تۆ ئەی چەكداری فاشلترین دەوڵەتی دنیا

تۆ ئەی چەكداری فاشلترین دەوڵەتی دنیا، تۆ ئەی نەوەی كُنتُمْ خَيْرَ أُمَّةٍ أُخْرِجَتْ لِلنَّاسِ، تۆ ئەی نەوەی جەلادەكانی رابردووی هەزار ساڵە، تۆ ئەی كوڕی ماڵێكی پڕ ئاژاوەو وڵاتێكی كاول و قەومی زۆر بڵێ ، چ روویەكی قایم و چ ئەقڵێكی شۆڤێنی و هیچت هەیە...كە لەسەر گۆڕی دایك و كیژانی ئەنفال، بەگژ پارچە پەرۆیەكدا دەچیتەوە، تۆ پەرۆیەكی جیاوازت قبوڵ نەبێ ئەدی چۆن مرۆڤ و كلتوری جیاوازت قبوڵ دەبێ؟! ئەو ئێس و پروسكانەی تەنیشتت هیچ تاوانیان نەبوو، تەنیا ئەوە نەبێ زمانیان لەوەی ئێوە نەدەچوو، جلو بەرەگە شڕو پیناوییەكەی بەریان جیاواز بوو...هەر بۆیە سمێڵ كلكەمشكێكی بێ مێشكی وەك تۆ، لەهەمان رەچەڵەك و هەمان ئەقڵ، ئەو كات چەكداری سەید رەئیس، لە نیوە شەوێكدا لەو بیابانە وشكە بێ فەرەدا، نوقمی مەرگی كردن!!! ئای دەبێت ئەو كیژۆڵە مندڵانە لەنێوان دەنگ و وشە قوڕس و ناخۆشەكانی ئێوەدا چەند هاواریان كردبێت و نە لە ئەرزو نە لە ئاسمان كەس نەیبیستبێ، زەحمەكە لەو دونیاش كەس تێیان بگات...چونكە هێشتا زۆرینەتان هەیە كە پێی وایە ولسان أهل الجنة عربي!!!!
من تەنیا شوكرانەی ئەمریكا دەكەم، ئەگەر ئەو نەبوایە، ئێستا یان كەلە سەرمان لەو بیابانە، قۆڵتە چاڵەكانی چاوی لە ئاسمان كردبوو، یان جوندییەكی تۆ و سەید رەئیس دەبووین و لە معرەكەیدا دەبووین بە قوربانی كەرێتیتان....زۆر دوور نارۆم بۆ مێژووی دوور نەبادا جاشە دیندارەكانی ئێوە تەكفیرمان بكەن...هەر هێندە دەڵێم رووی بابی بریتانیا رەش كە ئێمەی گیرۆدەی دەستی ئێوەكرد...بەڵام دڵنیابە هەتا هەتایە نەعلە نایلۆنەكانی كیژە ئەنفالەكان لەیادمانەو هەرگیز هەرگیز شانازی بە ناسنامەی وڵاتە كاولەكەتانەوە ناكەین...با ئەمرۆ سیاسەت و دنیای بەرژەوەندی وابەستەمان بكات.....
********
سەرنج: من قەومچی نییم، پێداگری لەسەر سیاسەتی پراگماتیكی دەكەم...بەڵام ئەم رووداوەی سەر گۆڕی ئەنفالەكان زەنگێكی زۆر مەترسیدارە، پێمان دەڵێ ئەقڵی فاشیزم لە عیراقدا نەك لەناو نەچووە، بەڵكو وەك بۆماوە نەوە بۆ نەوە دەگوازرێتەوە....