ژن و كۆرۆنا و كۆمەڵگە

هاوکار فایەق 17/04/2020


ن. هاوكار فایەق
من ئامارێكم  لەبەر دەست نییە كە ئایا لەكوردستان ڕێژەی ژنان یان پیاوان بەنەخۆشیەكە چەندە یان ڕێژەی توشبوان بەكۆرۆنا لەپیاواندا زیاترە یان لەژناندا، تەنها ئەوەندە دەڵێم و نزا دەكەم كە ڕێژەی ژنان كەم و كەمترو كەمتر بێت و هەر نەبێت ، چونكە بەدڵنیاییەوە گەر لە بازگەی كۆرۆناش سەركەوتو بن و نەخۆشیكەش تێپەڕێنن ئەوا ناتوانن لەداهاتودا لە بازگەی كۆمەڵگا بەبێ زییان تێپەڕێنن و ڕزگاریان بێت.
لەدوای خوێندنەوەی هەواڵێك سەبارەت بەكچێكی دانیشتوی شاری ئامەدی باكوری كوردستان بڕیارمدا چیرۆكەكەتان بۆ بگوازمەوە و بۆئەوەی چیتر ژنانی دوای كۆرۆنا نەبنە قوربانی دەستی كۆمەڵگە.
مەلەك یەڵدرم كچێكی دانیشتوی ئامەدە و دەڵێت كاتێك پشكنینەكەم دەرچوو كە پۆزەتیف بوو دواتر نەمدەزانی پەیوەندی بەكێوە بكەم ، لەپێشدا بەباوكم بڵێم یاخود بەدایكم دواتر پەیوەندیم بەباوكمەوە كرد دوای قسەكردن وتی كچم نەكەی بێیتەوە ماڵەوە چونكە ئەوانیش دەترسان لەتوشبونیان بەنەخۆشیەكە ، دواتر دایكیشم زانی و وتی كچم نەكەی بەخزم و كەس و كار و هاوڕێیان بڵێی دواتر بۆت دەكەن بەتەپڵ و دوای چاك بونەوەت كەس نایەت بۆ داوات و دواتر هاوسەرگیری ناكەیت ، دایكی ئەوەندە خەمی داهاتوی كچەكەی بوە خەمی كۆرۆنای نەبوە ، چونكە ئەو دەزانێت لەكوێ و لەچ كۆمەڵگەیەكدا دەژی .
مەلەك دەڵێت بۆ ماوەی 13 ڕۆژ لە نەخۆشخانە مامەوە و  دواتر سوپاس بۆ خوا نەخۆشیەكەم تێپەڕاند بەبێ ئەوەی هیچ كەس لەخزم و كەس و كار و نزیك و دور بزانن ،  
ئیتر خۆتان بڕیار بدەن كە ئایا خێزانی توشبوانی كۆرۆنا خەمی چاك بونەوەی كەسەكانیان بێت ین خەمی كۆمەڵگە ی دوای كۆرۆنایان بێت.