مردنی جۆرج بوش‌و.. بەراوردێكی سەردەم‌و سەرۆكەكان

مەلا بەختیار 04/12/2018



جۆرج بوشی باوك، (30/11/2018) كۆچی دوایی كرد. ئەمریكاو تەواوی جیهان، لەسەر مەرگی ئەم (41)ەمین سەرۆكەی ئەمریكا، قسەیان هەبوو. من دەمەوێ‌، وەكو كوردێك، دیوێكی باسنەكراوی مەرگی سەرۆك بوش، باسبكەم.
چەپەكانی جیهان، لەسەدەی بیستەمدا، هەمیشە دژی وڵاتانی زلهێزی سەرمایەداری بوین. دژی حكومەتە پاشایەتیەكان بوین‌و ئامانجی سەركەوتنی حكومەتە كۆماریەكانمان هەبوو. بەڵام روداوەكانی مێژوو لە خەوی ئایدیۆلۆژی رایچڵەكاندین. بڕوانن:
كە جەنگی یەكەم تەواودەبێ‌، "ورد وڵسن"ی سەرۆكی ئەمریكا لەكۆمەڵەی گەلان، داوای چارەسەركردنی كێشەی كوردو ئەرمەن‌و فەلەستینی دەكرد، لەوكاتەدا، شۆڕشی ئۆكتۆبەرو لینین، پشتیوانی رژێمی كەمالیەكانیان دەكردو رێكەوتنی لۆزانیان قبوڵكردو شۆڕشە چەكداریەكانیان لەبەشەكانی كوردستاندا، بەدەسیسەی بەریتانیا دەزانی. كەچی، سەركردەكانی پارتی كۆمۆنیست‌و چەپەكانی كوردستان لەسەردەمی (شۆڕش)‌و (رزگاری)‌و پاشان (پارتی) هەتا روخانی بلۆكی شورەوی، بە شان‌و باهوی شورەویدا هەڵیاندەداو دژایەتی ئەمریكاو بەریتانیایان دەكرد.
هەرگیز شورەوی، ستراتیژێكی بۆ چارەسەركردنی كێشەی كوردستان نەبووە. بەڵكو پەیوەندی باشی لەگەڵ حكومەتە داگیركەرەكانیشدا هەبووە. بەڵام بەناو بەشێكی چەپەكانی كوردستان، دۆگمی ئایدیۆلۆژی بەرینەدەدان‌و چاوی پاشكۆیەتیان لەئاست روداوەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، داخستبوو.
ستالین، لەگەڵ (قەوام سەڵتەنەت)ی سەرۆك وەزیرانی شا رێكدەكەوێ‌‌و كۆمارەكانی كوردستان‌و ئازەربایجان دەفرۆشێ‌؛ بەداخەوە، دوای ئەوەش، چەپەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان‌و باشوریش، عاریان نەنا و لە مۆتەكەی شورەوی رزگاریان نەبوو.
لەدوای مەرگی ستالینەوە، شورەوی، هەتا دەڕوخێ‌، بەپاساوی بەرەو سۆسیالیزم لێخوڕینی وڵاتانی سەرمایەداری دەوڵەتی، پشتیوانی داگیركەران‌و سەكوتكەرانی دیموكراسییان دەكرد.
هەتا جەنگی سارد ئاوا دەبێ‌، رۆژئاواو رۆژهەڵاتی جیهان، پێشێلكەری مافی چارەنوسمان‌و دوژمنی خەباتی دیموكراسی لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بون. چونكە، بۆنی نەوت كاسی كردبون!!
لەدوای جەنگی ساردەوە، بەرژەوەندی وڵاتانی گەورە، وەرچەرخا بۆ كۆنترۆڵكردنی بازاڕەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە سیاسەتێكی سەرمایەداری نوێچەشن‌و باسی سیستەمی نوێی جیهانیشیان دەكرد (پێش جیهانگیری). وەلێ‌، هەتا دوا قەڵای كامپی سۆسیالیستی نەڕوخا، ئەم سیستەمە تۆتالیتاریانە، لمۆزیان لە ئاخوڕی سەرمایەداری دەوڵەتی بەعس‌و بەعس ئاساكان، لانەدەبرد.
وا چاكە، بەرژەوەندییە ئابوریەكان زۆر جار، بەناچاریی سیاسەتە هەڵەكان راستدەكاتەوە. دوای جەنگی سارد، هاوكێشە ئابوری‌و سیاسیەكان گۆڕدران. رێك لەوكاتەدا، سەدام هەڵەیەكی ستراتیژیی كردو كوەیتی داگیركرد. حساباتی سەدام، هی سەردەمی جەنگی سارد بوو. نەیزانی، بەرژەوەندی‌و سیاسەتەكان دەگۆڕێ‌. ئیدی دوای داگیركردنی كوەیت، بەختی كورد كرایەوە. سەرۆكی كۆچكردوی پێشوتری ئەمریكا، لەم هەلومەرجەدا، رۆڵێكی مێژوویی بۆ شكستی سوپای عێراق، گێڕا. لەمكاتەشدا، گۆرباتشۆفی پروستریكا، هەر خەریكی خنەخنی بوو لەدەوری سەدام‌و ئەسەدو سەرانی دیكتاتۆری تر. واتا: جیهان گۆڕدرابوو. بەڵام سیاسەتی راستڕەوانەی جارانی شورەوی‌و روسیای ئەوسا، هەم لە ئەنفال‌و كیمیاباراندا، هەم لە كۆڕەوی (1991)دا گۆڕانكاری بەسەردا نەهات. بڕیاری (688) فەرەنساو ئەمریكا دایان‌و ناوچەی دژەفڕینیان سەپاند. نەوت بەرامبەر خۆراكیان دەستەبەر كرد. دانیان بە فیدراڵ نا. رێكەوتنامەی واشینتۆنیان سەپاند.
كاتێك ئاوڕ لەو سەد ساڵەو لەدوای جەنگی سارد دەدرێتەوە، هەم دەوڵەتانی سەرمایەداری سودیان بۆمان زۆر بووە. هەم وڵاتانی كۆماری زیانیان لە پاشایەتی زیاتر بووە. بۆیە، پێویستە بڵێین: هەندێك هێزو سیاسەتمەدار، هیچ نەبێ‌ بەقەد سەگەكەی بوشی باوك، وەفایان بۆ سەرۆكی باوك‌و كوڕ هەبێ‌، كە سەدامیان لەكۆڵ كردینەوە.