكردایەتیەوە كە زانكۆی ئەزهەر لە وڵاتی میسرەو زۆربەی زۆری زانا ئیسلامیەكانی جیهان لەو زانكۆیەوە دەرچوون بەڵام رەوتی هونەری و سینەمای میسری دەبینین لە چ ئاستێكدایەو كەم جار گوێمان لێبوە مامۆستایەكی هێرشی لەو شێوەیە بكاتە سەر هونەرمەندانی ئەو وڵاتە
ئەم تەشهیركردنەی ئەو مامۆستا ئاینیە لە كاتێكدایە كە پێشتر چەندین مامۆستای ئاینی كورد خزمەتی گەورەیان بە شیعرو ئەدەبی كوردی كردوە كە تا ئێستاش بەرهەم و شاكارەكانیان پێگەی گرنگیان هەیە لە كتێبخانەی كوردیدا.

.