لە یادی یادە مەزنەكەدا...

لەتیف حسێن 30/05/2019


ئەمساڵیش یەكێتی ساڵیادی دامەزراندنی خۆی لەپاش 44 ساڵ بەسەر دامەزراندنیدا، بەكۆمەڵێك كێشەوە دەكاتەوەو ماوەی بەستنی كۆنگرەشی چەند ساڵێك دواكەوتووە، كە یەكێكە لە بڕبڕەی پشتی كاری حزبایەتی بۆ خۆنوێكردنەوەو دانانی بەرنامەو پلانی ستراتیژی گەوەری كاركردن، كە بەداخەوە تا ئەم ساتەش بەستنی كۆنگرە جگە لە قسەكردن هیچی تری بۆ ئامادە نەكراوە..
یەكێتی بە وتەو قسەی سەرەوە بۆ خوارەوەی ئەم حزبە بەستنی كۆنگرە بە حەتمی و گرنگ دەزانن، بەڵام هەنگاوی كرداری بۆ نەنراوەو بارودۆخ و قەیران و زۆرێك لە كێشەكانی تر هۆكارو بەربەست و پاساو بوون بۆ دواخستن و نەبەستنی كۆنگرە، كە لەراستیدا ماوەیەكی زۆرە بەهۆی بارودۆخی ناوخۆی یەكێتی و بارودۆخی خەڵك و جەماوەری ئەم حزبەوە هیچ پاساوو بیانوویەك نەماوە بۆ بەستنی كۆنگرەو خۆنوێكردنەوەی یەكێتی، چونكە دەزانین یەكێتی وەك هێزێك كە بە ئێستاشەوە بە كێشەو بێشەكانی خۆشییەوە هێزێكە پەراوێزخستن و دوورخستنەوەی لەهەر پرۆسەیەك باجی خۆی هەیە، چونكە دەزانین دامەزراندنی یەكێتی لەسەردەمێكدا بوو كە سەردەمی تاریكی و نائومێدی بوو، بەڵام مەخابن ئێستا ئەم هێزە ئەو ئومێدو هیوایەی وەك جارانی لەسەر بینا ناكرێت بەهۆی ئەو كێشەو نەخۆشیانەی بەربوونەتە جەستەی كە هەم لەسەر ئاستی ناوخۆی و ئاستی دەرەوەش ئەم هێزە قەیرانی قوڵی هەیەو پێویستی بەچارەسەری بە پەلە هەیە، كە بتوانێت لە ڕووی حكومەتداری و حزبایەتییەوە پێویستی بە سەرپێ‌ خستنەوە هەیە..
تا ئەم چركەساتەشی لەگەڵ بێت، ئێمەی یەكێتییەكان لەسەر ئەو رابردووە پرشنگدارە دەژین كە مام بۆی بەجێهێشتووین، نەمانتوانیوە لەسەر ئەو رابردووەوە یەكێتی ئامادە بكەین بۆ داهاتوو..
من وێڕای ئەوەی لەم یادە پیرۆزەدا پیرۆزبایی لە كەسوكاری شەهیدە سەربەرزەكانی و كادرو ئەندامە دڵسۆزەكانی حزبەكەم دەكەم، داواكارم لەپاش ئەم یادەوە ئێمەی كادری یەكێتی بەوپەڕی جەسارەتەوە، بەوپەڕی هەستكردن بە بەرپرسیارێتی حزببیەوە فشارو كارەكانیان لەسەر سەركردایەتی ئەم حزبە چڕ بكەنەوە بۆ ئەوەی یەكێتی كگۆنگرەی خۆی ببەستێ‌ و چیتر رێگەنەدرێ‌ ئەم حزبە بەمشێوەیەی ئێستاو بەم كێشانەی ئێستایەەوە بەردەوام بێت، یەكێتی بكرێتەوە هێزی خەڵك و جەماوەرەكەی، یەكێتی بخرێتەوە سەر ئەو رێچكەیەی كە مام و رێبازەكەی مام بكاتەوە سەرمەشقی كارەكانی، یەكێتی پێویستی بە بەخۆداچوونەوەی تەواو هەیە لە هەیكەلی ئیداری و بەڕێوەبردنی خۆیدا، پێویستی بە بەرنامەی نوێ هەیە بۆ كاری حزبایەتی و سیاسەتكردن، پێویستی بەخەڵكی نوێ‌ و خوێن و دەرفەتی نوێ‌ هەیە، یەكێتی پێویستی بە دروستكردنی كادرو خەڵكی یەكێتیانەو حزبییانە هەیە، بۆ ئەوەی دەربازی ببێت لە كادری دەربارو سیاسەتوانی بازرگان و بەرپرسی نابەرپرس...
ئەبێت ئێمەی یەكێتی كاربكەین كۆنگرە بكرێتە ئەمری واقیع و لەپێش هەموو كارەكانی ئێستای یەكێتی بزانین، گەر بمانەوێت حزبەكەمان لەوە زیاتر تووشی قەیران و دواكەوتن لەكاروانی خەباتی سیاسەت و خزمەتكردنی خەڵك دوانەكەوێت، ئەبێت جگە لەداواكاری كۆنگرەو گەڕاندنەوەی شكۆ بۆ كاری حزبایەتی و پابەندبوون بە دیسپلینە حزبییەكان و فەراهەمكردنی دادی كۆمەڵایەتی و دووركەوتنەوە لە پیاوپیاوێنەو باڵباڵێن، هیچ كارو هەنگاوێكی تر دادی یەكێتی و یەكێتییەكان نادات، ئەبێت داوا بكەین و كاربكەین بۆ ئەوەی نەهێڵین لەوە زیاتر كەلێنی نێوانی خەڵك و یەكێتی هێندەی تر زیاترو فراوانتر بكرێت....
ئەوەی لە كۆتایی ئەم چەند دیڕەدا بە گرنگی دەزانم كە ئاماژەی بۆ بكەم ئەوەیە، یەكێتی هێزێكە بە هەموو ئەو كێشانەشی كە هەیەتی، خاوەنی جەماوەرێكی ئازاو ئازادو لەخۆبووردووە، كە هەمیشە بە برینەكانیشییەوە یەكێتی پێویستی پێیسان بووە دەست لەسەر برینەكان بۆ سەرخستنی یەكێتی كاریان كردووە، جگە لەوە دەیان خاڵ و ئاماژە ئەتوانم ریز بكەم یەكێتی جیا بكاتەوە لە هەموو هێزەكانی تری ئەم وڵاتە، بەڵام ئێمەی یەكێتی وا پەروەردەكراوین كە رەخنە لەخۆگرتن و دەستخستنە سەر برینەكانی خۆمان بەئامانجی دروستكردنی فشارو كاری بەردەوام بۆ خۆنوێكردنەوەو چاككردن و ساڕێژكردنیان بكەینە ئامانجی كارەكانمان، فێری ئەوە بووین كە ئەم حزبە نابێت بە قسەو فریوی ئەوانەی كە تا ئەو كاتە یەكێتین كە پۆست و ئیمتیاز وەردەگرن، درێژە پێدەری كێشەكانی ئەم حزبە بین، ئەبێت یەكێتی ببێتەوە هێزێك كە شكۆ بۆ كاری حزبایەتی لەم هەرێمە بگەڕێنێتەوە، ئەبێت یەكێتی ببێتەوە ئەو هێزەی كە هێزەكانی تری فێری كاری خزمەتگوزاری خەڵكی دەكرد، بە خۆشم و هەموو یەكێتییەكانەوە دڵنیا دەكەمەوە، گەر وا نەكەین و بەم شێوەی ئێستا ئەم حزبە بهێڵدرێتەوە، جگە لەو رابردوو سەروەرییەی هەمانە شتێكی ترمان بۆ نامێنێتەوەو هەموومان قەرزاری مام و رێبازەكەی دەبین...