گوڵەكەی عەشایەر

رامان عوسمان 25/07/2019



هەركەسێ دەزانێ، ژنانی كورد بەتایبەت خێڵە كۆچەرییەكان، چ پاڵەوانانێكی بێ ناونیشان بوون، چی مرۆڤ گەلێكی مەزن بوون كە سەرەڕای چەوساندنەوەی لەبڕان نەهاتووی پیاوسالارانەو خێڵەكیانە، چۆن شانیان دابووە بەر سەختیەكان و كۆڵەكەی بنەڕەتی ژیان بوون ...

خانم سەحەر رەشیدی تۆرەمەی ئەو پاڵەوانانەیە، نمونەی مرۆڤێكی بە ئیرادەو خۆڕاگرو خۆ دروستكەر و كۆڵنەدەرە، كە دەكرێت چیرۆكەكەی وانەو پەندێكی بەنرخ بێت بۆ هەركەس....ئەو شانازییەكی تری ژنانی كوردە.

سەحەر یان سەوسەن ئەو كچە عەشایەرەی كوردی كرماشانە كە خاوەنی 17 پاڵەوانێتی كیك بۆكسێنە لەسەر ئاستی ئێران.

چیرۆكەكەی لەمیدیاكاندا دەیان جار باسكراوە، هەرچەندە زۆرینەی كوردی باشور لەبەر هەڵقەی توركی ئاگای لە پاڵەوانەكانی خۆی نییە.

سەحەر، تەمەنی 25 ساڵێكە، لەهەلومەرجێكدا ژیاوە تەنانەت ناو و ناسنامەكەی هی خۆی نییە، بەرلە خۆی خوشكێكی 2 ساڵ گەورەتری دەبێ بەناوی سەوسەن، ئەو وەفات دەكات، كە ئەو لەدایك دەبێ خێزانەكەی ناسنامەو ناوكەی بۆ ئەم بەكاردەهێنن و بەم هۆیەشەوە لە دەزگا فەرمییەكاندا بە سەوسەن ناوی دەبرێت.

سەوسەن، كچی بنەماڵەیەكی هەژاری كۆچەری كرماشانە، بابی مەڕوماڵاتی خەڵك بەخێو دەكات و لەنێوان كرماشان و خوزستان هاتووچۆ دەكەن.
سەوسەنی منداڵ هەرچۆنێك بێت لە گوندەكانی ئەو ناوچەیە دەچێتە بەر خوێندن و بەیانیان دەخوێنێ و دوای خوێندن، خەریكی كاروباری ماڵ و ئاڵفدان و جێ ماڵین و دۆشینی مەڕوماڵات و نان و هەویر دەبێ...
سەحەری بچكۆلە لە رەشماڵەكەیاندا تەلەڤیزیۆن نابێ، بەڵام بەرێكەوت لە شوێنێك فلمی بروسلی چاو پێدەكەوێ، لەو كاتەوە عاشقی كیك بۆكسێن دەبێ و لەبەرخۆیەوەو لەنێو مەڕوماڵاتدا جوڵەی وەك بروسلی دەردەهێنێ، بابی پێی وایە شێت بووە و پێی پێدەكەنێ....

رۆژێك دەچێتە ماڵی خاڵی لە كرماشان، كیژەخاڵی وەرزشكارەو دەچێتە هۆڵێكی راهێنانی كیك بۆكسێن، ئەویش ئەو رۆژە لەگەڵی دەچێ، كە هۆڵی راهێنانی وەرزشە خۆشەویستەكەی دەبینێ وەك ئەوەیە بەهەشتی دۆزیبێتەوە ...بیانوو بە دایك و بابی دەگرێ كە لەمەدرەسەی گوندەوە بیگوازنەوە بۆ شارستان بەبیانووی ئەوەی كوڕان لە مەدرەسەی گوند گێچەڵی پێ دەكەن، بەڵام راستیەكەی بۆ ئەوە دەبێت بچێت بەرەو خولیا گەورەكەی...

دەچێتە هۆڵی راهێنانەكە، بارودۆخی خۆی و خێزانەكەی بە مامۆستاكەی رادەگەیەنێت و بۆی روون دەكاتەوە كە توانای ماددی نییە، بەڵام خولیا و توانایەكی گەورەی بۆ ئەو وەرزشە هەیە، مامۆستا هەرچۆنێك بێت رازی دەبێت كرێی مانگانەی لێ وەرنەگرێت...چەند ساڵێك بەم جۆرە خوێندن و راهێنانی كیك بۆكسێن تێكەڵ دەكات بێ ئەوەی خێزانەكەی پێ بزانن....
ئەو لەیاریەكەیدا پێش دەكەوێ، خێزانەكەی پێی دەزانن، دەكەونە بەر توانج و قسەو قسەڵۆكی خەڵك و خزم و ناسیاو : چۆن دەبێ كیژ مانتۆو جلی شاری لەبەر بكات و خەریكی وەرزش بێت؟ كوا وەرزشی كیك بۆكسێنی كچانە هەیەو خوا دەزانێـت دەچێتە كوێی تر؟! بابی داماو ناچار دەبێ چەند رۆژێ كیژی نازدارو سالاری لە ماڵ بەند بكا....بەڵام ئەو پێداگری دەكات، باب دەزانێ فایدەی نییە...ئەوجار هەموو رۆژێك خۆی لە رەشماڵەوە دەبیات بۆ هۆڵی راهێنانەكەو بە ئارامییەوە لەبەر دەرگا چەندین كاتژمێر چاوەڕوانی دەكات تا راهێنانەكەی تەواو دەبێ...دایەش هەموو ئەو پارەیەی بە دزییەوە كۆی كردوەتەوە دەخاتە بەردەستی تا خەرجی راهێنانەكەی بكێشێ....
سەوسەن، ناتوانێ خوێندن تەواو بكات، لەبەر هەژاری و دۆخی خراپی خانەوادەكەی، بەڵام واز لە وەرزشەكەی ناهێنێ بە پشتیوانی باوك و دایكی...
وردە وردە دەچێتە پێش و تا ئەو ئاستەی 17 پاڵەوانێتی لەسەر ئاستی كرماشان و هەموو ئێران دەباتەوەو ساڵێ 2018 پلەی یەكەمی هەموو ئێران بەدەست دەهێنێت و ئێستا خەونی بوون بە پاڵەوانی جیهانی هەیە.
بەڵام بەدەستهێنانی ئەو هەموو خەڵات و پلەیە هیچ بەهایەكی ماددی لەگەڵ نەبووە بۆ خانم و ئەو ناچار ئێستا خۆی هۆڵێكی راهێنانی ئەو وەرزشەی لە كرماشان كردووەتەوە، بەڵام هێشتا دەست بەرداری ژیانی كۆچەری نەبووەو عەسران و كاتی بەتاڵ دەچێتەوە بۆ نێو رەشماڵ و كاروباری ئەوێش رادەپەڕێنێ، خۆشی دەڵێ زۆر حەز بە ژیانی شار ناكات و ژیانی كۆچەری بە ژیانی شار ناگۆڕێتەوە.
ئەو ماوەیەكی كەمە هاوسەرگیری كردووەو هاوسەرەكەشی پشت و پەنایەتی بۆ وەرزشەكەی...
سەوسەن رەشیدی ئێستا ناوێكی ناسراوەو دایان كەناڵی ئێرانی و بیانی چاوپێكەوتنیان لەگەڵ كردووە...چیرۆكەكەی سنورەكانی بڕیووە.
بەڵام داخەكە ئەوەیە هیچ كەناڵێكی ئێرانی ئەم خانمە پاڵەوانە وەك كچە كوردێك ناناسێ یان دەڵێن كچە عەشایەرێك یان كچە لەكی زمانێك ئەمەش لەچوارچێوەی ئەو سیاستەی ئێران پەیڕەوی دەكات بۆ جیاكردنەوەی كوردی لەك و لوڕ لەكورد...لەكاتێكدا میدیای ئەڵمانی لەراپۆرتەكانیاندا ئەم خانمە وەك كچە كوردێك دەناسێنن ....

ئەم خانمە كە خۆی خۆی پێگەیاندووە نمونەیەكی جوانە بۆ چاولێكەری