ئۆجەلان لەتیرۆریستەوە بۆ بەڕێز ئۆجەلان

هاوکار فایەق 21/05/2019


هاوكار فایەق
ساڵانێكە ئەنجومەنی ئەوروپا بۆ مافەكانی مرۆڤ لەهەوڵدایە بۆ لابردنی گۆشەگیری سەر ڕێبەری پەكەكە عەبدوڵا ئۆجەلان و ماوەیەكی زۆریشە بەفەرمی و نافەرمی لەهەوڵدایە بۆ بینین و سەردانیكردنی ئۆجەلان بەڵام لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە هەر جارەو بەبیانویەك ڕێگەیان لێگیراوە، ئەی چ خێرە لەماوەی شەو و ڕۆژێكدا لەلایەن دەسەڵاتی توركیاوە بەفەرمی داوەتی ئەم ئەنجومەنە دەكات بۆ بینینی ئۆجەلان و كۆشكی كۆماریش لەوتەكانیدا ئۆجەلانی تیرۆریست دەكاتە بەڕێز ئۆجەلان.
لەدوای ئەم ڕوداوانەش ڕێگە بەپارێزەرەكانی ئۆجەلان دەدرێت سەردانی بكەن وئەویش لەڕێگەی پارێزەرەكانیەوە توانی پەیامێكی گرنگ ئاڕاستەی گەلی كورد و دەوڵەتی توركیا بكات.
ئەم سەردانانەو پەیامەكەی ئۆجەلان و دوبارەكردنەوەی هەڵبژاردنەكانی ئیستەنبوڵ لەژێر فشاری دەسەڵات پێم وانیە ئەمانە هەمویان ڕێكەوتی یەك لەدوای یەك بن ، ئەمانە هەموی بەشێكن لە یارییە بێماناكانی ئاكپارتی كە لەداهاتودا ڕاستیەكان دەردەكەون.
بەڵام من دڵنیام ئاكپارتی تەنها كات بەفیڕۆ دەدات خۆی ماندو دەكات و وەك بڵێی شانسێك بەخۆی دەدات كە ئەمجارە بۆ بەدەست هێنانی ئیستەنبوڵ بەشێوەیەك لەشێوەكان بتوانێت دەنگی كوردەكان بەدەست بهێنێت.
كورد ئێستا لەتوركیا زۆر لەوە وشیارترە كە ئاكپارتی بیەوێت جارێكیتر بەناوی ئاگربەست و ڕێكەوتنەوە بەكاریان بهێنێت بۆ بەرژەوەندی و مانەوەی خۆی  لەدەسەڵات.
ئەردۆگان دەیەوێت بەناوی دینەوە دەنگی كوردە موحافیزكارەكان بۆ خۆی مسۆگەر بكات، ئەگەرچی تاڕادەیەكی زۆر لەمەدا سەركەوتوو بوە، بەڵام  گەلی كورد ساڵانێكە بەدەست زوڵم و ستەمی ئەم دەسەڵاتەوە دەناڵێنێت ، هیچ كوردێكی مەرد نابێت دەستگیركردنی سەركردەكانی و ئەو ڕوداوانەی كە بەسەریان هێنراوە لەلایەن ئەم دەسەڵاتەوە لەبیر بكات.
ئاكپارتی بەنیازی یارییەكی تازەیە لەگەڵ كوردەكان دەنا بۆ لەم كاتەدا وەزیری دادی توركیاڕایدەگەیەنێت كە گۆشەگیری دژی مافەكانی مرۆڤە و پێویستە هەڵبگیرێت و لاببرێت ، گەر بەنیازبوون گۆشەگیری لابەرن لەسەر زیندانیەكان بەتایبەتی لەسەر ئۆجەلان بۆ بەتایبەت لەم سات و كاتەدا لایدەبەن بۆ كاتێك ئۆجەلانتان گۆشەگیر كرد بیرتان لەوە نەكردبۆوە كە ئەمە دژی بەندەكانی مافی مرۆڤە.
كاتێك دەسەڵات كۆمیسیۆنی ڕازیكرد بەدوبارەكردنەوەی هەڵبژاردنی ئیستەنبوڵ ،ئاكپارتی ئێستا وابیر دەكاتەوەكەهەلێكی تری لەپێشەبۆ بەدەست هێنانەوەی ئیستەنبوڵ لەپێناو ئەمەشدا ئامادەیە هەمو كارێكی قێزەون و ڕێكەوتنێكی نەشیاو لەگەڵ هەمو كەس و لایەنێك ئەنجامبدات تەنها بۆ مانەوەی لەدەسەڵات.
وەزیری ناوخۆی توركیاش ڕایگەیاندوە كە دەوڵەت ئەم كاتەی بەباش زانیوە بۆ لابردنی گۆشەگیری ، 8 ساڵە گۆشەگیری بەسەر ئۆجەلاندا سەپێنراوە بەڵام دەسەڵات بڕیاریداوە لەم كاتە گونجاوەدا هەڵگرتنی ڕابگەیەنێت.
وەك خۆیان دەڵێن كە دەوڵەت ئەمكاتەی بەباش زانیوە بۆ لابردنی گۆشەگیری  ئەی ئەو دەوڵەتە گەورەیە بەسەدەها و بەهەزارەها مرۆڤی كورد بۆ لابردنی گۆشەگیری سەر ئۆجەلان مانیان لەخواردن گرتوەو تیایاندایە تا مردن مانی گرتوە و تا ئێستاش چەند كەسێكیان گیانیان لەدەست داوە ئەی چاوی ئەو دەوڵەتە تا ئێستا لەكوێ بوە كە ئەمانی نەدیوە ، یان ئەو دەوڵەتە گەورەو گرانەی كە وەزیری ناوخۆ باسی لێوە دەكات پێویستی بەدەنگی كوردەكانە بۆیە بڕیاری هەڵگرتنی گۆشەگیری دەدات .
دەسەڵاتێك هەمو مێژوەكەی پڕەلەكۆمەڵكوژی و جینۆساید دژ بەگەلی كورد و كوشتن و بڕین و سوكایەتی بەڕۆڵەكانی و زیندانیكردنی سەركردەكانی و سوكایەتی كردن بەپەرلەمانتارانی و سیاسەتمەدارانی، ئیتر بۆ دەبێت كورد پشتگیری لەو دەسەڵاتە بكات بەپێچەوانەوە دەبێت ریسوای بكات.
بەبۆچونی من دەبێت هەدەپە لەئێستادا كار لەسەر تێكدانی ئەو یارییە بكات كە ئاكپارتی بەنیازە دەستی پێبكات و بەهیچ شێوەیەك ڕێگە نەدات مەرامەكانی بۆ بچێتە سەر بەهەمو هێزی خۆیەوە لەسەر ستراتیژی خۆی بەردەوام بێت و پشتگیری و هاوپەیمانی خۆی بۆ جەهەپە دوپات بكاتەوە چونكە سەركەوتنی جەهەپە لەئیستەنبوڵ واتە كردنەوەی ڕێگا بەرەو ئیمراڵی.