جگەرە و ژن

رامان عوسمان 26/12/2018


تاوانەكەی چەمچەماڵ لەم رۆژانەدا لە سۆسیال میدیا قسەی زۆری لەسەر دەكرێت، بەڵام من دەمەوێت مەسەلەكە ببەستمەوە بەشتێكی تریشەوە.
رۆژنامەی رووداو بڵاویكردوەتەوە، ساڵانە بایی 1 ملیار دۆلار جگەرە هاوردە دەكرێت. 
ئەم زانیارییە جگەلەوە لوتكەی فەشەلی ئیدارەی ئابوری هەرێم نیشان دەدات، دەكرێت كۆمەڵێك لێدوانی زیاتری لەسەر بدەین و بیبەستین بەو گرفتە كۆمەڵایەتیانەی رۆژانە رووبەروومان دەبنەوە.
كوردستان ئاوهەوایەكی گونجاوی بۆ بەرهەمهێنانی تووتن هەیە، تا هەشتاكان و رووخاندنی گوندەكانی، توتن گەورەترین كاڵای پیشەسازی- كشتوكاڵی كوردستان بووەو سەرچاوەی سەرەكی داهاتی جوتیاری كورد بووە.(مەسەلەی خراپی لەرووی تەندوستیەوە، ئەوە بابەتێكی ترە، لێرەدا قسە لەسەر رووە ئابورییەكەیەتی)
بەڵام لەسایەی دەسەڵاتی مافیائاسای حزبەكانی كوردایەتیدا، نەك بەرهەمهێنانی ئەم كاڵایە نەما، بەڵكو كلتوری بەرهەمهێنانیشی سڕایەوە!
ئێستاش ساڵی بایی 1 ملیار جگەرە لەدەرەوە هاوردە دەكرێت! ئەگەر وەك جاران كلتوری چاندن و بەرهەمهێنانی توتن پارێزگاری لێ بكرایەو تەكنیكی تازە بگەڕبخرایە، جگەلە جوتیار، دەكرا چەندین كارگەی كوالێتی بەرزی جگەرە دروست بكرێت و دەیان هەلی كار برەخسێت و ئەو پارەیە نەچێتە دەرەوەو بەدوكەڵ نەدرێت و وەك رابردووش تووتنی كوردستان بازاری عیراق و تەنانەت كەنداویش كۆنترۆڵ بكات!
گرفتە كۆمەڵایەتییەكانی كوردستانیش بەشێك لە سەرچاوەكانیان هەر دەگرێـتەوە بۆ ئەم بێ پلانیی بێ تەگبیرییەی ئابوری.ئینسانی كورد بەشی زۆری بووەتە بوونەوەرێكی بەرخۆر ،ژنی كورد بەتایبەت لە كۆمەڵگە بچوكەكاندا كارەساتەكەی لەوە گەورەترە، ناچارە لە چواردیوارێكدا وەك كویلەیەكی سێكسی و كارگەیەكی منداڵخستنەوە ژیان بەسەر بەرێت و هیچ دەرفەتێكی كار و هاتنە دەرەوەی نییە، بۆیە ناچارە هەموو زوڵم و ستەمێكی پیاو قبوڵ بكات، بۆ ئەوەی پاروییەك نانی هەبێت لە پیریدا سواڵ نەكات!
راستە كارەساتی وەك ئەوەی چەمچەماڵ تەنیا دیوی ئابوری نییەو گرێدراوی كۆمەڵێك گرفتی سێكسی و سایكۆلۆژی و كۆمەڵایەتی ترە، بەڵام بەدڵنیایەوە نەبوونی دەرفەتی ئیش و كارو وابەستەی ئابوری هۆكاری سەرەكی ئەوەیە كە ئێمە پیاو و ژنی ئازادمان نییە.ژن ناتوانێت دەستبەرداری مێردێكی توندوتیژی ناحاڵی ببێت و پیاویش ناتوانێت بچێتە ژێرباری ئەو زەرەرە زۆرە داراییەی دەبێت بیدات لەكاتی دەستبەردار بوون لە ژنێك كە بە كەڵكی ژیان كردن لەگەڵی نایەت.
ئەگەر هیچ نا پیشەسازییەكی وەك جگەرەو توتن لە كوردستاندا پارێزگاری لێ بكرایە دەكرا دەیان دەرفەتی كار بۆ ژنان دروست بكات، گوندەكان ئاوەدان بكاتەوەو ئەو زیندانە گەورانەی ژنان (كۆمەڵگە بچوكەكان) ئاوا گەورە نەبنەوە كە بەتەسەوری من سەرچاوەی دەیان كێشەی ئابوری و كۆمەڵایەتی و دەروونین! چونكە هیچ بنەمایەكیان نییە جگەلە بەرخۆری!