ئایا كۆرۆنا ڕێی پێگیراوە ؟

هاوکار فایەق 24/03/2020


گەر بەپێی داتاو ژمارەكان و ووتەی زانایان بێت زۆر باش دەڕۆین لەگەڵی،تا ئێستاش كەس نازانێت كەی مەترسی ئەم ڤایرۆسە كەم دەبێـتەوە و چەند ڕۆژی دیكە قەدەغەی هاتوو چۆ و پابەندبوون بەڕێنماییەكانی تەندروستی تەواو دەبێت، كەس هیچ زانیارییەك نازانێت ، هەر كەس دەدوێنی هیوا دەخوازێت ئەم دۆخە زوو كۆتایی بێت و ژیان لەهەموو جیهان ڕێچكەی خۆی بگرێتەوە.
سوپاس بۆ خوا وەك ئێران و ئیتاڵیا نین و بەپێی ئەو زانیاری و داتایانەی لەجیهاندا هەیە سەبارەت بەنەخۆشیەكە لەوڵاتی چین پێش چەند مانگێك لەمەوبەر سەری هەڵداوە ، لای خۆشمان نزیكەی مانگێكە سەریهەڵداوە و بەهاوكاری خەڵك و حوكومەت توانیومانە تا ڕأدەیەكی باش كۆنتڕۆڵی بكەین.
بەڵام نابێت كەم تەرخەم بین لەئاست جێبەجێكردنی ڕێنماییەكان، دەبێت بەتەواوەتی پابەند بین و لەماڵەكانی خۆمان بمێنینەوە چونكە هەرگیز ئەوە لەیاد مەكە كە تەنها كەسێك دەتوانێت ژمارەیەكی زۆر هاوڵاتی توشی نەخۆشیەكە بكات وهەموشمان ئەمانەمان بەچاوی خۆمانبینیوە.
زۆر گرنگە لەئێستادا توێژینەوە لەسەر ئەو وڵاتانە بكرێت كە نەخۆشیەكەیان تێپەڕأندوە یاخود كەمكردۆتەوە و بەریان پێگرتوە، هەوڵبدەین ئەو هەنگاوانەی ئەوان بۆ لەناوبردنی ڤایرۆسەكە گرتویانەتە بەر ئێمەش لانیكەم چاویان لێبكەین و داوای یارمەتیشیان لێبكەین بۆ ڕوبەڕوبونەوەی دۆخەكە دواجار ئەوان میكانیزمێكیان بەكار هێناوە بۆیە سەركەوتوو بون.
هەرگیز نابێـت توانای ئەم ڤایرۆسە بەكەم سەیر بكرێت چونكە داتای ئەو وڵاتانەمان لەبەردەستدایەكە لەسەرەتای پەیدابونی ڤایرۆسەكە هاوڵاتیانی نەخۆشیەكەیان بەهەند وەرنەگرت و دواجار زۆر بەقورسی باجەكەیاندا ، كاتێك لەئێران بڵاو بویەوە ئەوروپا دەیگوت سیستەمی تەندروستی ئێران لاوازە بۆیە بەو ڕێژە زۆرە مردن تێیدا تۆمار دەكرێت، بەڵام دواجار كە ڤایرۆسەكە گەشتە ئیتاڵیا و ئەوروپا بەگشتی ئیتر بۆیان دەركەوت  كە سیستەمی تەندروستی چەند بەهێزیش بێـت بەبێ جێبەجێكردنی ڕێنماییەكانی خۆپاراستن ناتوانیت بەسەریدا زاڵ بیت بۆیە لەئێستادا زاڵبونی تەواوەتی بەسەر ڤایرۆسەكەدا تەنها جێبەجێكردنی ڕێنماییە تەندروستیەكانە.
چین و سەنگافورە و كۆریای باشور ئەو وڵاتانەن كە لەئێستادا زۆر باش توانیویانە ڕێگە لەبڵاوبونەوەی بگرن و لەهەندێك شوێن ڤایرۆسەكە تەنانەت بونیشی نەماوە كە بەڕاستی ئەم وڵاتانە چەندە گرنگییان بەخۆپاراستن داوە ئەوەندە گرنگیان بەچارەسەركردن نەدا بۆیە سەركەوتوو بون و بەڕاستیش هەستیان بەمەترسی بڵاوبونەوەكەی دەكرد بۆیە دەكرێت ئێمەش سود لەسیستەمی ئەم وڵاتانە وەربگرین .
من ئێستا بۆم دەركەوتوە ئەوە هاوڵاتییە كە بڕیار لەسەر تەمەنی درێژی و كورتی ڤایرۆسەكە دەدات، گەر تۆ بەڕاستی دەتەوێت ئەم دۆخە تێپەڕێنیت تەنها بەنەهاتنە دەرەوەت لەماڵەكەت تەمەنی ڤایرۆسەكە كورت دەكەیتەوە، گەر دۆخەكە بەسەر شانی هەمومانەوە بێت دەتوانین بەئاسانی تێیپەڕێنین.
ئیستا چارەنوسی هەمومان یەك چارەنووسە ئەم ڤایرۆسە دەوڵەمەند و هەژار و بەرپرس و نابەرپرس و ناودارو بێناو و بەهێز و بێهێز ناناسێت وبەجۆرێك لەجۆرەكان هەموی دەدۆزێتەوە.
تكایە خۆتان مەكەن بەپاڵەوانی سەر شاشەكان ، ئێستا كاتی نیە ، دەبێت بیر لەخۆشەویستانمان بكەینەوە بیر لەئازیزانمان بكەینەوە  تا پێكەوە دەست لەناو دەست ئەم ڤایرۆسە بكەینە زبڵدانی مێژووەوە.
گەر بیر لەخۆشت ناكەیتەوە بیر لەو كەسە بێگوناهانە بكەرەوە كە بەهۆی تۆوە توشی نەخۆشییەكە دەبن ،تكایە زیاتر بیربكەنەوە و ڕێنماییەكان جێبەجێ بكەن.
ئێستا كاتی قۆڵ هەڵكردن و یارمەتیدانی یەكترییە بەڕاستی ڕۆژەكەی تەنگانەو نەهاتە بۆ هەموو جیهان، تەنها بەجێبەجێكردنی ڕێنماییەكان دەتوانین هەموومان سەیران و نەورۆزی ساڵی داهاتوو ببینین.
باهەوڵ بدەین ئەو پۆستانەی لەسۆشیاڵ میدیا وماڵپەڕەكاندا بڵاویان دەكەینەوە با پۆستی ئەرێنی و پیزەتیف بن لەسەر كۆمەڵگە، باچیتر نەبینە تێكدانی مۆراڵی خەڵك ، گەر بۆ ماوەیەكیش بێت با لایك و كۆمێنت بكەینە قۆربانی دۆخەكە.