سەرلێشێواوی میدیا، لەبارەی بەرنامەکەی کەناڵی نێت تیڤی

لەتیف حسێن 27/03/2019


دەستبردنی نەزانانە بۆ بابەتی كۆمەڵایەتی و كێشەو گرفتی خێزانی و كۆمەلایەتی و كەیسەكانی توندوتیژی دەستدرێژی، لەلایەن هەندێ‌ میدیاوە، كە بەداخەوە جگە لە ئامانجێكی مەبەستداری خراپ كە دواجار كاریگەری خراپی كردۆتەسەر ئاسایشی كۆمەڵایەتی و بڵاوكردنەوەی ترس و دڵەڕاوكێ‌ و نەهێشتنی متمانە لەناو چین و پێكهاتەكانی كۆمەڵگادا نەیتوانیوە خزمەتێك بەئامانجی دۆزینەوەی چارەسەركردنی كێشەو گرفتەكان بدۆزرێتەوە...
دەیانجارو سەدانجاریش بەدەنگی بەرزو لە شوێنی جیاوازو لەرێگەی جۆراوجۆرەوە، مەترسییەكانی كاری بەناو میدیای هەندێ‌ لەكەناڵەكانمان خستۆتەڕوو، بەتایبەت ئاراستەی حكومەت و بەتایبەتتر وەزارەتی رۆشنبیریی كراوە، كە بەداخەوە ئەم وەزارەتە بەپاساوی نەبوونی یاسا، ناتوانێت لێپێچینەوە لەهەموو ئەو كەناڵانە بكات كە تاوانی گەوروە بەرامبەر بە كۆمەڵگە ئەنجام دەدەن و هۆكارن بۆ سەرهەڵدانی دەیان كێشەی خێزانی و بەلاڕێدابردنی هەرزەكارو گەنجانی ئێمە بە بێ‌ گوێدانە هیچ بەهایەكی كۆمەڵگە....
كەناڵی نێت، چەندینجار قسەی لەبارەوە كراوە، بەجۆرێكی لێهاتووە كە دەبێت دەست لەوە بشۆیت كە ئەم كەناڵە بە رەخنەیەك بەخۆیدا بچێتەوەو گوێیەك بگرێت لەوەی كە داخۆ ئەم هەموو رەخنەو داواكارییە چییە لەسەر ئەم كەناڵە هەیەو بە ئەنجامدانی تاوان بەرامبەر بە كۆمەڵگە باسدەكرێن، كەچی لەبری ئەوە پێمان دەڵێن كەناڵەكەمان لە ئێوە گەروەترەو ئێمە هەر سور ئەبین لەسەر كارەكانی خۆمان، بێگومان ئەمانە ئەم قسانە لەخۆوە ناكەن و دەزانن پشتێكی باشیان هەیەو لەبەرپرسانەوە تا ئەوانەی تر كە خۆیان بەچالاك و شتی تر دەزانن سەرەو نۆرە دەگرن تا ئەو كەناڵە تێلێكیان بۆ بكات بۆ بەرنامەیەك، ئیتر چۆن زاتی ئەوە دەكەن پێیان بڵێن:
بەڕێزان كەیسی توندوتیژی و دەستدرێژی سێكسی بۆ كەناڵێكی وەك ئێوە نابێت كە خۆشتان نازانن دەتانەوێ‌ چ پەیامێك بڵاوبكەنەوە، رۆژێك هونەرمەندان و مۆدێلەكان و خەڵكی تر بە شەڕ دەدەن، رۆژێك درامای مەگەر هەر خۆتان بزانن پەیامەكەی چییەو بۆ چ مەبەستێكە بڵاو دەكەنەوە، دەیان رۆژیش لای ئێوە هەڵپەڕكێ‌ و شایی و لۆغانە ....تاد...
ئەرێ‌ خێرە دەتانەوێ‌ لە رێگەی ئەم كەناڵەوە دوو خانم بێنن و بەناوی كاری میدیاو خەمخۆی بۆ كۆمەڵگەوە باس لە حاڵەتۆكەیەك بكەن، كە كۆمەڵگەی كوردی بەتەواوەتی دوورە تەنانەت لەباسكردنیشی، ئێوە هاتوون و بەبێ‌ حسابكردن بۆ ئەوەی بڵاوكردنەوەی ئەم چیرۆكانە ئەگەر راستیش بێت، خەڵك و كۆمەڵگە دەخەنە مەترسی و دڵەڕاوكێوە، (زینا محارم) كراوەتە بابەت و بە حسابی خۆتان خەمخۆرن بۆ ئەم بابەتەو وەك مەترسی دەزانن لەسەر كۆمەڵگە، لەكاتێكدا بە هەموو پێوەرە كۆمەڵناسییەكان ئەم بابەتانە پێویستیان بەچارەسەری تایبەتی ئەو كەسانە هەیە، كە كارەكە ئەنجام دەدەن و ئەوانەشی بەرامبەریان كراوە، چونكە حاڵەتێكی وەها دەگمەن كە ئەگەر لە كوردستان و كۆمەڵگەی خۆشمان و تەنانەت دەوروبەرو دنیاشدا شتێكی وا شۆكهێنەر رووبدات، مامەڵەی تایبەت لەگەڵ ئەو كەسانەدا دەكرێت دوور لەخەڵك تەنانەت دوور لەهەندێ‌ دەوروبەرو نزیكی خۆشی، چونكە ئەمانە قوربانین و كەیسی زۆر تایبەتن، بەڵام لەبەر ئەوەی ئێوە دەتانەوێ‌ لەرێگەی ئەم چیرۆكانەوە خۆتان بێننەوە ناو باس و كۆمەڵگە بخەنە دڵەڕاوكێوەو دراوسێ‌ و كۆڕان و كچانی ئێمە بخەنە ژێر هەموو ئەو پرسیارانەی كە لە دراماكانی ئێوەوە بۆیان دروست بووە...
لەڕاستیدا خۆشبەختانە یەكێكم لەوانەی كە نەك بە ژیانم نەچوومەتە ئەم كەناڵە بەڵكو زۆربەی جارەكان خۆشم لە تەماشاكردنی پاراستووە، بەڵام بەو حوكمی كاری میدیایم جارجارە یان بەتایبەتی ئەمجۆرە كارانەم بۆ دەنێرن، یان خۆشم دەمەوێ‌ بزانم ئەم كەناڵە دەیەوێت بەخۆیدا بچێتەوە، بۆیە زۆربەی كاتەكان نەمویستووە بە وشەیەكیش باس لەم كەناڵە بكەم، بەڵام هەندێ‌ كاری ناپیشەیی و خراپ دەبینم هەست بەیتاوان ئەكەم، كە ئەزعەفول ئیمان نەتوانم دووقسەی لەسەر بكەم...
هەمووجارەكان ئەوەم وتووەو دووپاتی دەكەمەوە، لە پێشی پێشەوە حكومەت و وەزارەتی رۆشنبیریی بە بەرپرس دەزانم و دەیانجاریش لە رێگەی پەیوەندی تایبەتی خۆمەوە مەترسی ئەم كەناڵانەم پێیان گەیاندووە لە وتەبێژەكەیانەوە تا دەگاتەوە جەنابی وەزیر، جگە لەمانیش هەموو ئەوانەی نۆرە بۆ چوونە ئەو كەناڵە دەگرن بە بەرپرس دەزانم كە ناتوانن بە وشەیەكیش بێت بەوانە بوترێت كە زۆربەی كارەكانی ئێوە زیانی بە كۆمەڵگە گەیاندووەو پێویستە بەخۆتان و پلان و كارتاندا بچنەوە...
بێگومان دەتوانم بە زمانێكی تریش ئەمانە بنووسم، بەڵام ئەخلاق و پیشەو كارەكەم هەرگیز رێم نادات و مەبەستی بەردەوامی منیش لە رەخنەكردن تەنها ئامانجی راستكردنەوەی هەڵەكانە نەك خوانەكردە شكاندن و ئیهانەكردنی هیچ كەسێك، بەتایبەتی كە خۆم ساڵانێكی زۆرە لەناو میدیادا كار دەكەم رێزی هاوپیشەكانم دەگرم، بەڵام ناتوانم چاو لە ئاستی هیچ شتێك و هیچ كەسێكدا دابخەم و كە بیەوێت زیان بە خەڵك بگەیەنێت و قسەو هەڵوێستی خۆمم نواندووە، لەكاتێكدا ئەمە ئەركی هەموو لایەكە نەك چەند كەسێك..